شاخڕەويى لە ئيسلامدا

يەكێك لە وەرزشە باوەكانى ئەمڕۆى جيهان كە لە كوردستانيش خەڵكێكى زۆر رووى تێكردووە، بريتيە لە شاخڕەويى، سوننەتێك كە بە روونى لە يانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەديدەكەين، هەر لە سەردەمى پێش پێغەمبەرايەتييەوە كە جارجارە دەچوو بۆ ئەشكەوتى حيراء لەسەر كێوى نوور لە مەككە، هەتا دواى پێغەمبەرايەتيش كە كاتێك لە مەككە بوايە جارجارە دەچووە سەر كێوى حەراء، لە كاتى چوونيشى بۆ تائيف، ئەو شاخ و نشێوانەى نێوان مەككە و تائيفى بە پيادە بڕيى، هەروەها هاودەم بە هاوەڵانى دەچووە سەر كێوى سەور، لە مەدينەش بە هەمانشێوە هاودەم بە هاوەڵانى دەچووە سەر كێوى ئوحود.

ئەبووهوڕەيرە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كێوى حەڕاء بوو و ئەبووبەكر و عومەر و عوسمان و عەلى و تەلحەشى لەگەڵ بوو.[1]

ئەم سەركەوتنەشى تەنها يەك جار نەبووە، بەڵكو چەند جارى تر سەركەوتووەو هەر جارە و چەند هاوەڵێك هاودەمييان كردووە، وەك ئەنەسى كوڕى ماليك شاخڕەوييەكى تر باس دەكات و دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەركەوت بۆ سەر كێوى ئوحود و ئەبووبەكر و عومەر و عوسمانيشى لەگەڵ بوو.[2]

عوسمان دەيوت: ئايا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر سەبيرى[3] مەككە بوو و ئەبووبەكر و عومەر و منيش هاودەميمان دەكرد، كێوەكە لەرينێك لەرييەوە هەتا بەردى لێ دەكەوتەخوارەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە قاچى خۆى پێيدا كوتا و فەرمووى: (اسْكُنْ ثَبِيرُ فَإِنَّمَا عَلَيْكَ نَبِيٌّ وَصِدِّيقٌ وَشَهِيدَانِ[4] (دامركێ سەبير، خۆ ئەوەى لەسەرت وەستاوە پێغەمبەرێكە و راستگۆيەك و دوو شەهيدن) خەڵكەكەش وتيان: بەڵێ بەخوا وابوو.



[1] - صحيح مسلم - كتاب فضائل الصحابة - باب من فضائل طلحة والزبير، الرقم 2417.

[2] - صحيح البخاري - كتاب فضائل الصحابة - باب مناقب عمر بن الخطاب، الرقم 3686.

[3] - شاخێكە لە مەككە.

[4] - سنن النسائي - كتاب الأحباس - باب وقف المساجد، 3/3610.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى