خواردنى پاكژ

وەك چۆن گرنگە بزانين كەى دەخۆين و چەندە دەخۆين، هێندەش گرنگە بزانين چى جۆرە خۆراكێك دەخۆين، ئايا ئەو خۆراكەى دەيخۆين تەندروستە؟ چۆن هەڵگيراوەو بە چ چەشنێك مامەڵەى لەگەڵ كراوە؟ چونكە زۆرجار هەرچەندە رێكارەكانى كەمخۆريى و رێكخۆريى بگريتەبەر، بەڵام كاتێك خواردنەكە ناتەندروست بوو، سوودێكى ئەوتۆ لەو رێكارانەى پێشوو نابينيت و دوچارى نەخۆشيى دەبيت.

بوخارى لە صەحيحەكەيدا بابێكى تايبەت كردووە بەم ناونيشانەوە (باب ما كان النبي صلى الله عليه وسلم لا يأكل حتى يسمى له فيعلم ما هو)، (بەشێك سەبارەت بەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شتێكى نەدەخوارد هەتا ناوى خواردنەكەى پێ نەوترايە و نەيزانيبا چيە).

لە گێڕانەوەكەى صەحيحى موسليميشدا هاتووە كە (وَكَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَا يَأْكُلُ شَيْئًا حَتَّى يَعْلَمَ مَا هو[1] (پێغەمبەرى خوا شتێكى نەدەخوارد هەتا نەيزانيبا چييە).

گرنگە هۆشيارييەكى تەواوەتى لەبارەى چۆنێتى و جۆرێتى خواردن و خواردنەوەكانەوە لەناو كۆمەڵگەدا بڵاوبكرێتەوە، ئەمە ئەركى دايك و باوكە لەسەر ئاستى خێزان، ئەركى مامۆستايە لەسەر ئاستى خوێندنگەكان، ئەركى حكومەتيشە لە كۆى جومگەكانى وڵاتدا ئەو هۆشيارييە پەرە پێ بدات، بە چەشنێك تاك بزانێت چى بخوات و چى نەخوات، گرنگيى زياتر بە كام خواردنە بدرێت، تەنانەت خواردنى تەمەنە جياوازەكانيش جيا بكرێتەوە.

لە روويەكى تريشەوە گرنگە بەر بەو هەڵمەتە ناڕەوا ريكلامييانە بگيرێت كە بازاڕگەرميى دەكەن بۆ جۆرەها خواردنى خراپ و زيانبەخش بە چەشنێك خەڵك لەخشتە دەبەن، چۆن رەوايە بازاڕگەرميى بۆ جبس و جەليبۆن هێندە بەهێز بێت چاو و دڵى منداڵەكانمان لەسەر خواردنى شيرى سروشتى و هەنگوين و ميوە لاببات، لە داهاتوويەكى نزيكدا بە سەختى باجى ئەم هەڵە كوشندەيە دەدەين.

ئەوەى گرنگە لە خواردندا رەچاوى بكەين، بريتيە لەمانە:

پێكهاتەى خواردنەكە و گونجانى لەگەڵ جەستە و بارى تەندروستيى تاكەكاندا.

كوالێتى هەڵگرتن و پاراستنى خواردنەكە.

ماوەى بەسەرچوونى خواردنەكە.

هەموو ئەم حاڵەتانە لەلايەن پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) رەچاو كراون، خۆشەويستمان ئەو خواردنانەى هەڵدەبژارد كە بۆ پێكهاتەى جەستەى بەسوود بوون، گرنگيشى دەدا بە شێوازى هەڵگرتنى ئەو خواردنانە، هاوكات شارەزا بوو بە وادەى بەسەرچوونى خواردنەكان.



[1] - صحيح مسلم - كتاب الصيد والذبائح وما يؤكل من الحيوان - باب إباحة الضب، الرقم 1946.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى