زەروورەتی هاتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

زەروورەتی هاتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

سەردەمی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) و ماوەی پێش هاتنی، سەردەمێكی وا ئاڵۆز و پڕ خراپە بوو، خەڵكی تەواو دووركەوتبوونەوە لە پەیامی خوا، وەك بڵێی كەسێك نەبێت خوا بناسێت و پەیامی خوا بۆ ئەو خەڵكە لە دڵ‌و دەروون و كرداریدا رەنگی دابێتەوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتبوو جارێكی تر پێغەمبەرێ بێت و سەرلەنوێ خوا و پەیامی خوایی ئاشنا بكرێتەوە بە مرۆڤایەتی، چونكە ئەم هەموو كەونە بێمانا دروست نەكراوە، (وَمَا خَلَقْنَا السَّمَاءَ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا بَاطِلًا ذَلِكَ ظَنُّ الَّذِينَ كَفَرُوا فَوَيْلٌ لِلَّذِينَ كَفَرُوا مِنَ النَّارِ) (ص: ٢٧)، (ئاسمان و زەویی و، ئەوەش لە نێوانیاندایە، بە باتڵ و بێهوودە دروستمان نەكردووە ئەوە كە بەبێ‌ هوودە دروستمانكردبن، گومان و بۆچوونی بێ‌ بڕواو خوانەناسانە، سزاو تیاچوون بۆ بێ‌ بڕوایان لەناو ئاگری دۆزەخدا.).

ئەركێكی مرۆڤایەتیش لە سەر زەویدا بریتی بوو ەلە پەرستشی خوا و بەجێگەیاندنی فەرمان و رێنماییەكانی، ئەمەش كاتێك دەكرێت پەیامی خوایان پێ گەیشتبێت و لە سۆنگەی ئەو پەیامەوە پەرستشی خوا بكەن، بۆ گەیاندنی ئەم پەیامەش پێویستە پێغەمبەر و نێردراوێ هەبێت پەیامەكەی خوا بگەیەنێت بە مرۆڤایەتی، چونكە مرۆڤ ئەگەر تەنها بە عەقڵ بە دوای خوادا بگەڕێت، دەكرێت بوونی خوای بۆ دەربكەوێت، بەڵام سیفاتەكانی خوا و پەیامی ئەو پەروەردگارە بۆ مرۆڤایەتی شتێك نیە بە عەقڵ پێی بگەیت و هەر دەبێت لە رێی پێغەمبەرێكەوە پەیامی خوات پێ بگات.

هاتنی پێغەمبەران بۆ ئوممەتانی پێشوو جیاواز بووە لە هاتنی پێغەمبەری ئیسلام، لە سەردەمانی پێشتردا بەپێی شوێن پێغەمبەران دەهاتن، جار هەبوو لە یەك كاتدا چەند پێغەمبەرێ دەنێردران، هەریەكەو بۆ ناوچەیەكی سنووردار و دیاریكراو دەنێردرا، بەڵام پێغەمبەری ئیسلام دەبوو تەنها یەك پێغەمبەر بێت، چونكە سنووری زەمەنی و مەكانیشی تێپەڕاند، ئەم پێغەمبەرە پەیامەكەی بۆ هەموو سەرزەوی بوو هەتا رۆژی دوایی، بۆیە نەدەكرا چەند پێغەمبەرێكی تر هەبن و هەریەكەیان شتێك بڵێت، مادەم پەیامەكە گشتگیرەو ئەو ماوە فراوانەی گرتوەتەوە، دەبێت پێغەمبەرەكەشی یەك پێغەمبەر بێت.

هاتنی پێغەمبەری ئیسلام لە سەروبەندێكدا بوو كە هەرچی ئایینی ئاسمانی هەبوو یان سڕابوویەوە یان شێوێنرابوو، ئیتر پەیامی راستی خوا لەسەرزەویدا نەمابوو، هەر سەردەمەو شتێ لە پەیامەكە دەستكاری كرابوو تا وای لێ هات ئایینی خوایی شێوێنرا، ئەوانەشی شتێك زانیارییان لە پەیامی ئاسمانی لەلا مابوو و كەمینەیەكی زۆر كەم بوون، دەیانزانی كاتی هاتنی پێغەمبەری ئاخیرزەمانە، پێغەمبەرێك تەواوكەری پەیامەكانی پێشوو بێت و چەوتی و لادانەكان راست بكاتەوە، ئەمەشیان لە كۆڕ و دانیشتنەكاندا باس دەكرد و خەڵكێكی زۆر چاوەڕێ بوون لەو سەروبەندەدا پێغەمبەرێ دەربكەوێت.

هەندێ كەس كە ئەم باسوخواسەیان دەبیست، هیوایان وابوو پێغەمبەرایەتی بەر ئەوان بكەوێت، بۆیە دەكەوتنە خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو پۆستە، وەك چۆن ئەمڕۆ دەنگۆی هەڵبژاردن هەبێت، خەڵكێك هەوڵ دەدات سیڤی خۆی ئامادە بكات و پێگەی جەماوەری بەدەست بهێنێت، خەڵكانێكیش هەبوون كە بەسەرهاتی هاتنی كۆتا پێغەمبەریان دەبیست، دەكەوتنە خۆئامادەكردن بەو هیوایەی پێغەمبەرایەتی بۆ ئەوان داببەزێت.

لەو نێوەندەدا ئەوەی ئاگاداری ئەم مەسەلە نەبوو و هیچ ئامادەكاریەكی بۆ نەدەكرد، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) بوو، (وَمَا كُنْتَ تَرْجُو أَنْ يُلْقَى إِلَيْكَ الْكِتَابُ إِلَّا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ ظَهِيرًا لِلْكَافِرِينَ) (القصص: ٨٦)، (تۆیش ئەی محمد هەرگیز بەتەمای ئەم قورئانە نەبوویت بۆت بنێررێ‌، بەڵام رەحمەتی پەروەردگاری تۆ وای خواست، بێ‌ بڕواكان پێیان خۆش بوو كە پەیامبەر نەرمیەكیان نیشان بدات لەگەڵ خواكانیاندا، جا خواش فەرمووی: سا تۆش هەرگیز پشتیوانی لە كافرو بێ‌ بڕوایان مەكە)، خەڵكیش دواتر رەخنەیان دەگرت كە چۆن پەیام بۆ كەسێك داببەزێت كە هیچ ئامادەكاریەكی نەكردووە بۆ پێغەمبەرایەتی و تەنانەت خوێ،دەواری نیە، سامانی نیە، دەسەڵاتی نیە، دەبوو بۆ كەسانێك داببەزێت كە – بە دیدی ئەوان – شیاوی پێغەمبەرایەتی بوون چونكە ئامادەكارییان كردووە بۆ پۆستێكی وا خوای گەورە وتەی ئەوان نەقڵ دەكات كە دەیانوت (وَقَالُوا لَوْلَا نُزِّلَ هَذَا الْقُرْآنُ عَلَى رَجُلٍ مِنَ الْقَرْيَتَيْنِ عَظِيمٍ) (الزخرف: ٣١).(بیانوویەكی تریان گرت و وتیان: بۆچی ئەم قورئانە بۆ پیاوێكی گەورەی دەوڵەمەندی ئەم دوو شارە مەككەو تائیف نەهاتە خوار؟ بۆچی خوا (وەلیدی كوڕی موغیرە)ی مەككەیی و (عوروەی كوڕی مەسعود)ی (سەقەفیی) لە تائیفدا نەكرد بە پەیامبەر؟ كە خاوەنی سەروەت و سامانن! دیارە تەرازووی هەموو حەقیقەتێك لای جاهیلیەت گەورەیی و سەروەت و دارایی و هێزو دەسەڵاتە!).

دەكرێت بپرسین ئایا دەكرا كەسێكی تر هەڵبژێردرێت باشتر بێت لە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم)؟ یان ئەو سیفەتانەی لە پێغەمبەری خوادا (صلی الله علیه وسلم)  هەبوون، لە كەسی تردا هەبوون؟

پێش پێغەمبەرایەتی هیچ كەس قسەی نەبوو لەسەر كەسێتی‌و گەورەیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، بەلام كە وەحی هات بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، ئیتر گومانیان لەسەر ئەوە هەبوو دەكرا وەحی بۆ كەسێكی تر بێت، كەسێك كە بە دیدی ئەوان تایبەتمەندی گرنگتری هەیە بۆ ئەو پۆستە، بە دیدی ئەوان دەبوو ئەگەر لە مەككە پێغەمبەرایەتی هەبوایە دەبوو بۆ كەسێكی وەك وەلیدی موغیرە بهاتایە، كەسێكی دەوڵەمەند و خاوەن ماڵ و منداڵ و دەوروبەرێكی زۆر، لە تائیفیش بوایە بۆ عوروەی كوڕی مەسعوود باش بوو كە ئەویش دەوڵەمەند و بە دەسەڵات بوو و دەوروبەرێكی زۆری هەبوو، واتە مەسەلەكە لە دیدی ئەوانەوە پەیوەندی نیە بە كەسێتی كەسەكە خۆیەوە، بەڵكو پەیوەستە بەو چواردەور و سامانەی كە هەیەتی، زۆرجار لەمڕۆشدا هەمان بیركردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەركردە بەدیدەكرێت و هێندەی دەوڵەمەندێ یان خاوەن هێزێ دەنگ دەهێنێت و خەڵكی دەنگی پێ دەدەن، هێندە كەسێكی ژیر و كارامە ئەو گرنگیەی پێ نادرێت، بەڵام لای خوای گەورە هیچ كات دەوڵەمەندی پێوەر نەبووە.

ئەو روانینە شتێكی نوێ نەبوو، بەڵكو لە سەردەمانی پێشووشدا خەڵكانێك هەمان روانینیان هەبوو، ئەمەش لە بەسەرهاتی تالووت و جالوتدا بەدیدەكەین كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی كردووە، كاتێ خوا تالووتی بۆ دانان، رەخنەیان گرت‌و وتیان چۆن ئەو دیاری كراوە لەكاتێكدا ئێمە لەو شیاوترین، هەروەها ئەو پارە و سامانێكی وای نیە، (وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ اللَّهَ قَدْ بَعَثَ لَكُمْ طَالُوتَ مَلِكًا قَالُوا أَنَّى يَكُونُ لَهُ الْمُلْكُ عَلَيْنَا وَنَحْنُ أَحَقُّ بِالْمُلْكِ مِنْهُ وَلَمْ يُؤْتَ سَعَةً مِنَ الْمَالِ قَالَ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَاهُ عَلَيْكُمْ وَزَادَهُ بَسْطَةً فِي الْعِلْمِ وَالْجِسْمِ وَاللَّهُ يُؤْتِي مُلْكَهُ مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ) (البقرة: ٢٤٧).(جا كە ئەوان داوای سەركردەو ئەمیرێكی جەنگییان كرد پەیامبەرەكەیان پێیگوتن: دەسا دڵنیابن خوا بڕیاری داوە (تالووت) -كە سەربازێكەو لەبنەماڵەی پاشاكان نییە- پاشاو ئەمیرتان بێت، وەك خۆشتان داوای پاشاو فەرماندەیەكتان كرد كەچی هەندێكیان وتیان: جاكوا ئەو شایانی ئەم پاشایەتیەیە لەسەر ئێمە؟! واتە: لەبنەماڵەی سەركردەو پاشاكان نیە ئێمە خۆمان لەو زۆر بە شیاوتر دەزانین بۆ سەركردایەتی وفەرماندەیی جگە لەوەیش، ماڵ و سامانێكی وایشی پێنەدراوە، دیارە پاشاو فەرماندەش بەلای ئەوانەوە دەبێ‌ سەروەتمەند بێ‌ پەیامبەرەكە وتی: بێگومان خوا ئەو (تالووت)ـەی بۆ هەڵبژرادوون ‌و لەسەری كردوونە فەرماندە و زانست و زانیارییەكی زۆرو، قەڵافەتێكی بەهێزو، شان و شەوكەتێكی پتر لەئێوەی داوەتێ‌ واتە: زۆر ئازاو خاوەن پلانی جەنگە، خوا بیەوێ‌ موڵك و پاشایەتی بە هەركەس بدا دەیدا، ئیتر بەئارەزووی ئێوە نابێت، بەخششی فراوان و بەر بڵاوە، لە هەمووشتێك بەئاگایە)، كەواتە دووبارە پێوەرەكە پێوەری دەوڵەمەندی و گیرفان پڕی بوو، دەی ئەو گیرفان پڕانە ئەگەر پۆست وەربگرن، لەبری بەتاڵكردنەوەی گیرفانیان بۆ خەڵك، گیرفانی تر ئەدوورن و ئەوانیش پڕ ئەكەن، چواردەورێكیشیان لە دەور كۆئەبێتەوە كە هاوكاریان بن لە دزی و گەندەڵیدا، قاروون و فیرعەون ئاسا دەست دەگرن بەسەر بەرژەوەندیەكاندا و خەڵكی دەچەوسێننەوە.

قوڕەیشیەكان دوو كەسیان هەبوو هەتا ركەبەری پێغەمبەری خوای (صلی الله علیه وسلم) پێ بكەن، ئەوانیش بریتی بوون لە وەلیدی كوڕی موغیرە و عوروەی كوڕی مەسعوودی سەقەفی، وەلید خۆی بە بێباوەڕی مرد، بەڵام خالیدی كوڕی موسڵمان بوو، چونكە وەلید بە شەرمی ئەزانی بەو تەمەن و توانایەی هەیەتی، شوێن پێغەمبەری خوا بكەوێت، كەچی ئەم خۆبەزلزانیە لە دەروونی خالیدی كوڕیدا دروست نەبوو و دواتر موسڵمان بوو، هەروەها عوروەش موسڵمان بوو و لە پێناو ئیسلامیشدا شەهید بوو.

لای بێباوەڕان جێی پرسیار و ناڕەزایی بوو چۆن دەبێت لەو هەمووەدا كەسێكی وەك موحەممەد هەڵبژێردرێت، بەڵام خوای گەورە زاناترە (وَكَذَلِكَ فَتَنَّا بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لِيَقُولُوا أَهَؤُلَاءِ مَنَّ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنْ بَيْنِنَا أَلَيْسَ اللَّهُ بِأَعْلَمَ بِالشَّاكِرِينَ) (اڵانعام: ٥٣)، (ئێمە هەر ئابەوشێوەیە هەندێكیان بە هەندێكی دی تاقیدەكەینەوە، دەوڵەمەند بەهەژار، بێ‌ پایە بە پایەدار، هە تا دەڵێن: ئاخۆ خوا لە نێوانماندا ئەمانەی بەرچاكەی خۆی خست و منەتی نایە سەریان و هەڵیبژاردن بۆ ئیمان وباوەڕ؟! واتە: ئێمە شایستەی ئەومنەتەبووین كەخوا هیدایەتمان بدات، نەك ئەوخەڵكەلات ولاوازە، ئاخۆ خوا لەوان باشتر سوپاسكاران ناناسێ‌؟)، كەواتە ئەگەر ئەوان دەوڵەمەندی و باوبانگ و دەسەڵاتیان لا گرنگ بوو، خوای گەورە شوكرانەبژێری و ئیصلاح و ئیخلاص و پەرستشكاریی لا گرنگە.

لە ئەسەردا هاتووە مووسا پێغەمبەر پرسیاری كرد لە خوای گەورە كە بۆچی منت هەڵبژارد، ئەویش فەرمووی لەناو دڵی هەموو بەندەكانی ئەو سەردەمەدا لە دڵی تۆ نیازپاكترم بەدی نەكرد، بۆیە دڵی تۆم هەڵبژارد بۆ پێغەمبەرایەتی.

جا هەڵبژاردنی پێغەمبەرایەتی لەلایەن پەروەردگاریەوەیەتی نەوەك لەلایەن خەڵكەوە، خوای گەورە دەفەرموێت (اللَّهُ يَصْطَفِي مِنَ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا وَمِنَ النَّاسِ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ) (الحج: ٧٥)، (خوانەناسان پێیان وابوو: كە هەر لەناو ئادەمزادا پەیامبەر هەیە! بۆیە فەرمووی: خوا لە فریشتە (وەكو جبریل)، وە لە مرۆڤ هەڵدەبژێرێ‌ و دەیكاتە نوێنەر، بەراستی خوا زۆر بیسندەی بینایە، دەزانێ‌ ئەوانە چی دەڵێن و، چی دەكەن). بۆ نموونە لەناو مرۆڤەكاندا خوای گەورە پێغەمبەرانی وەك ئیبراهیم و نووحی هەڵبژاردووە، وەك دەفەرموێت (إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَى آدَمَ وَنُوحًا وَآلَ إِبْرَاهِيمَ وَآلَ عِمْرَانَ عَلَى الْعَالَمِينَ) (آ‌ل عمران: ٣٣)، (بێگومان خوا ئادەم ونوح و ئیبراهیم وخانەوادەی ئیبراهیم و، ئالی عیمران (باوكی مەریەم)ی هەڵبژاردوو رێزی دان بەسەر هاوچەرخانی خۆیانداو كردنیە پێغەمبەر). هەروەها دەفەرموێت (قَالَ يَا مُوسَى إِنِّي اصْطَفَيْتُكَ عَلَى النَّاسِ بِرِسَالاَتِي وَبِكَلاَمِي فَخُذْ مَا آتَيْتُكَ وَكُن مِّنَ الشَّاكِرِينَ) (اڵاعراف: ١٤٤). (مووسا گەیشتە میقاتەكەو خوا فەرمووی: مووسا! بێگومانبە من بەم پەیام و قسانە لەگەڵم كردیت، هەڵمبژاردویی و فەزڵمدایت بەسەر ئەوخەڵكەدا، دەسا تۆش هەرچیم پێداوی توند توند بیگرەو كاری پێ بكە و لە شوكرانە بژێرانیش بە).

چونكە ئەوەندەی خوای گەورە زانایە بە بەندەكانی، نەوەك دەوروبەرەكەی تەنانەت خودی بەندەكەش هێندە شارەزا نیە، خوای گەورە دەفەرموێت (وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْأِنْسَانَ وَنَعْلَمُ مَا تُوَسْوِسُ بِهِ نَفْسُهُ وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ) (ق: ١٦).  (سوێند ئەخۆم كە ئادەمیمان دروستكردووەو بە وەسوەسەو خەیاڵاتی دڵیشی دەزانین و ئێمە بۆ ئەو لە شادەماری راست و چەپی گەردنی كە ئەگەنەوە دڵی نزیكترین)، یانی هێشتا ختوورەی دڵی مرۆڤەكە نەكەوتوەتە سەر زار و بە كرداری نهێنیش ئەنجام نەدراوە، خوای گەورە پێی ئاگادارە، بەڵكو بە داهاتوویشی ئاگادارە، بۆیە خوا زاناترە كێ هەڵدەبژێرێ.

ئەمە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵك نیە، چونكە ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی مرۆڤ زۆر هەڵەو كەموكورتییان نیشان داین،  تۆ نازانی ئەوەی ئەمرۆ پۆستی دەدەیتێ‌ بەیانی بە چی دەگات؟ بۆیە خوای گەورە ئەو هەڵبژاردنەی نەداوەتە دەست مرۆڤەكان و خۆی پێغەمبەرانی هەڵبژاردووە، چونكە هەڵبژاردن دەستكەوت و كەسابەت نیە هەتا بە هەوڵ‌و هەنگاو بۆ نان پێی بگەیت.

ئەو پێغەمبەرانەش كە هەڵبژێردراون، لەلایەن قەومەكانیانەوە شایەتی چاكەو راستگۆییان دراوە، واتە ئەگەر شایەتییان لێ وەربگیرایە چاكترین كەسانی ناو ئێوە كێن؟ ئاماژەیان بە پێغەمبەران دەدا، واتە پێش ئەوەی هەڵبژاردنی خوا بۆ ئەو پێغەمبەرانە ئاشكرا ببێت، خەڵكی خۆیان هەڵیانبژاردبوون بۆ هەموو چاكەیەكی وەك راستگۆیی و دەستپاكی و نەرمونیانی و ..هتد، وەك چۆن قوڕەیشیەكان ئەو شایەتیەیان دا بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و لەكاتی دانانەوەی بەردەڕەشی كەعبەدا هەموان هاواریان كرد ئەوە ئەمین و دەستپاكە و رازین دادوەری نێوانمان بكات، (1) لە ساتی پێش راگەیاندنی پێغەمبەرایەتیشدا پێیان وت (ما جربنا علیك كذبا)، (2) (درۆمان لێ ئەزموون نەكردویت)، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە وتیان (تەنها راستگۆییمان لێ ئەزموون كردویت)، (3) تەنها راستیمان لە تۆدا بینیوەو هیچی تر، واتە هەم گومانی درۆزنی لێ دووردەخەنەوە، هەم دان دەنێن بە راستگۆییەكەیدا، چونكە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشینەی درۆزنی نیە.

كەواتە ئەو كەسەی خوا هەڵیبژاردووە ئەم مەرجانەی تێدا بووە:

یەكەم: چاكترینی كەس لەناو قەومەكەیدا: ئەوەی خوای گەورە هەڵیدەبژێرێت دەبێت خەڵك پێش پێغەمبەرایەتی شایەتی چاكی و پاكی بۆ بدەن.

دووەم: ئەگەر شایەتی بدرایە بیانوتایە باشترین كەس كێیە لەناو هۆزەكەتاندا دەیانوت فڵانە كەسە، ئەو فڵان كەسە خوای گەورە هەڵیدەبژارد دەیكرد بە پێغەمبەر.

سێهەم: كەسێك بێت نموونەی باڵا بێت لە راستگۆیی و سپاردەكاری و دڵسۆزی و رەوشتبەرزیدا.

بەڵام لەگەڵ بوون بە پێغەمبەریاندا كە ئیتر بە دڵی قەومەكەیان نەجووڵاونەتەوە، ئەوكات رەخنەیان لێگیراوەو تۆمەتیان دراوەتەپاڵ، نموونەش بۆ ئەوە بەسەرهاتی صالح پێغەمبەرە كە لە قورئاندا باسكراوە (قَالُوا يَا صَالِحُ قَدْ كُنْتَ فِينَا مَرْجُوًّا قَبْلَ هَذَا أَتَنْهَانَا أَنْ نَعْبُدَ مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا وَإِنَّنَا لَفِي شَكٍّ مِمَّا تَدْعُونَا إِلَيْهِ مُرِيبٍ) (هود: ٦٢)، (هۆزەكەی لەوەڵامدا وتیان: ئەی صالح! بەراستیی تۆ بەرلەوە ئەم قسانە بكەیت جێی هیواو ئومێدی ئیمە بوویت، چاوەڕوانبووین ببیتە سالارو گەورەمان، كەچی بەوقسانە بێ‌ هیوات كردین! ئایا لەپەرستنی پەرستراوەكانی باووباپیرانمان رێمان لێدەگریت؟ وە بەراستی ئێمە بەرامبەر ئەوخوایە بانگمان دەكەیت بیپەرستین بەگومان و دوو دڵین).

ئەگەر كەسێك لەمڕۆدا خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، هەوڵ ئەدات چی سیفەتی جوانی هەیە بیخاتەڕوو، ماڵ منداڵی خۆی لە بانگەشەكاندا هاودەمی دەكەن بۆ ئەوەی بڵێت من خێزانێكی سەركەوتووم هەیە و توانیومە ماڵ و مناڵم ببەم بەڕێوەو هەمان تواناشم هەیە وڵات ببەم بەڕێوە، ئەمە پاڵپشتیەكی گەورەیە بۆ كەسەكە تا جەماوەری پێ پەیدا بكات، دەی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لە هەموو ئەوانەدا زۆر سەركەوتوو بووە، لەناو هەموو قوڕاو و چڵپاوی مەككەدا، پرژێ بەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەكەوت و خۆیشیان ئەو شایەتیەیان بۆ ئەدا، جا ئەگەر خەڵكی راسپێرین جوانترین سیفەتەكان كۆبكەنەوەو ریزیان بكەن (راستگۆیی، دەستپاكی، نەرمونیانی، بەخشندەیی، گەشبینی، داوێنپاكی، خاكیبوون، رووخۆشی...) دواتر بەراوردی بكەین بە كەسێتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، هەموو جوانیەكانی تێدا كۆبووەتەوە، واتە هەموو صەحەكانی پاڵ نمرەكان، لە سەروو نایابەوەن، ئەگەر لەوەش نمرەی زیاتر هەبێت، صەحەكان بۆ ئەو زیاترە ئەبوون.

بەڵام خوا سیفەتی دەوڵەمەندی و سەرمایەداری و دەسەڵاتی بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەدابوو، ئەگەرنا دواتر دەیانوت ئەو خەڵكەی شوێنی كەوتووە لەبەر سامان و پارەكەی، یان لەبەر دەسەڵات و تواناكەی شوێنی كەوتوون، هەروەها خوای گەورە هەموو كوڕەكانی لێسەندەوەو هەر بە منداڵی كوڕەكانی وەفاتیان دەكرد، تەنها كچەكانی بۆ هێشتەوە، هەتا ئەو پێدانازینەی بە كوڕدا لەو سەردەمەدا هەبوو، نەكرێتە تۆمەتێ بۆ سەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم).

ئەوەی مابوویەوە زەیدی كوڕی حارپه بوو كە مەولای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوو، جارێك سوارەیەكی تیهامە دای بەسەر ناوچەی هۆزەكەی دایكی زەیددا و زەیدیان بە كۆیلە گرت و بردیانە بازاڕی مەككەو خەدیجەش زەیدی كڕی و بە دیاری بەخشی بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، جا كاتێك حارپه هاودەم بە براكەی و كوڕێكی تری هات بۆ مەدینە بۆ ئەوەی زەید بكڕێتەوەو لە كۆیلەیی رزگاری بكات، حارثه و دەستەكەی بانگی زەیدیان كرد بەڵام ئەو وەڵامی نەدایەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی ئەی زەید ئەوانە كێن؟ وتی ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەوەیان باوكمەو ئەوەشیان ماممەو ئەوەشیان برامەو ئەوەش هۆزەكەمن، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی (دەی هەستەو سەلامیان لێ بكە) ئەوانیش سەلامیان لێكرد، ئینجا وتیان ئەی زەید لەگەڵ ئێمە وەرەوە، جا سەیركەن زەید دەزانێت هەتا ماوە لەناو مەككەدا بێ‌ كەسوكارە‌و دەبێت بەو شێوە بژی، ئێستا خوای گەورە باوك و مام و برایەكی بۆ ناردووە و بە داراییەكی باشەوە هاتوون و بە دوای كوڕەكەیاندا گەڕاون، دەبێت زەید چی بكات،  زەید وتی بەس لای پێغەمبەری خوام دەوێت و نایگۆڕمەوە بە كەس، وتیان ئەی موحەممەد چەند پارەو سامانت ئەوێت پێ دەدەین لەبری ئەم كۆیلەیە تا بیدەیتەوە پێمان، بە عەقڵی ئێمە بێت دەبێت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بیفەرموایە من كۆمەڵێك كچم هەیە و ئەم كوڕەش لە ماڵی ئێمە بێگانەیەو پێشم خۆشە بیبەنەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەوە گەورەترە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی داواتان لێ دەكەم شایەتی بدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و من كۆتاو سەرمۆری پێغەمبەرانی خوام ئینجا دەینێرم لەگەڵتان، بەڵام ئەوان بەوە رازی نەبوون، دواتر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) رێی دا بیبەن، بەڵام زەید ئامادە نەبوو لەگەڵیان بڕوات، ئەی زەید غەریبایەتی و خزمەتكاری و بێكەسی و بەندایەتی هەڵدەبژێریت بەسەر كەسوكارت و بەسەر ئازادیتدا، كەس هەیە بەمەی تۆ ڕازی بێت ئەگەر عاقڵ بێت؟ خۆ ئەم مرۆڤە لە سۆز نەشۆردراوەتەوە، بەڵام زەید بێ وەڵام نیە، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) غەرقی كردووە لە ناو خۆشەویستیدا، ئیتر ناتوانێت لێی دوور بكەوێتەوە، كەواتە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) جێی هەموو كەسێكی بۆ زەید گرتووەتەوە، زەید ئەوەی لەبەر چاو بوو لەوەتەی لە گەڵ ئەم پیاوەم، ڕۆژێك كارێكم نەكرد بڵێ‌ بۆچی نەتكرد، جارێ نەبوو لەسەر شتێ سەركۆنەم بكات، جا شتی وا لە مێژوودا قەت رووینەداوە كەسێك كۆیلایەتی هەڵبژێرێت بەسەر ژیان لەناو ماڵ و كەسوكاری خۆیدا.

خێزانەكانی پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) دواتر كە سەرپشك ئەكرێن لەنێوان دنیا و پێغەمبەردا(صلی الله علیه وسلم)، ئەوانیش پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) هەڵدەبژێرن، ئەوەبوو پێش ئەو سەرپشككردنە هەندێ لە خێزانەكانی جۆرێ لە گلەیی و ناڕەزاییان هەبوو لە ژیانی خۆیان، چۆن دەكرێت خاتوونەكانی سەرۆكی وڵات و رابەری رۆحی خەڵك، ئاوا هەژار و نەدارانە بژین، خوای گەورەش بە دەقی ئایەت سەرپشكی كردن: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ إِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا فَتَعَالَيْنَ أُمَتِّعْكُنَّ وَأُسَرِّحْكُنَّ سَرَاحًا جَمِيلًا (28) وَإِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الْآخِرَةَ فَإِنَّ اللَّهَ أَعَدَّ لِلْمُحْسِنَاتِ مِنْكُنَّ أَجْرًا عَظِيمًا (29)) (اڵاحزاب: ٢٨ - ٢٩). (ئەی پەیامبەر! بە ژنەكانت بڵێ: ئەر ئێوە ژین و جوانی ئەم دنیایەتان دەوێ دەسا وەرنە پێش، با مارەیی و هەندێ شتومەكتان بدەمێ‌ و بە خوا پەسەندانەو جوانی دەستتان لێبەر بدەم و بەڕێتانكەم، واتە: بێ هیچ ڕەنجە دڵ و گازندەو دەردی سەرییەك وە ئەگەر خواو پەیامبەرەكەیی و، پاداشی دوا ڕۆژتان دەوێ و، ڕازی دەبن بەو ژیانەی ئێستاتان، ئەوە بەڕاستی خوا بۆ چاكە كارانتان -ئەوانەتان ڕازی دەبن بەم ژیانە- پاداشتێكی گەورەی ئامادە كردووە).

خێرا عائیشە وەڵام دەداتەوە‌و پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) و حەسانەوەی ناو بەهەشت هەڵدەبژێرێت، ئافرەتێكی گەنج كە هێشتا سەرەتای ژیانیەتی، لەلایەن پێغەمبەری خوا و سەرۆكی وڵاتەوە سەرپشك ئەكرێ و هیچ ترسێكی نیە، كەچی ژیانێكی هەژارانە هەڵدەبژێرێ، هەموو خێزانەكانی تریشی هەمان شت ئەكەن، ژیانێ هەڵئەبژێرن كە بە مانگ ئاگر لە ماڵیاندا نەكرێتەوەو مەنجەڵ نەخرێتە سەر ئاگر، لەوێ كاسەی پڕ ئاشتی ماڵ نیە، لەوێ خواناسی ئاشتی ماڵە.

•       Micheal Hart, پۆڵێنی سەد گەورەی مێژووی كردووە، یەكەم كەس پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) هەڵدەبژێرێت، دەڵێت (موحەممەدم لە سەرەتای ئەم لیستەدا دانا، هەر دەبێ خەڵكێكی زۆر واقیان وڕ مێ لەم هەڵبژاردنە، مافی خۆیشیانە، بەڵام موحەممەد تاكە مرۆڤێكی ناو مێژووە كە توانی بە شێوەیەكی رەها لەسەر ئاستی دینی و دنیاییش سەركەوتن بەدەست بهێنێت).

     حەسسانی شاعیر دەفەرموێت:

وأَحسنُ منكَ لم ترَ قطُّ عيني           وَأجْمَلُ مِنْكَ لَمْ تَلِدِ النّسَاءُ

خلقــتَ مبرأً منْ كــلّ عيــبٍ            كأنكَ قدْ خلقتَ كما تشاءُ

واتە: (لە تۆ جوانتر چاوم نەیبینیوە، لە تۆ چاكتر ئافرەتان نەیانهێناوەتە بوون، لەدایك بویت بە بێ هیچ عەیببێك، وەكوو ئەوەی دروستكرابیت بەو جۆرەی كە خۆت دەتەوێت).

كەواتە ئەگەر پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) خۆی خەلقی بۆ خۆی هەڵی بژاردایە، هێندەی ئەوە كامڵ و جوان دەرنەدەچوو كە خوای گەورە بۆی هەڵبژاد.

 

.................................. 

پەراوێزەكان:

[1] - ابن سعد: الطبقات الكبرى، ج1، ص 146.

2 - متفق علية.

3 - صحيح البخاري، الرقم 4496.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123