گرنگى بابەتى تەندروستيى پێغەمبەرى خوا

ئادەميزاد هەميشە بۆ گەيشتن بە ئامانج و بڕينى رێيەك كە شارەزاى نيە، ياخود گومانى لە حەقيقەتەكانى پەيوەست بەو رێيە هەيە، پەنا دەباتە بەر شارەزايەك كە يان وردەكاريى رێگەكە بزانێت، ياخود ئەزموونى رێگەكەى كردبێت و بە ئەنجامێكى دروست گەيشتبێت، ئەم حاڵەتەش بۆ رێڕەوى ژيانى ئادەميزاد هەر وايە، هەركات پێويستمان بەوەيە لەم ئاڵۆزيى و ناڕوونييانەى ژياندا، كەسێك بكەينە پێشەنگ و دەمڕاستى رێمان كە شارەزاييەكى باشى هەبێت، ئەويش پێغەمبەرى خوايە (صلى الله عليه وسلم) كە خواى گەورە لەبارەيەوە دەفەرموێت (ولكم في رسول الله أسوة حسنة)، واتە (لە پێغەمبەرى خواوە پێشەنگيەكى باشتان بۆ هەيە)، بەڵكو بە دەقێكى تر فەرمانمان پێ دەكات ئەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆى هێناوين، وەريبگرين (وما آتاكم الرسول فخذوه و ما نهاكم عنه فانتهوا)، واتە (پێغەمبەرى خوا چى بۆ هێناون وەريبگرن و بەجێى بگەيەنن، رێگريشى لێكردن لە هەرچييەك، لێى دووربكەونەوەو خۆتانى لێ بپارێزن).

من دڵنيام ئەم پێشەنگييە سەرجەم كايەكان دەگرێتەوە، بۆيە ئەو گشتگيرييەش لە دەقەكەدا هاتووە، پێم وايە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە سەرجەم كايەكانى ژياندا لەلايەن پەروەردگاريەوە رێنموونيى كراوە، وەك چۆن شتێكى نەفەرمووە لەخۆوە بێت، هەنگاوێكيشى هەڵنەناوە لەخۆوە بێت، لەخۆوە نەژياوە، خەو و خۆراك و جووڵە و ئاكاريشى لە بازنەى ئەو ئايەتەدا كۆبوونەتەوە هەتا لە سەرجەم كايەكانى ژياندا ستاندەرێك بە ئادەميزادەكان ببەخشێت، چونكە وەك چۆن بۆ پەرستش و تێگەيشتنمان لە پرسە بيروباوەڕييەكان، پشت بە نەقڵ دەبەستين نەوەك زانستيى ئەزموونيى -كە حەقيقەتێكى سنووردارى هەيە لە ئاست گۆڕانى ناوچەيى و كاتيى و كەسێتيدا-، دەكرێت لە بوارەكانى ترى ژيانيشدا هەمان ئەگەر دابنێين، ئايا ئەوەى ئەمڕۆ زانست دەيڵێيت، راستيەكى رەهايە؟ بۆ سەلماندنى ئەمە، دەبێت بزانين چەندە يەكانگيرە لەگەڵ دەق و رێنماييەكانى نەقڵ و پەيڕەويان لەو پێشەنگەدا كە الله راستێتيى پێشەنگبوونى ئەوى خستۆتەڕوو.

ئەم پێشەنگەمان لەلايەن پەروەدگارەوە رێنموونيى كراوە، لەلايەن خواى گەورەشەوە فەرمانى پێكراوە رێنموونيى خەڵك بكات بۆ ژيانێكى دروست، شايەتيشى بۆ دراوە كە ئەو ئەركەى بەجێگەياندووە، خواى گەورە دەفەرموێت (وَإِنَّكَ لَتَهْدِي إِلَىٰ صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ)، واتە (بەڕاستى تۆ رێنموونى خەڵك دەكەێت بەرەو رێى رێك و راست).

لەوانەيە لاى زۆر كەس زۆر نامۆ بێت ئەگەر پێى بڵێيت بۆ تەندروستيى تاكێك لە سەدەى بيست  ويەكەمدا پێويست دەكات بگەڕێينەوە سەر تەندروستيى پێغەمبەرى خوا لەكاتێكدا چواردە سەدە لەمەوبەر ژياوە؟ ئاساييە هەر كەسێك وابيربكاتەوە مادەم لێكۆڵينەوەيەكى وردى زانستيى لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام نەدابێت، بەڵام ئێمە كە دێين لێرەدا قسەى لەسەر دەكەين، لێكۆڵينەوەمان لەبارەوە كردووە، بەدواى پرسە گرنگەكانى ئەو بوارەدا رۆيشتوين و بۆ راستێتى زانيارييەكانيش پشتمان بەستووە بە دەقە صەحيحەكان هەتا خۆمان لە گومان و رارايى لابدەين، دابەشكارييەكمان بۆ بابەتەكە كردووەو تەوەر بە تەوەر ئيشمان لەسەر كردووە، دواجاريش گەيشتووينەتە ئەنجامێك كە لێرەدا دەيخەينەڕوو، هەرچەندە ئەم نووسينەمان بێ هەڵە و پەڵە نابێت، بەڵام هيوامان وايە سەرەتايەك بێت بۆ توێژينەوەى وردتر و فراوانتر لەم بوارەدا.

بابەتێكى تر كە سەرنجمان رادەكێشێت بۆ لێكۆڵينەوە لەم پرسە، ئەوەيە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها يەك جۆر نەژياوە، واتە ژيانى تەنها وەك سەركردەيەك نەبووە هەتا بڵێين مۆدێلى تەندروستيەكەى تەنها بۆ ئەو چەشنە كەسانە دەبێت، يان وەك گەنجێك نەژياوەو تەمەنى رانەبواردبێت، ياخود زگورتێك بووبێت دوور لە هاوسەرگيريى، ياوەكو شارنشينێك بووبێت دوور لە ژيانى لادێ و ئيشى سەخت،  يان.. بەڵكو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژيانێك ژياوە كە هەركەس دەتوانێت لە سۆنگەى خۆيەوە تەماشاى ژياننامەكەى بكات:

  • بازرگانێك لە رووە بازرگانييەكەو جووڵە و هاتوچۆى كەشوهەوا و ناوچەى جياواز.
  • سەربازێك وەك بەشداربوويەكى مەيدانى جەنگ و برينداربوون و چەشتنى ماندوێتيى.
  • هاوسەردارێك وەك پياوى خاوەن هاوسەر بە تەمەن و سروشتى جياوازى هاوسەرەكانيەوە.
  • سەركردەيەك وەك رێبەرێك كە سەرقاڵى زۆرى هەبێت و زۆرجار هێندە جەنجاڵيى هەبێت كە دەرفەتى جووڵەى زۆرى نەبێت.
  • هەژارێك كە زۆرجار نەتوانێت هەندێك جۆرى خۆراك و پۆشاك بەدەستبخات بەو چەشنەى سيستمە تەندروستييەكان باسى لێوە دەكەن.

ئيبنولقەييم لەم بارەيەوە دەڵێت: (وَمَنْ تَأَمَّلَ هَدْيَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَجَدَهُ أَفْضَلَ هَدْيٍ يُمْكِنُ ‌حِفْظُ ‌الصِّحَّةِ ‌بِهِ، فَإِنَّ حِفْظَهَا مَوْقُوفٌ عَلَى حُسْنِ تَدْبِيرِ الْمَطْعَمِ وَالْمَشْرَبِ، وَالْمَلْبَسِ وَالْمَسْكَنِ، وَالْهَوَاءِ وَالنَّوْمِ، وَالْيَقَظَةِ وَالْحَرَكَةِ..[1] (هەركەس لە رێكار و ژيانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رابمێنێت، دەبينێت چاكترين رێكارە بۆ پاراستنى تەندروستيى خۆى، چونكە ئەو پاراستنى تەندروستيە، پەيوەستە بە جوان رێكخستنى خۆراك و خواردنەوەو پۆشاك و شوێنى مانەوەو ئاو و هەوا و خەوتن و جووڵە و بێداريى..).



[1] - ابن القيم: الطب النبوي، دار الهلال، بيروت، ص 159.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى