گرنگيى رێكردن بە پيادە

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵانى و دەوروبەرى هاندەدا گرنگيى بدەن بە پێ رۆيشتن، بۆ ئەمەش فەزڵى رۆيشتنى پيادەى بەرەو پەرستشەكان بۆ باس دەكردن، وەك:

بەپێ رۆيشتن بۆ مزگەوت: جابيرى كوڕى عەبدوڵا دەڵێت: ماڵمان لە مزگەوتەوە دوور بوو، ويستمان خانووەكەمان بفرۆشين و لە نزيكى مزگەوتەوە خانوويەكى تر بكڕين، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رێى نەدا ئەو كارە بكەين و فەرمووى (إِنَّ لَكُمْ بِكُلِّ خُطْوَةٍ دَرَجَةً[1] (بە هەر هەنگاوێك كە دەينێن، پاداشتێكتان بۆ هەيە).

بەشداريى مەراسيمى حەج و عومرە.

بەپێ رۆيشتن بەدەم ئيشى موسڵمانێكەوە: خۆشەويست دەيفەرموو (لَأَنْ أَمْشِيَ مَعَ أَخٍ فِي حَاجَةٍ أَحَبُّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَعْتَكِفَ فِي هَذَا الْمَسْجِدِ - يَعْنِي مَسْجِدَ الْمَدِينَةِ - شَهْرًا[2] (ئەگەر لەگەڵ برايەكدا بە پيادە بچم بۆ بەجێگەياندنى ئيش و پێويستيەكى، لام خۆشترە لەوەى ماوەى يەك مانگ لەم مزگەوتەدا -مزگەوتى مەدينە- ئيعتيكاف بكەم)

بۆيە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە رێى بەجێگەياندنى فەڕزەكانەوە موسڵمانانى تێكەڵ بە وەرزش كردووە، تێكەڵييەك كە زۆرجار تاكى موسڵمان خۆى دركى پێ ناكات، كەچى كە لە دوورەوە تەماشا دەكەيت، لە شەو و رۆژێكدا بە هۆى پەرستشەكانەوە، جووڵەيەكى زۆرى جەستەيى و راهێنانێكى تايبەتى رۆحيى بە هەر تاكێكى موسڵمان كراوە، خەڵكێكى تر وەك ئەركێكى رۆژانە كاتى بۆ تايبەت دەكەن و جلوبەرگى تايبەتى بۆ دەپۆشن و وەرزشى رێكردن، يان هەر جۆرە وەرزشێكى تر پەيڕەو دەكەن، ئەگەرچى لە بەهاى ئەوە كەمناكەينەوەو هەر جووڵە و وەرزشێك سوودبەخش بێت بۆ جەستە، ئێمە وەك موسڵمان دەبێت پێش هەموان هەنگاوى بۆ بنێين، بەڵام دەبينين لە ئەزموونى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) جووڵە و وەرزش بە چەشنێك رێكخراوە كە كاتێكى باش بۆ كەسەكە بگێڕێتەوەو تێكەڵ بە كار و پەرستش و ئەركەكان كراوە.

پزيشكەكان كاتێك نەشتەرگەريى بۆ نەخۆشێك دەكەن، هانى دەدەن زوو هەستێتە سەرپێ و دەست بە جووڵە بكاتەوە، چونكە مانەوەى بێ جووڵە، مەترسييە بۆ سەر نەخۆشەكە و هۆكارێكە بۆ پووكانەوەى ئەندامەكان.

يەكێك لە سوودەكانى جووڵە و رۆيشتن، كەمكردنەوەى ئەگەرى شەكرەيە كە ئەمڕۆ بەشێكى زۆرى خەڵك لە جيهاندا بەدەستيەوە دەناڵێنن، هاوكات هۆكارە بۆ كەمبوونەوەى جەڵتە، دژى خەڵەفاوى و لەبيرچوونەوە كار دەكات.

ئەوەى لە ئەزموونى ژيانى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) وەريدەگرين، ئەوەيە كە زياتر گرنگيى بە قۆناغبەنديى رۆيشتن بدەين، بەجۆرێك خۆمان رابهێنين كە رێكردنێكى خێرا، بەڵام نەرممان هەبێت، ئەمەش تەنها بە خۆڕاهێنانى بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا ئەوكات هەر رێكردنى خێرامان، رەقى و ماندوێتيى لەگەڵ دەبێت، هانى خەڵكيش نادەين بۆ بەردەوام راكردن و خۆڕاهێنان لەسەر جووڵەى راكردن، چونكە چاكترين رێكردن رێكردنى خێرايە دوور لەراكردن، ئەمەش لە سوننەتى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە و راكردنەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە چەند حاڵەتێكى دەگمەن دەرناچن كە باسكراون، زانستى ئەمڕۆش زياتر باس لە جووڵە و رۆيشتنى خێرا دەكات، بۆ نموونە:

لە توێژينەوەيەكدا كە لە تايوان لەسەر (416) هەزار كەس كراوە، ئاماژەى داوە بەو ئەنجامەى كە رێكردنى خێرا دوور لە راكردن راكردنێكى گونجاوە.

لە توێژينەوەيەكى تردا كە لەسەر (979) هەزار كەس كراوە، هەمان ئەنجام بەدەستهاتووە.



[1] - صحيح مسلم - كتاب المساجد ومواضع الصلاة - باب فضل كثرة الخطا إلى المساجد، الرقم 664.

[2] - المعجم الكبير للطبراني - باب العين - من اسمه عبد الله، الرقم 13646.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى