بەشێوەيەكى گشتى پلەبەندى كراوە بۆ تەندروستيى ئادەميزاد، لەوانەش:
يەكەم: تەندروستيى نموونەيى:
ئەمە ئەو جۆرەى تەندروستييە كە لە جيهاندا هەوڵى بۆ دەدرێت و ناوەند و پێگە زانستيى و تەندروستييەكان هەوڵ دەدەن پێى بگەن، تەندروستييەك كە لە هەر سێ تەوەرەى جەستەيى و عەقڵ و كۆمەڵايەتيەوە بێ كەموكورتى بێت، ئەمەش كاتێك دێتەدى كە كۆى كۆمەڵگە بتوانێت ئاڕاستەى ئەم پلەى تەندروستييە وەربگرێت نەوەك تەنها چەند نموونەيەكى لەو چەشنەى تێدا بێت.
دووەم: تەندروستيى باش:
ئەم جۆرەيان ئاستێك لە خواروو تەندروستيى نموونەييەوەيە و تيايدا ئادەميزاد خاوەنى تەندروستييەكى باشە لە هەرسێ تەوەرەكەوە، هەرچەندە نەگەيشتۆتە پلەى نموونەيى، ئەم حاڵەتەش تووشبوونى نەخۆشى و ئازار و گرفتى تێدايە، بەڵام خێرا چاكبوونەوەى لەگەڵە، بۆ نموونە كەسێك جارجارە تووشى سەرئێشە دەبێت و چاك دەبێتەوەو سەرئێشەكەى كارناكاتە سەر رێڕەوى گشتيى تەندروستيى لە ژيانيدا.
سێيەم: تەندروستيى مامناوەند:
ئەم جۆرە تەندروستييە ئەوەيە كە كەسەكە خاوەنى هێز و وزەيەكە و بەرگەى بەشێك نەخۆشيى دەگرێت و لە بەرامبەرياندا زاڵ دەبێت، بەڵام لەبەردەم هەندێك نەخۆشيدا چۆك دادەدات و كاردەكاتە سەر كۆى رێڕەوى تەندروستيى ئەو كەسە لە ژيانيدا.
چوارەم: تەندروستى نزم:
ئەم جۆرەيان ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە هەڵگرى هەندێك نەخۆشى بەردەوام يان درێژخايەنن، بەڵام رەنگدانەوەى روونى بەسەريانەوە نيە و زۆرجار بە روونى دركى پێ ناكەن، بۆ نموونە نەخۆشييەكانى وەك شەكرە و پەستانى خوێن لە كەسێكدا كە هێشتا هەستى نەكردووە بە تووشبوونى.
پێنجەم: تەندروستيى خراپ:
ئەمەيان ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە تووشبووى نەخۆشين و نەخۆشييەكەش رەنگدانەوەى هەبووە بەسەر خۆيان و ژيانيانەوەو دركيان بە نەخۆشييەكە كردووە.
شەشەم: تەندروستيى گيانەڵا:
ئەم جۆرەيان ئەو چەشنە تەندروستييەيە كە ئيدى هيوايەك بۆ چاكبوونەوە نەماوەو ئەستەمە جارێكى دى تەندروستيى بۆ ئەو كەسە بگەڕێتەوە.