چ جۆرە ئاوێك بخۆينەوە؟

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە سروشتی حاڵ، حەزی بە خواردنەوەی ئاوی سازگار و سارد دەکرد، عائیشەی دایکی باوەڕداران دەفەرموێت: خۆشترین خواردنەوە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئاوی سازگار و سارد بوو.[1]

کاتێک هاوەڵانیش پرسیاریان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کرد چ خواردنەوەیەک پاکترە؟ ئەویش فەرمووی (الحلو البارد[2] (سازگاری سارد).

دەكرێت بگەينە ئەو بڕوايەى ئاوى سارد زۆر باش و بەسوودە، بە پێچەوانەى هەندێ توێژينەوەى ئەمڕۆ كە باس لە سوودى ئاوى گەرم دەكەن و پێشنيار دەكەن هەندێك جار ئاوى گەرم بخورێتەوە، بەتايبەت پێش نانخواردن، بەڵكو ئێمە پێشنيار دەكەين گرنگيى بە ئاوى سارد و سازگار بدرێت و هەتا دەكرێت خۆبپارێزين لە هەر خواردن و خواردنەوەيەكى گەرم.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆرجار دەچوویە ناو باخەکەى ئەبووتەلحەوەو لەوێ لە ئاوى بیرێکی دەخواردەوە کە ئاوەکەى سازگار بوو، وەك لە گێڕانەوەكەى ئەنەسى كوڕى ماليكدا هاتووە (كَانَ أَبُو طَلْحَةَ أَكْثَرَ الْأَنْصَارِ بِالْمَدِينَةِ مَالًا مِنْ نَخْلٍ، وَكَانَ أَحَبَّ أَمْوَالِهِ إِلَيْهِ بَيْرَحَاءُ ، وَكَانَتْ مُسْتَقْبِلَةَ الْمَسْجِدِ ، وَكَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَدْخُلُهَا ، وَيَشْرَبُ مِنْ مَاءٍ فِيهَا طَيِّبٍ[3] (ئەبووتەلحە لە مەدينە لە هەموو پشتيوانان دارخورماى زياترى هەبوو، خۆشەويستترين باخ و ماڵ و سامانيشى ئەوەيان بوو كە لە ناوچەى بەيرەحاء بوو، جا بەرامبەر مزگەوتيش بوو، پێغەمبەرى خوا دەچوويە ناو ئەو باخەوە، باخەكە ئاوێكى پاكى تێدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو ئاوەى دەخواردەوە).

هەندێ جاریش لەو ئاوەی دەخواردەوە کە دەهێڵرایەوە هەتا خڵتە و خوێکەی دەنیشت و ئاوەکە سازگار دەبوو، ئینجا لەو ئاوەى دەخواردەوە.[4] ئەو شوێنەی کە ئاوەکەی لێ دەهێنرا، ماوەى دوو رۆژە رێ لە مەدینەوە دوور بوو،[5] واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندە گرنگی دەدا بە ئاوی سازگار.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جارێک لە رێی کەسێکەوە کە لە مەدینەوە دەچوو بۆ مەککە، داواى لە سوهەیلی کوڕی عەمر کرد بڕێک لە ئاوی زەمزەمی بۆ بنێرێت، ئەوەبوو ئەویش بڕێک لە ئاوی زەمزەمی بۆ نارد.[6]

پێغەمبەرى خودا ڕێگرى کردووە لە خواردنەوە لە لێوارى  شکاوى پەرداخەوەو قەدەغەى کردووە هەناسەبدرێت بەسەر خواردنەوەدا.[7]

هەروەها رێگریکردووە لەخواردنەوەى ئاو لە دەمى دەبە و تەرمۆزەو کونە و هاوچەشنەکانیانەوە بخورێتەوە،[8] بەڵکو بکرێتە دەفری وەک پەرداخ یان قاپێکەوە، ئینجا بخورێتەوە.

هەروەها رێنمایی کردوین کە سەری دەفری خواردنەکان دابپۆشرێت و سەری دەفری خواردنەوەکان قەپات بکرێت، وەک دەفەرموێت (غطوا الإناء، وأوكوا السقاء).[9]

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بە سێ قوم ئاوى خواردۆتەوە و لەنێوانیاندا هەناسەى داوە، ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە کاتى ئاوخواردنەوەدا سێ جار هەناسەی دەدا –واتە بە سێ جار ئاوەکەی دەخواردەوە- و دەیفەرموو (هو أروى وأبرأ وأمرأ)[10] (ئاوا تینوێتی باشتر دەشکێنێت و سەلامەتتر و سووکتریشە).

هاوکات رێگری کردووە لەوەى بە پێوە ئاو بخورێتەوە، ئەنەسی کوڕی مالیک دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) رێگری دەکرد لەوەی کەسێک بە پێوە ئاو –یان هەر شلەمەنیەک- بخواتەوە.[11]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەرداخێکی تەختەی هەبوو کە بە ئاسنێك -چەشنى قەفيز- توند کرابوو، وەک ثابتی کوڕی ئەسلەم دەڵێت: جارێک ئەنەسی کوڕی مالیک پەرداخێکی تەختەی زبری نیشان داین کە چواردەوری بە ئاسن توند کرابوو، وتى ئەمە پەرداخی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[12]

هەروەها پەرداخێکی شووشەی هەبوو کە ئاوی تێدا دەخواردەوە.[13]

هەندێک جاریش بە چنگى دەستى ئاوى خواردۆتەوە.

 



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23543، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7268 و صححه و وافقه الذهبي.

[2] - سنن الترمذي، الرقم 1867.

[3] - صحيح البخاري - كتاب الزكاة - باب الزكاة على الأقارب، الرقم 1461.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 5408، قال شعيب الانراؤوط اسناده قوي.

[5] - سنن أبي داود، الرقم 3264.

[6] - أخبار مكة للمزروقي، الرقم 614.

[7] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11538، سنن أبي داود، الرقم 3252، صححه الألباني.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 5309، صحيح مسلم، الرقم 3862.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 3848.

[10] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 7273 و صححه و وافقه الذهبي.

[11] - صحيح مسلم، الرقم 3865.

[12] - الشمائل المحمدية للترمذي، الرقم 191.

[13] - سنن ابن ماجة، الرقم 3432، ضعفه الألباني، (عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ قَالَ: كَانَ لِرَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَدَحُ قَوَارِيرَ يَشْرَبُ فِيهِ).


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى