رێنماييەكان سەبارەت بە پێست

پێست، يەكێكە لە بەخششەكانى خواى گەورە بەسەرمانەوە كە وێڕاى سوودێكى زۆر بۆ لەشمان، هاوكات جوانيەكيشى پێ بەخشيوين كە زۆرجار درك بەو بەخششە ناكەين هەتا پێستمان تووشى نەخۆشييەك دەبێت، يان تووشى سووتان دەبێت.

پێستى ئادەميزاد كێشەكەى چوار كيلۆگرامە و رووبەرەكەشى دوو مەتر دووجايە، كۆمەڵێك رژێنى گرنگ لەناو پێستى ئادەميزاددا هەن، وەك مولولەى خوێن و عەرەقكردنەوەو رژێنى چەوركردن و موو، هەر موويەكيش ماسوولكە و دەمار و بۆريى خوێن و رەنگى بۆ تايبەتكراوە.

تيشكى خۆر پەيوەندييەكى راستەوخۆى لەگەڵ پێستى ئادەميزاددا هەيە، هەندێ جار تيشكەكە دەبێتە مايەى خێر و بەخشش بۆ پێست، بۆ نموونە وەرگرتنى ڤيتامين (D) لە رێى بەركەوتنى تيشكى خۆرەوەيە، بۆيە ئەو كەسانەى بڕى پێويستى ئەو ڤيتامينەيان نيە، لەلايەن پزيشكانەوە حەبيان بۆ دەنووسرێت، لەكاتێكدا ئەو حەبە هيچكات نابێتە جێگرەوەى ئەو ڤيتامينەى لە تيشكى خۆرەوە وەريدەگرين، هەندێ جاريش گرفت و نەخۆشيى لێدەكەوێتەوە، بۆيە كاتەكانى خۆدانە بەرخۆر جياوازن، هەندێ كاتى رۆژ هەن پێويستە ئادەميزاد تيايدا تيشكى خۆرى بەربكەوێت، هەندێ كاتيش دەبێت ئادەميزاد خۆى لە تيشكى خۆر بپارێزێت.

يەكێك لە بەخششەكانى پابەندبوون بە رێنماييەكانى شەريعەتەوە، سوودمەندبوونە لە تيشكى خۆر لە رێى دەرچوون بۆ نوێژە بەكۆمەڵەكان، بە چەشنێك ئەگەر كەسێك بەهۆى سەرقاڵى بە ئيشێكەوە بيەوێت لە شوێنێك دوور لە تيشكى خۆر بمێنێتەوە، ئەوە بە ناچارى دەبێت بۆ نوێژەكان بچێت بۆ مزگەوت و رێنماييش كراوە هەتا زياتر بە پێ بڕوات، بەم چەشنە بڕێكى چاك لە تيشكى خۆرى بەردەكەوێت.

گرفتێكى زانستى ئادەمى ئەوەيە كە سەبارەت بە پرسێكى دياريكراو چەندەها را و بڕيارى جياواز دەخاتەڕوو، بۆ نموونە سەبارەت بە تيشكى خۆر و سوود و زيانەكانى بۆ پێست، زانستى دوێنێ و ئەوەى ئەمڕۆ و زانستى سبەينێ يەك قسەيان نيە، تەنانەت جارى وا هەيە لە يەك سەردەمدا چەندين راو بۆچوونى جياواز دەبينين، زانكۆيەك لێكۆڵينەوەيەك دەكات و بە ئەنجامێك دەگات، زانكۆيەكى ديكەش لە توێژينەوەكەيدا ئەنجامێكى دژ، ياخود جياواز لەو لێكۆڵينەوەى پێشووى دەست دەكەوێت، وەك چۆن سەبارەت بە كاريگەريى خەو لەسەر قەڵەوى توێژينەوەى دژ بە يەك دەبينرێن.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە دواى نوێژى بەيانيى هەتا هەڵهاتنى خۆر لە مزگەوت دەمايەوە، دواتر كە خۆرهەڵدەهات، خۆى و هاوەڵانيشى بە پيادە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو تيشكى خۆريان بەردەكەوت، دەمەو نيوەڕۆ، خۆشەويستمان نەدەچوويە بەر تيشكى خۆر، بەڵكو سەرخەوى دەشكاند، هاوەڵانيش بە هەمان شێوە مامەڵەيان دەكرد.

خۆشەويستمان رێنمايى هاوەڵانى دەكرد ئەگەر نيوەڕوان تيشكى خۆر زۆر بەهێز بوو و گەرمايەكى زۆرى لێكەوتەوە، ئەوا با نوێژەكەيان بڕێك دوابخەن هەتا تينى تيشكى خۆر كەمدەكات و فێنكيەك دەگەڕێتەوە، بۆيە دەيفەرموو (إِذَا اشْتَدَّ الْحَرُّ فَأَبْرِدُوا عَنِ الصَّلَاةِ[1] (ئەگەر تينى گەرما زۆر بوو، ئەوە نوێژەكە دوابخەن هەتا بڕێك فێنك دەكات).

لەمڕۆدا ئادەميزادەكان بۆ پاراستنى پێستى دەموچاويان لە تيشكى خۆر، گرنگيى بە ماددەى دژەخۆر دەدەن، بەڵام لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) ئەو ماددەيە بەم چەشنەى ئەمڕۆ نەبوو، بەڵكو خۆشەويستمان گرنگيى بە زەيتى زەيتوون دەدا، رێنمايى هاوەڵانيشى دەكرد سوود لە زەيتى زەيتوون وەربگرن، دەيفەرموو (كُلُوا الزَّيْتَ وَادَّهِنُوا بِهِ؛ فَإِنَّهُ مِنْ شَجَرَةٍ مُبَارَكَةٍ)،[2] (زەيتى زەيتوون بخۆن و بۆ چەوركردن و لەخۆدانيش بەكاريبهێنن، چونكە لە دارێكى پيرۆزە).

 لەمڕۆدا لە وڵاتێكى وەك ياباندا ماددەى دژەخۆر لە زەيتى زەيتوون بەرهەم دەهێنرێت، چونكە زەيتى زەيتوون تيشكى سەرەوبنەوشەيى عەكس دەكاتەوەو ناهێڵێيت بەر جەستە بكەوێت، هاوكات پێستى لەش لە نەخۆشيى شێرپەنجە دەپارێزێت بەهۆى ماددەى (ئەنتى ئۆكسيدێنت) كە دژى شێرپەنجەيە، هاوكات زەيتى زەيتوون پێست تەڕ و نەرم دەكات و لە وشكى و قڵيشان دەيپارێزێت.

لە سەردانێكمدا بۆ پێشانگەيەكى كەرەستە و چارەسەرە پزيشكيەكان، چاوم بە بەرهەمەكانى يەكێك لە كۆمپانيا بەريتانيەكان كەوت كە پێداويستيەكانى وەك سابوون و شامپۆ و كرێم و دژەخۆرى هەبوو، تێكڕاى ئەو بەرهەمانە لە زەيتوونەوە بەرهەم هێنرابوون.

 خاڵێكى تر كە جێى سەرنجە، مامەڵەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووە لەگەڵ دياردەى خۆرگيراندا، زانستى ئەمڕۆ رێنمايى خەڵك دەكات كە لەو كاتەدا راستەوخۆ تەماشاى خۆرگيران نەكرێت، لە سوننەتى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەبينين لە كاتى خۆرگيراندا خۆى و هاوەڵانى نوێژى خۆرگيرانيان كردووەو نوێژەكەيان هێندە درێژكردۆتەوە هەتا دياردەكە بەرەوتەواوبوون چووە، واتە لەو ماوەدا نەوەك راستەوخۆ تەماشاى خۆرگيرانەكەيان نەكردووە، بەڵكو لەناو ماڵ و مزگەوتدا سەرقاڵى پەرستش بون.

 



[1] - صحيح البخاري - كتاب مواقيت الصلاة - باب الإبراد بالظهر في شدة الحر، الرقم 533.

[2] - جامع الترمذي - أبواب الأطعمة عن رسول الله صلى الله عليه وسلم - باب ما جاء في أكل الزيت، الرقم 1852.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى