پێغەمبەری خوا چی خواردووە؟

 

بڕوای تەواوم بەوە هەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر لەخۆوەو بێ مەبەست شتی نەخواردووە، واتە ئەوە نەبووە هەرچیەكی دەستكەوتبێت خواردبێتی، بەڵكو ئەوەی خوای گەورە لەو سەردەمەو لەو ژینگەدا خستویەتیە بەردەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەڵكی ناوچەكە، چاكترین و باشترین شتێ بووە كە پێویستیان بووەو بۆیشیان بەسوود بووە، بۆیە ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خواردوویەتی و خواردوویەتیەوە، حیكمەتێكی لە پشتەوە بووەو بە رێنمایی خوای گەورە بووە نەوەك لە ناچاریەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەنای بۆ بردبێت و خواردبێتی، چۆن خوای گەورە مرۆڤایەتی فێر دەكات لە پەرستش و ئاكاردا شوێن پێی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بگرنەبەر، بە هەمان شێوەش ویستویەتی فێرمان بكات بەرنامەی خۆراكیشمان لە شوێن پێ هەڵگرتنی پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) سەرچاوە بگرێت.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاكترین بەرهەمەكانی ناوچەو سەردەمی خۆی بەكارهێناوە، خوای گەورەش هەندێ خواردنی گشتی لە هەموو شوێنێ بەخشیوە كە بۆ هەموان بە سوودن و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەوانەی نۆش كردووە، هەندێ بەرهەمی تایبەتیشی بۆ هەندێ شوێن داناوە كە بەپێی ژینگەكەیان پێویستیانە، واتە ئەو میوەو جۆرە خواردنە تایبەتیانەی لە كوردستاندا هەن، پێویستین بۆ خەڵكی كوردستان بۆیە خوای گەورە لێرە دایناون، پێویستە لەسەر ئێمەش بزانین چۆن بەكاری دێنین.

پێویستە كاتێك قسە لەسەر بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەین، هەندێ بابەت هەن بە وردی بیانوروژێنین، لەوانە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی خواردووە؟ چەندەی خواردووە؟ كەی خواردوویەتی؟ چۆن خواردوویەتی.

سەبارەت بەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی خواردووە، وەك ئیبنولقەییم دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی نەبەستۆتەوە بە یە كجۆر خواردنەوە، بەڵكو خواردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فرەچەشنە بووە، فرەچەشنە لە یەك كاتدا نەبوو، بەڵكو هەر جارەو شتێكی خواردووە، ئەم قسەیەش هەڵێنجراوی نێو فەرموودەكانە، پێویستە ئێمەش وا بكەین، نەوەك چەشنی كەسانێك كە لاسایی بڕێ كەسایەتی دەكەنەوەو دەڵێن ئێمەش تەنها بەرهەمی گیایی دەخۆین، یان تەنها شیرەمەنی دەخۆین، یان تەنها گۆشت دەخۆین.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە زۆری ئەو خواردنانەی خواردووە كە لە ولآتی خۆیدا بەردەست بون، خواردنی زۆر تایبەت و دانسقەی نەكردووە بە عادەت بیخوات، بەڵكو هەمان ئەو خواردنانەی كە لە كۆمەڵگەدا خواردنیان باو و بەردەست خستنیان ئاسان بووە، لەنێو ئەوانەدا چاكترینەكانی هەڵبژاردووەو ئەوانەی خواردووە، بۆ نموونە شیر، نانی جۆ، گۆشتی سوور و سپی، خورما، سركە، تریت، ترۆزی.

بە گشتی جۆری خواردنەكان دابەش دەبن بەسەر پێنج جۆردا: زەلآتەو پێشەكیەكانی خواردن، خواردن و گۆشت، میوە، سەوزە، دانەوێڵە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو ئەوانەی خواردووە بۆ ئەوەی ئوممەتەكەی لە هیچكامیان بێبەش نەبن، هەرچیەكیش حەلآڵ و پاك بووبێت بەلآم حەزی پێ نەكردبێت، بێدەنگ بووەو نەیخواردووەو رەخنەشی لێ نەگرتووە، تەنانەت ئەوەشی كە هۆكارێكی هەبووە بۆ خواردنی، خۆی نەیخواردووەو هاوەلآنی ئاگادار كردۆتەوە كە حەرام نیە بەلآم ئەو لەبەر هۆكارێك نایخوات، بۆ نموونە:

ئەبوو ئەیووب دەڵێت: كە خواردنێك دەهێنرا بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لێی دەخوارد و زیادەكەی دەنارد بۆ ئێمە، رۆژێك خواردنێكی بۆ هاتبوو هەمووی ناردبوو و هیچی لێ نەخواردبوو، چونكە سیری تێدا بوو، منیش وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ حەرامە؟ فەرمووی: (لا ولكني أكرهه من أجل ريحه)، (نا، بەلآم من لەبەر بۆنەكەی رقم لێیەتی)، ئەبوو ئەیووبیش وتی دەی منیش حەز بە شتێك ناكەم كە تۆ حەزی پێ نەكەیت.[1]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵی مەیموونەو خالیدی كوڕی وەلیدیشی لەگەڵدا بوو، (ضب)[2] ێكی برژاو هێنراو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی لێی بخوات، ژنێكیان وتی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڵێن ئەو شتە چیە، كە پێیان وت، دەستی گێڕایەوەو نەیخوارد، خالیدیش وتی ئەی پێغەمبەری خوا ئەمە حەرامە؟ فەرمووی (نەخێر، بەلآم ئەمە لە خاكی قەومەكەی مندا نەبووە بۆیە حەزی پێ ناكەم)، خالید دەڵێت منیش رامكێشایە لای خۆم و دەستم كرد بە خواردنی و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) تەماشای دەكرد.[3]

بەڵێ، خۆشەوویستەكانم، هەموو ئەمانە پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) كردوویەتی، بەڵام سروشتی وابووە پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)، ئەگەر حەزی لە خواردنێك بێ خواردوویەتی، ئەگەر حەزییشی لێ نەبووبێ عەیبی لێ نەگرتووە وە وازی لێ هێناوە (ما عاب رسول الله -صلي الله عليه وسلم- طعاماً قطُّ).[4]

خۆزگە لەسەر خوانی خۆمان فێری ئەم ئاكارە جوانەی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)، ئەبووین، چیمان هەیە؟ فڵان شت، بەزیام نەكرد. بەخێر نێیتەوە، هەموو ڕۆژێ دێمە سفرەی چۆڵ و خوانی بەتاڵ و مەشغۆڵی چی بووی، ئەی ئێمە بەڕۆژووین و هاتووینەتەوە نان بخۆین. نا پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)، هەر چیەكی هەبووبێ لەبەر دەستی دا خواردوویەتی ، ئەگەر حەزی لێ بووبێ.

ئەمەش جۆرێك بووە لە پێشكەوتنی پزیشكی لە سیستمی خۆراكی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەی حەزی پێ نەكردووە نەیخواردووە، بە پێچەوانەی ئێمەوە كە هەندێ جار لەبەر رووگیری شتێ دەخۆین كە هیچ حەزی پێ ناكەین، یان بە زۆر دەرخواردنی مندالآنی دەدەین، تەنانەت فێرمان دەكات زۆر نەكەین لە نەخۆشەكانیشمان، واتە ئەو شتەی حەزی پێ ناكەن بە زۆر دەرخواردیان نەدەین، وەك دەفەرموێت (لَا تُكْرِهُوا مَرْضَاكُمْ عَلَي الطَّعَامِ وَالشَّرَابِ، فَإِنَّ اللَّهَ يُطْعِمُهُمْ وَيَسْقِيهِمْ[5] (نەخۆشەكانتان ناچار مەكەن بە خواردن و خواردنەوە، چونكە خوای گەورە خواردن و خواردنەوەیان پێ دەدات)

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خواردندا بیانووی نەگرتووە، وەك ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ئەو بیانوانە دەگرین (فلآنە جۆری نان ناخۆم، فلآنە شلە ناخۆم، ئەو جۆرە برنجەم دەوێت، گۆشت ئەبێت وا لێ بنرێت)، بەڵكو ئەوەی خراوەتە بەردەستی، حەزی لێ بووبێت خواردوویەتی، ئەوەشی حەزی لێ نەبووبێت ئەگەر حەلآڵ بووبێت بێ ئەوەی رەخنەی لێ بگرێت كشاوەتەوە دواوەو نەیخواردووە، خۆ داوای شتێكی تری بكردایە هاوەلآن ئەگەر گیانی خۆیان بەخت بكردایە بۆیان پەیدا دەكرد، واتە ئەوە نەبووە لە ناچاریدا بێدەنگ بووبێت، بۆ نموونە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میوانی هات و هیچكام لە هاوسەرەكانی خواردنیان لا نەبوو، خێرا یەكێك لە پشتیوانان میوانەكەی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) گرتەخۆ، لە كاتێكدا تەنها خواردنی منداڵەكانی هەبوو، بۆ رێزگرتنی میوانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منداڵەكانی خۆی بە برسێتی خەواند و خواردنەكەی دا بە میوانەكە، جا ئەگەر ئەمەیان بۆ میوانەكەی كردبێت، دەبوو چی بكەن بۆ خۆی؟!! نموونەی ئەوەشمان لایە:

جابیری كوڕی عەبدولآ دەڵێت جارێك باوكم فەرمانی كرد خواردنی (خەزیزە) ئامادە كرا، ئینجا بە مندا ناردی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش بردم بۆی و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی خۆی بوو، فەرمووی (ئەی جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) وتم نا بەڵكو خواردنی (خەزیزە)یە، ئەویش فەرمانی كرد و خواردنەكەیان لەدەست گرتم، كاتێك گەڕامەوە بۆ لای باوكم وتی ئایا پێغەمبەری خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتی ئایا هیچی وت؟ وتم بەڵێ فەرمووی (ئەی جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) باوكم وتی لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتی كردبێت، چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش كە گەیشتمە لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر لەو شوێنەی خۆی بوو، فەرمووی (ئەوە چیە ئەی جابیر) وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گەڕامەوە بۆ لای باوكم و تی ئایا پێغەمبەری خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتی ئایا هیچی فەرموو؟ وتم بەڵێ وای فەرموو، باوكیشم وتی لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتی كردبێت، بۆیە چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (جزى الله الأنصار عنا خيرا، و لا سيما عبدالله بن عمرو بن حرام و سعد بن عبادة[6] (خوای گەورە لە بری ئێمە پاداشتی خێری پشتیوانان بداتەوە بەتایبەت عەبدولآی كوڕی عەمری كوڕی حەرام و سەعدی كوڕی عوبادە).



[1] - صحيح مسلم، الرقم 3920، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20377.

[2] جۆرێك خشۆكە وەك بزنەمژە وایە.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 5081، صحيح مسلم، الرقم 3697.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 3391، صحيح مسلم، الرقم 3937، سنن الترمذي، الرقم 2004، سنن ابن ماجة، الرقم 3256، سنن أبي داود، الرقم 3289، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 9924.

[5] -  سنن الترمذي، الرقم 2014 و قال حسن غريب، سنن ابن ماجة، الرقم 3441، المستدرك على الصحيحين، الرقم 1229 و قال على شرط مسلم و وافقه الذهبي، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 14630.

[6] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 7162 و صححه و وافقه الذهبي، صحيح ابن حبان، الرقم 7130.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123