تەندروستيی دەروونيی

ئەگەر تەماشاى ژياننامەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بكەين، دەبينين ناڕەحەتى و چەرمەسەرى زۆرى هاتۆتەڕێ، بۆ نموونە:

هەر لە سەرەتاوە بە هەتيوى لەدايكبوو.

نەگەيشتبوويە تەمەنى باڵغبوون كە دايك و باپيرى لەدەستدا.

ژيانى مێردمنداڵيى لە شوانكارەييدا بەسەربرد و نەبوونيەكى زۆرى چەشت، چونكە مامى تواناى بەخێوكردنى ئەو هەموو منداڵەى نەبوو.

كە ژنى هێنا، خواى گەورە كوڕى پێ بەخشى، كەچى كوڕەكەى وەفاتى كرد.

كاتێك بوو بە پێغەمبەر، دژايەتيەكى سەرسەختانەى كرا، سێ ساڵ گەمارۆى شيوى ئەبووتاليب خرايە سەر خۆى و شوێنكەوتوانى.

خەديجەى هاوسەرى و ئەبووتاليبى مامى كە دوو پشتيوانى بوون وەفاتيان كرد.

لە مەدينەشدا چەندين جەنگ و بەريەككەوتنى لەگەڵ بێباوەڕان بۆ دروست بوو، پيلانى كوشتنى لەلايەن جوولەكەكان و بێباوەرەكانيشەوە دانرا.

دوو كچى و كوڕێكى ترى لە مەدينەدا وەفاتيان كرد.

ئەمانە و چەندەها ناڕەحەتى تر لە ژيانيدا هەبوون كە دەبوو هۆكاربن بۆ حاڵەتێكى ناجێگيرى دەروونيى و تووشبوون بە نەخۆشييە دەروونيەكان، بەڵام خۆشەويستمان بەدوور بوو لە هەر جۆرە نەخۆشييەكى دەروونى، چونكە پێوەرەكانى تەندروستيى دەروونيى تێدابوو.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەسێك نەبوو هەميشە لە خۆى و كردەوەو هەڵوێستەكانى ناڕازى بێت و شەرم لە خودى خۆى و بيركردنەوەكانى بكات، لەكاتێكدا يەكێك لە نيشانەكانى نەخۆشييە دەروونييەكان متمانەنەبوون بە خۆ و لەخود رازى نەبوونە.

خۆشەويستمان لە ديارترينى نەخۆشييە دەروونيەكان پارێزراو بوو، وەك:

تێكچوونى دەروونى و وتنى قسەى نابەجێ و ناڕێك.

گۆشەگيريى و خەمۆكيى.

رۆچوون لە خەفەت و دڵداگيراوى و بێزاريدا.

خۆبەكەمزانين و شەرمكردن لە رادەربڕين.

خۆبەگەورەزانين و لەخۆرازيبوون و نەخوێندنەوەى بەرامبەر.

بێزارى و خەفەتێك ناچارى بكات پەنا ببات بۆ خۆمەستكردن وراكردن لە واقيع.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەبەردەم ناڕەحەتييەكاندا چۆكى دانەدەدا و دەست بكات بە گلەيى و گازندە و هەڵچوون و داچوون، بەڵكو گرفتەكان هەرچەندە زۆر و سەخت بوونايە، هەوڵى دەدا چارەسەريان بكات، تەنانەت زۆرجار ناڕەحەتييەكانى خۆى نيشان نەدەدا و دەچوو بەدەم گرفت و ناڕەحەتييەكانى دەوروبەريەوەو بۆى چارەسەر دەكردن.

خۆشەويستمان رقى لە خەڵك هەڵنەدەگرت و ناخى بە كينە پڕ نەدەكرد، تەنانەت بەرامبەر بەوانەش كە خراپەى زۆريان لەروودا دەنواند، لێبوردەيى نيشان دەدا.

تەنانەت كاتێك بێباوەڕەكان قسەيان پێ دەوت و تانەيان لێ دەدا، خۆشەويستمان ئەوەى نەدەكردە هۆى خۆخەمۆك كردن و كەنارگرتن، ياخود كينەلەدڵگرتن و هەڵچوون، يان هەر حاڵەتێكى ترى نائاسايى كە ئاڕاستەى ئادەميزاد بەرەو ناساغى دەروونيى دەبات، بۆيە كاێتك بێباوەڕانى قوڕيش قسەيان پێ دەوت و بە (موزەممەم) ناويان دەهێنا، خۆشەويستمان دەيفەرموو (أَلَا تَعْجَبُونَ كَيْفَ يَصْرِفُ اللهُ عَنِّي شَتْمَ قُرَيْشٍ وَلَعْنَهُمْ يَشْتِمُونَ مُذَمَّمًا وَيَلْعَنُونَ مُذَمَّمًا وَأَنَا مُحَمَّدٌ[1] (سەرتان ناسوڕمێت چۆن خواى گەورە قسە و ناتۆرە و نەفرەتى قوڕەيشم لێ دوور دەخاتەوە؟ ئەوان قسە بە موزەممەم دەڵێن و نەفرەت لە موزەممەم دەكەن، منيش موحەممەدم).

نەخۆشييە دەروونييەكان تەنها لە حاڵەتى دەروونيدا نامێننەوە، بەڵكو زۆرجار كاردەكەنە سەر جەستە و رەنگدانەوەيان دەبێت بەسەريەوە، وەك سەرئێشە و ئازارى شان و مل و ئازار و نەخۆشييەكانى پشت و كۆڵۆن و كاريگەريى نەرێنيى لەسەر ميزكردن و قورحەى گەدە و دوانزەگرێ و پەستانى خوێن و نەخۆشييەكانى دڵ و تەنگەنەفەسى و تێكچوونى خەو و لاوازى جنسيى و چەندەها كاريگەرى ترى نەرێنيى.

زۆربەى ئەو كەسانەى خۆيان دەكوژن، ئەوانەن كە پابەندييەكى ئايينيان نيە، ئەو جۆرە كەسانە تەندروستيى دەروونييان جێگير نيە و زۆرجار پەنا بۆ هەڵەى كوشندە دەبەن، بۆ نموونە تەنها لە ساڵى 2011 دا يەك مليۆن كەس خۆيان كوشتووە كە ئەمەش رێژەيەكى زۆرە، لەكاتێكدا ئەو رێژەيە لە جيهانى ئيسلاميدا زۆر كەمە و رێژە سەديەكەى نزيكبووەتەوە لە سفر.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەترسيى ئەو نەخۆشييە دەروونيانە و حاڵەتە نائاساييانەى لەبەرچاوبوو، بۆيە لە نزاكانيدا پەناى دەگرت بە خوا لە خەم و خەفەت و تەمبەڵى و سستى، دەيفەرموو:

(اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْعَجْزِ وَالْكَسَلِ وَالْجُبْنِ).[2]

ئەنەسى كوڕى ماليك دەڵێت: زۆرجار گوێم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو كە دەيفەرموو (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْهَمِّ وَالْحَزَنِ وَالْعَجْزِ وَالْكَسَلِ وَالْبُخْلِ وَالْجُبْنِ[3] (خوايە، پەنات پێ دەگرم لە خەم و خەفەت و پەككەوتن و سستى و تەوەزەلى و پيسكەيى و ترسنۆكيى).

سەروەرمان بنەمايەكى نموونەيى هەبوو بۆ خۆدەربازكردن لە گرفت و كێشە دەروونيەكان و خۆسەرقاڵكردن بە شتى گەورەترەوە، ئەويش وازهێنان بوو لە خەمخواردن بە دنياوە و خۆسەرقاڵكردن بوو بە رازيكردنى خوا و رێگەكانى بەدەستهێنانى بەهەشت، بۆيە دەيفەرموو (مَنْ جَعَلَ الْهُمُومَ هَمًّا وَاحِدًا، هَمَّ آخِرَتِهِ، كَفَاهُ اللهُ هَمَّ دُنْيَاهُ، وَمَنْ تَشَعَّبَتْ بِهِ الْهُمُومُ فِي أَحْوَالِ الدُّنْيَا، لَمْ يُبَالِ اللهُ فِي أَيِّ أَوْدِيَتِهَا هَلَكَ[4] (هەركەس هەموو خەم و خەياڵى يەك بخات و بيكات بە خەم و خەياڵى قيامەتى، خواى گەورە خەم و خەياڵى دنياى لەكۆڵ دەكاتەوەو بۆى چارەسەر دەكات، هەركەسيش دڵ و دەروونى بە حاڵ و خەم و خەفەتى دنيا سەرقاڵ بكات، خواى گەورە باكى نيە ئەو كەسە لە چ دۆڵ و شيوێكدا بەهيلاكدا بچێت و بفەوتێت).

 پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گرنگييەكى زۆى دەدا بە بزە و رووخۆشيى و خۆى لە گرژى و مرچ و مۆنيى دەپاراست، رووخۆشیى بە چاکە و پەرستش هەژمار دەكرد، هەروەک دەیفەرموو (لَا تَحْقِرَنَّ مِنَ الْمَعْرُوفِ شَيْئًا، وَلَوْ أَنْ تَلْقَى أَخَاكَ بِوَجْهٍ طَلْقٍ[5] (هیچ چاکەیەک بە کەم مەگرە، ئەگەر چاکەکەت تەنها ئەوەش بێت روویەکی خۆش بدەیت بە براکەت).

جەریری کوڕی عەبدوڵاش ئەو شایەتییە دەدات و دەڵێت: لەو کاتەوەى موسڵمان بووم، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هەرکات دەیدیم، بە دەممەوە پێدەکەنی.[6]

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بەیانییان لەگەڵ هاوەڵانیدا لە مزگەوت دەمایەوە، زۆرجار هاوەڵانى دادەنیشتن باسی سەردەمى نەفامییان دەکرد و پێدەکەنین، ئەويش بە زەردەخەنە بەشداریی دەکردن.[7]

تەنانەت خۆشەويستمان بەدەم منداڵانیشەوە پێدەکەنی، وەک چۆن ئەنەسی کوڕی مالیک باسى دەکات و دەڵێت: رۆژێک پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ناردمی بۆ ئیشێک، منیش وتم: بەخوا ناچم، لە دەروونى خۆیشمدا بریارمدابوو بچم، چونکە فەرمانى پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، چوومە دەرەوەو سەیرم کرد منداڵانێک لە بازاڕدا خەریکی یاریکردنن، هێندەم بینی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە پشتەوە ملى گرتم، لامکردەوە، دەبینم پێدەکەنێت، فەرمووی (ئونەیس، ئەرێ چوویت بۆ ئەوەى پێم وتیت؟) وتم: بەڵێ، وا دەچم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم).[8]

رووی خۆش جیاوازە لە قاقا و پێکەنین، رووی خۆش خەسڵەتى هەمیشەیى سەروەرمان بووە بەرامبەر بە خاوخێزان و هاوەڵانى و دەوروبەری، زۆرجار گریانەکانى خۆی دەخستە کاتى تەنهایی و نێو شەونوێژەکانیەوە، کەچى بزەو پێکەنینەکانى، بۆ دەوروبەریی و لەنێو هاوەڵانیدا بوو.

خەمى گەورەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەفەوتانى ئادەميزاد و نەسووتانى ئوممەتەكەى بوو لەپاى سەركێشى و باوەڕنەهێنانيان، بۆيە لە چەندين ئايەتى قورئاندا باس لەو خەفەت و خەمخۆرييەى خۆشەويستمان كراوە:

(فَلَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ عَلَى آَثَارِهِمْ إِنْ لَمْ يُؤْمِنُوا بِهَذَا الْحَدِيثِ أَسَفًا)، (نابێت وا بكەيت لەخەم و خەفەتى بێباوەڕان كە باوەڕ بەم قورئانە ناهێنن خۆت لەناوببەيت).

(لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلَّا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ)، (لەوانەيە لە خەفەتى ئەوەى ئەوانە باوەڕناهێنن خۆت بەلەناوچوون بدەيت).

(وَلَا تَحْزَنْ عَلَيْهِمْ وَلَا تَكُنْ فِي ضَيْقٍ مِمَّا يَمْكُرُونَ)، (لەبەر ئەوانەى بڕوا ناهێنن، خەم و خەفەت مەخۆ و لە فڕ و فێڵيان دڵتەنگ و سەخڵەت مەبە).

(فَلَا تَذْهَبْ نَفْسُكَ عَلَيْهِمْ حَسَرَاتٍ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ بِمَا يَصْنَعُونَ)، (لەداخى ئەوان خۆت لەناو مەبە، بەڕاستى خوا چاك دەزانێت ئەوان چ كارێك ئەنجام دەدەن و چى لە هەگبەياندايە).



[1] - صحيح البخاري - كتاب المناقب - باب ما جاء في أسماء رسول الله صلى الله عليه وسلم، الرقم 3533.

[2] - صحيح البخاري - كتاب الجهاد والسير - باب ما يتعوذ من الجبن، الرقم 2823.

[3] - صحيح البخاري - كتاب الجهاد والسير - باب من غزا بصبي للخدمة، الرقم 2893.

[4] - سنن ابن ماجه - أبواب السنة - باب الانتفاع بالعلم والعمل به، الرقم 269.

[5] - صحیح مسلم، کتاب البر، الرقم 2626.

[6] - صحیح البخاری، کتاب المناقب، الرقم 3822 (عَنْ جَرِيرٍ رَضِيَ اللهُ عَنْهُ قَالَ : مَا حَجَبَنِي النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مُنْذُ أَسْلَمْتُ ، وَلَا رَآنِي إِلَّا تَبَسَّمَ فِي وَجْهِي).

[7] - صحیح مسلم، کتاب المساجد، الرقم 670.

[8] - صحیح مسلم، کتاب الفضائل، باب كان رسول الله أحسن الناس خلقا، الرقم 2310.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى