تەندروستيى كۆمەڵايەتيى

نەخۆشييە كۆمەڵايەتييەكان لە رۆژگارى ئەمڕۆماندا زۆر و فرەچەشنن، كەم ماڵ هەيە گيرۆدەى دەست نەخۆشييە كۆمەڵايەتييەكان نەبێت، هۆكارەكانيش فرەچەشنن و چارەسەرەكانيش جۆراوجۆر دەخرێنەڕوو، هەندێ جار چارەسەرەكانى كاتێكى دياريكراو، تەشەنە بە دەردە كۆمەڵايەتييەكان دەدەن، تێپەڕبوونى زەمەن ئينجا قەناعەت بە كەسانێك دێنێت كە ئەو چارەسەرانە هەڵە بون، چاكترين چارەسەريش كە ترسى ئەزموونكردنى نەبێت، ئەوانەن كە وەرگيراوى نێو قورئان و سوننەتى پێغەمبەرن، چونكە قورئان خۆى بە شيفا وەسفكراوەو و پێغەمبەرى خوايش (صلى الله عليه وسلم) بە چاكترين سەرمەشق دانراوە.

ئەگەر تەماشاى سەرەتاكانى ژيانى خۆشەويستمان بكەين، جۆرێك لە بێنازيى و بێكەسيى پێوە ديارە، چونكە بە هەتيوى هاتە دنيا و دوور لەدايكى سەرەتاكانى منداڵيى بەسەربرد و لە رێى سەفەردا دايكى بەبەرچاويەوە وەفاتى كرد، زۆر لاى باپيرى نەمايەوە هەتا ئەويش مرد، هەموو ئەمانە دەكرا جۆرێك لە خەمۆكيى و كەنارگيريى بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دروست بكەن و كەسێكى لاوازى نێو كۆمەڵگە، ياخود پەڕگير و هەڵەشەى لێ بەرهەم بێت، بەڵام پێغەمبەر () تێكەڵى كۆمەڵگە دەبێت، پيشە جۆراوجۆرەكان تاقى دەكاتەوە، جوانترين سيفەتەكانى ناو كۆمەڵگە وەردەگرێت هەتا ئاستێك پێى دەناسرێتەوە، بە راستگۆى دەستپاك و سپاردەكار دەناسرێت، ئەگاتە ئاستێك نەيار و ناحەزەكانيشى ناتوانن پێى لێ داببڕن و سپاردەكانيان لاى ئەو دادەنا.

لە مەدينەشدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تێکەڵیی هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگەی دەکرد، منداڵ و گەنج و بەتەمەن، زانا و نەخوێندەوار، ژن و پیاو، موسڵمان و دووڕوو و جوولەکەو بێباوەڕ، لەشساغ و نەخۆش.

ئەنەسى کوڕی مالیک دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تێکەڵیى و سەردانى دەکردین، هێندە تێکەڵمان دەبوو هەتا جاری وا هەبوو، برایەکى بچووکم هەبوو کە باڵندەیەکی هەبوو و ناوى نابوو نوغەیر، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەبووعومەیر، ئەوە نوغەیر چی ئەکات؟).[1]

ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: مێردمنداڵێکی جوولەکە هەبوو کە خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەکرد، ئەوەبوو نەخۆش کەوت، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ سەردانى، لەلاى سەرى مێردمنداڵەکەوە دانیشت، پێی فەرموو: موسڵمان بە، ئەویش تەماشایەکى باوکى کرد، باوکیشی پێی وت: بە گوێی بکە، مێردمنداڵەکەش موسڵمان بوو، دواتر کە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) چوویەدەرەوە، دەیفەرموو (الحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنْقَذَهُ مِنَ النَّارِ[2] (سوپاس بۆ خوا کە لە دۆزەخ دەربازی کرد).

بورەیدەى ئەسلەمى دەڵێت: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تێکەڵیى پشتیوانانى دەکرد و سەردانى دەکردن، هەرکامیان دیار نەبوایە، هەواڵی دەپرسی، تەنانەت جارێک ئافرەتێکی پشتیوانان منداڵێکی مرد، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لاى و ئامۆژگاریی دەکرد لەخواترس و خۆڕاگر بێت.[3]

تەنانەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی دانەئەبڕی لەو کەسانەى کە لە سەردەمى خەدیجەی هاوسەری یەکەمیدا دەیناسین، هەرچەندە خەدیجە وەفاتى کردبوو، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانى راگرتبوو، وەک عائیشە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گۆشتى دەنارد بۆ هاوڕێکانى خەدیجە.[4]

سەروەرمان هەم میواندریی خەڵکی دەکرد و هەم دەچوو بۆ میوانى، هانى هاوەڵانیشی دەدا پەیوەندییەکان نەپچڕێنن، خەڵوەت و کەنارگرتنیشی لەسەر ئوممەتەکەى حەرام کرد.

خۆشەويستمان ئەرك و بارگرانيى بۆ هيچ كەسێك دروست نەدەكرد، بەڵكو چ لەگەڵ خەڵكى ناو كۆمەڵگە و چ لە ماڵەوەش لەگەڵ خاوخێزانەكانى، هەوڵيدەدا بارگرانييان بۆ دروست نەكات و مامەڵەيەك بكات كە رێز و خۆشەويستيى و يەكترخوێندنەوەى لێ بەرهەم بێت.

سەردارمان لە ئیشوکارەکاندا لەگەڵ موسڵماناندا بەشداری دەکرد، بۆ نموونە: بەڕائی کوڕی عازب دەڵێت: لە رۆژی ئەحزابدا پێغەمبەری خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی خۆڵی دەگواستەوە، خۆڵ سپیایی سکی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) داپۆشیبوو.[5]

خۆشەويستمان لەنێو ماڵ و خاوخێزانى خۆیدا ئەوە نەبووە قاچ راکێشێت و فەرمان دەربکات، بەڵکو تا لە ماڵەوە بوو هاوکاری خێزانەکانى دەکرد، کە کاتى نوێژ دەهات ئینجا دەچوو بۆ نوێژ.[6]

عوروە لە دایکی باوەڕداران عائیشەى پرسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە لە ماڵەوە لاى تۆ دەبوو چی دەکرد؟ ئەویش وتی: ئەوەى کە هەرکامتان لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانتان دەیکەن، خۆی نەعلەکانى خۆی دەدووریەوەو جلوبەرگی خۆی پینە دەکرد.[7]

جارێکی تر عەمرەی کچی عەبدوڕەحمان لە عائیشەی پرسی: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەوە چ ئیشێکی دەکرد؟ ئەویش فەرمووی .. خۆی مەڕی دەدۆشی و خزمەتی خۆی دەکرد.[8]

ئەمەش بەجێگەياندنى ئەو فەرمايشتانەى بوو كە دەيفەرموو (خَيْرُكُمْ خَيْرُكُمْ لِأَهْلِهِ وَأَنَا خَيْرُكُمْ لِأَهْلِي[9] (باشترین کەستان، ئەوانەن کە باشترن بۆ خاوخێزانەکانیان، منيش لە هەمووتان باشترم بۆ خاوخێزانى خۆم).

هاوكات خۆشەويستمان هەوڵى دەدا كۆمەڵگە لەسەر هاوكاريكردنى يەكدى رابهێنێت، فێريان بكات لەبرى بارگرانى، كارئاسانى بۆ يەكدى بكەن، خۆيشى هەمان شتى جێبەجێ دەكرد.

عەبدوڵاى کوڕی عومەر دەڵێت: جارێک کابرایەک هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری کرد: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، خۆشەویستترین کەس لاى خوا کێیە؟ خۆشەویستترین کاریش لاى خوا چییە؟ پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى دایەوەو فەرمووى (أَحَبُّ النَّاسِ إِلَى اللَّهِ أَنْفَعَهُمْ لِلنَّاسِ، وَأَحَبُّ الْأَعْمَالِ إِلَى اللَّهِ سُرُورٍ تُدْخِلُهُ عَلَى مُسْلِمٍ، أَوْ تَكْشِفُ عَنْهُ كُرْبَةً، أَوْ تَقْضِي عَنْهُ دِينًا، أَوْ تُطْرَدُ عَنْهُ جُوعًا، وَلِأَنْ أَمْشِيَ مَعَ أَخٍ لِي فِي حَاجَةٍ أَحَبُّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَعْتَكِفَ فِي هَذَا الْمَسْجِدِ شَهْرًا .. وَمَنْ مَشَى مَعَ أَخِيهِ فِي حَاجَةٍ حَتَّى أَثْبَتَهَا لَهُ أَثْبَتَ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ قَدَمَهُ عَلَى الصِّرَاطِ يَوْمَ تَزِلُّ فِيهِ الْأَقْدَامُ[10] (خۆشەویستترین کەس لاى خوا، ئەوانەن کە سوودیان زیاترە بۆ خەڵک، خۆشەویستترین کاریش لاى خوا ئەوەیە، دڵخۆشییەک بە موسڵمانێک ببەخشیت، یان ناخۆشی و ناڕەحەتییەکى لەکۆڵ بکەیتەوە، یان قەرزێکی بۆ بدەیتەوە، یان برسێتیى لێ دووربخەیتەوە، جا ئەگەر لەگەڵ برایەکدا بچم بۆ ئەوەى ئیشێکی بۆ رابپەڕێنم، زۆر لام خۆشترە لەوەى لەم مزگەوتەى مەدینەدا ماوەى یەک مانگ ئیعتیکاف بکەم .. هەرکەس لەگەڵ برایەکیدا بچێت بۆ ئەوەى ئیشێکی بۆ رابپەڕێنێت و لەگەڵیدا بمێنێتەوە هەتا دەیگەیەنێتە ئەنجام، ئەوە خواى گەورە لە رۆژێکدا پێچەسپاوى دەکات لەسەر پردى سیرات کە تیایدا قاچەکان دەلەرزن).

بۆيە دواجار دەتوانين بڵێين: جوانترين سيفەتە كۆمەڵايەتييەكان لە پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بوونيان هەبوو، وەك: تێكەڵاوى و خزمايەتيى، ميوانداريى و رێزگرتنى ميوان، سەردان و هەواڵ پرسين، خوێندنەوەى بەرامبەر، نيشاندانى خۆشەويستى، نەرمونيانيى، چارەسەرى كێشەكان، هەڵەشەنەبوون و لەسەرخۆيى، يارمەتيى و كارئاسانى، خۆدوورگرتن لە بارگرانيى بۆ دەوروبەر..هتد، ئەمەش بەڵگەيە لەسەر ئەوپەڕى تەندروستيى كۆمەڵايەتى خۆشەويستمان.



[1] - صحیح البخاری، کتاب الادب، الرقم 6129 (عَنْ أَنَسٍ قَالَ: كَانَ النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَحْسَنَ النَّاسِ خُلُقًا ، وَكَانَ لِي أَخٌ يُقَالُ لَهُ أَبُو عُمَيْرٍ ، قَالَ: أَحْسَبُهُ فَطِيمٌ ، وَكَانَ إِذَا جَاءَ قَالَ: يَا أَبَا عُمَيْرٍ ، مَا فَعَلَ النُّغَيْرُ ؟ نُغَرٌ كَانَ يَلْعَبُ بِهِ).

[2] - صحیح البخاری، کتاب الجنائز، الرقم 1356.

[3] - المستدرک على الصحیحین، کتاب الجنائز، الرقم 1420.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 3818.

[5] - صحیح البخاری، كتاب الجهاد والسير، الرقم 3034.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 655.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 5754، قال شعيب الأرناؤوط إسناده صحيح.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 5753، قال شعيب الأرناؤوط إسناده قوي على شرط مسلم.

[9] - سنن الترمذي، أبواب المناقب عن رسول الله - باب في فضل أزواج النبي، الرقم 4278 و قال حسن صحيح.

[10] - المعجم الاوسط للطبرانی، الرقم 6026، حسنه الألبانی فی صحیح و ضعیف الجامع الصغیر، الرقم 176.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى