پێغەمبەرى خوا چى دەخوارد؟

بەشێوەيەكى گشتى، لەم بوارەدا دەتوانين بڵێين:

خۆشەويستمان شتێکی خواردووە کە بۆ لەش پێویست بووە، نەوەک مەسەلەکە تەنها حەز و چێژ بێت، واتە هەرچیەکی خواردووە، پێویستی جەستە بووە.

هەروەها شتێکی خواردووە کە لە هەنگاوی یەکەمەوە بۆ خۆپاراستن بووە نەوەک بۆ چارەسەر،

سەروەرمان گرنگی بە هەندێ خواردن داوە کە ئاسان بەردەست دەکەون و زۆرترین سوود و زیاترین وزە دەبەخشن بە لەش، وەک: خورما، حەڵوا، هەنگوین، شیر، سرکە، ئەمانە زۆربەی پێکهاتە پێویستەکانی لەشیان تێدایە، هەروەها وزەیەکی زۆر بە ئادەميزاد دەبەخشن بۆ جووڵە رۆژانە، پاشان هەندێ خواردنی تری خواردووە کە تەواوکەر بون بۆ ئەمانە، وەک: شووتی، ترۆزی، شەربەتی مێوژ.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر گرنگی داوە بە خواردنە تەڕەکان، کەمتر گرنگی داوە بە خواردنی وشک، لە خواردنە وشكەكانيشدا هەندێك جار نانی بەکارهێناوە کە وشک بووە، ئەویشی بە سرکە یان گۆشتاو تەڕکردووە، تەنانەت لە میوەشدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میوەی وشکی نەخواردووە، تەنها میوەیەکی وشک خواردوویەتی مێوژ بووە، ئەویش کردۆتە ناو ئاوەوەو شەربەتەکەی خواردۆتەوە، واتە دیسان خۆی پاراستووە لە خواردنی شتی وشک، چونکە خواردەمەنیە تەڕەکان هەرسیان ئاسانەو ئادەميزاد قەڵەو ناکەن و کێشەی هەرسی بۆ دروست ناکەن.

هەروەها خواردنەکانی خۆشەويستمان ماددەی ئەلیاف یان فایبەریان زۆر بووە، واتە ریشاڵی بون، بەمە ئادەميزاد پارێزراو دەبێت لە کۆڵۆن، هەروەها بەدوور دەبێت لە بەرزی کۆلیسترۆڵ و بەردی زراو و چەندین نەخۆشی دی.

خواردنەکان دەوڵەمەند بون بە کالیسیۆم کە بۆ بەهێزی ددان و ئێسکەکان پێویستە.

لە خواردنەکانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زۆر رەچاوی جۆگەی هەرس کراوە، بەسوود بون بۆ کۆڵۆن و هەرسکردن، خواردنی نەرم و پاراو بون، کەمی خواردووە بۆ ئەوەی قەبزیی تووش نەبێت، هەر خواردنێکیش قەبزی بەدواوە بێت و خواردبێتی، خواردنێکی تری نەرمی لەگەڵ خواردووە کە چارەسەری ئەوی تریان بکات، ئەمە هۆکار بووە هەرس ئاسان بێت و خێرا وزەی پێویست وەرگیرێت و پاشەڕۆش لە جەستەدا نەمێنێتەوە، بۆیە هاوەڵان ورگیان نەبووەو ورگزلی باوی ناو کۆمەڵگەی ئیسلامی نەبووە.

خواردنەکان پاککەرەوەی جگەر بون، ئادەميزادیان دوورگرتووە لە نیشتنی چەوری سەر جگەر و بەردی زراو، بەڵکو بە گشتی خواردنەکان چەوریەکانی ناو لەشیان دابەزاندون، ئەمەش هۆکار بووە بۆ بەرگرتن بە زەبحە و جەڵتە و ئازاری سنگ و رەقبوونی ماسوولکەکان و پەستانی خوێن.

خواردنەکانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەک خۆپاراستن لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان خوراون، بۆ نموونە پێشوەختە خۆپاراستن بووە لە شەکرە و پەستانی خوێن و شێرپەنجە و دەرکەوتنی پیری و سستی جەستەی ئادەميزاد، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەتا وەفاتی کرد رەنگی پیری پێوە دیار نەبوو.

خواردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەنگ بووە، خووی نەداوەتە یەک جۆر خواردن و خۆی لە هەندێ خواردنی تر بێبەش بکات، خەڵکانێ هەن بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە هەندێ بەخشش بێبەش دەکەن، کەسانێ هەن دەڵێن ئێمە رووەکخۆرین و گۆشت ناخۆین، کەسانێ هەن زیاتر خوویان داوەتە گۆشت، بەڵام ئێمە خوو ئەدەینە بەرنامەکەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە بێبەش نەبوونە لە هەمەچەشنەی بەرهەمە حەڵاڵەکان.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خواردندا هیچ بیانوویەکی نەبووە، هەرچیەکی لەبەردەستدا دانرابێت خواردوویەتی، بە دواى شتێکدا نەگەڕاوە کە دەست نەکەوێت، داواى خواردنێکی نەکردووە کە ئەرک و خەرجی زۆری بوێت، هەرکات شتێکی خواردبێت کەمی خواردووە، هەوڵیداوە خواردنێ بخوات کە زۆرترین سوودی پێ بگەیەنێت بێ ئەوەی ئەرک بۆ هیچ کەس دروست بکات، زیاتر خورما و شیری خواردووە کە زۆر بەردەست بون، ئەگەر بەردەست بووبێت شەربەتی هەنگوینی خواردووە بۆ ئەوەی بەشی زیاتری بکات، بە کەمى گۆشتی خواردووە، نەبیستراوە راستەوخۆی داواى خواردنێکی دیاریکراوی کردبێت، ئەگەر زۆر برسی بووبێت، داواى خواردنی کردووە بێ ئەوەی جۆر و رێژەکەی دیاری بکات.

خۆشەويستمان هەر خواردنێکی بۆ هێنرابێت، لێی نەخواردووە هەتا نەیزانیبێت ئەو خواردنە چیە[1] و لە کوێوە هاتووەو لە چی پێکهاتووە، واتە وردەکاری کردووە لە خواردندا، ئەم سیفەتەش لە کەسی نەوسندا نیە، دیارە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر بە ئامانج نانى خواردووە، خواردنێکی دەرخواردی خۆی و ماڵ و منداڵی داوە کە تێچووی کەم و سوودی زۆر و بەردەست بێت، بۆیە دایکی باوەڕداران عائیشە دەفەرموێت: (مَا أَكَلَ آلُ مُحَمَّدٍ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَكْلَتَيْنِ فِي يَوْمٍ إِلَّا إِحْدَاهُمَا تَمْرٌ [2] (خاوخێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژێکدا دوو جۆر خواردنیان بخواردایە، دەبوو یەکێکیان خورما بێت)، چونکە خورما لە مەدینە زۆر بووە، هەروەها نرخی گران نەبووە، هەروەها زۆر بەسوود بووەو وزەیەکی زۆری پێ بەخشیون بۆ ئەوەی زیاتر بەرگەی برسێتی بگرن.



[1] - صحيح مسلم، الرقم 3697، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4693.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 6455.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى