بابەتێكی تر كە پێویستە زانیاریمان لەسەری هەبێت، بریتیە لە سوودی خورما بۆ نەخۆشی یان بۆ حاڵەتە تایبەتەكان، بۆ نموونە ئافرەتی سكپڕ چ سوودێ دەبینێت لە خورما.
ئەو كەسانەی كە گیرۆدەن بە دەست قەبزیەوە، واتە ئەوەی بە نەخۆشیەكانی كۆڵۆن ناسراوە، یان ئەو كەسانەی كە خواردن بۆ ماوەیەكی زۆر لە گەدەو ریخۆڵەیاندا قەتیس ئەمێنێ، باشترین چارەسەر بۆ ئەم كەسانە بریتیە لە خورما خواردن، چونكە نەوەك ئەوەی لە گەدە و ریخۆڵەدا قەتیس ناخوات، بەڵكو سەرجەم خواردنە پەنگ خواردووەكانی ناو گەدەو ریخۆڵەش رادەماڵێت، خورما خواردن هۆكارێكی زۆر گرنگە بۆ رێگریكردن لە شێرپەنجەی كۆڵۆن، ئەمەش لە نوێترین توێژینەوە پزیشكیەكاندا ئاماژەی پێ دراوە.
بۆ حاڵەتی پێچەوانەش ئەوانەی كە كێشەی سكچوونیان هەیە، خورما یەكێكە لە خواردنە پێویست و بەسوودەكان كە دەتوانێت چارەسەر بێت بۆ نەخۆشیەكەیان.
هەروەها خورما سوودێكی زۆری هەیە بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، چونكە خورما رێژەیەكی باشی پۆتاسیۆم و كالیسیۆمی تێدایە كە ئەم كەسانە پێویستیان پێیەتی.
كەسانێ كە كێشەی كەمخوێنییان هەیە، ئەوانەی كێشەی لاوازی جنسییان هەیە، ئەمانەو دەیان نەخۆشی تر هەن كە خورما سوودێكی زۆری هەیە بۆیان و دەكرێت وەك چارەسەر بەكاربهێنرێت.
كەسی موسڵمان كاتێك رێنمایی كراوە بە خورما بەربانگ بكاتەوە، لەوانەیە ئەمانەی نەزانیبێت و تەنها لەبەر سوننەتەكە پەیڕەوی كردبێت، بەلآم ئەمانەو دەیان سوودی تری نەزانراوی دەست كەوتووە.
كاتێك كەسێك بەڕۆژوو دەبێت، خانەكانی لەش برسی دەبن و تێكدەشكێن، ماددە بەسەرچووەكانی ناو لەش دزە ئەكەنە ناو خوێنەوەو كەسەكە تووشی سەرئێشە دەكەن، ئەمانە وەك ژەهر وان بۆ لەش، هەر بەشێكی ئەم ژەهرە بە جۆرێ لە كۆڵت دەبێتەوە، هەندێكی بە هەناسە دانەوە، هەندێكی لە رێی پێستەوە، هەندێكی لە رێی میزەوە، هۆكارێكی گرنگ بۆ خێرا دەرباز بوونت لە دەست ئەو ژەهرانە خورما خواردنە، چونكە ئەوەی لە ریخۆڵە و خوێندایە، لە رێی خورماوە پاك دەكرێتەوە.
خورما بە كەمترین كات شی دەبێتەوەو دەگات بە مێشك، رۆژووەوان كاتێك بەربانگ دەكاتەوەو بە خورما رۆژووەكەی دەشكێنێت، هەست دەكات بۆریەكانی خوێنی پڕبوونەتەوەو هەست بە تێری دەكەن، دواتریش كە دەچێتە سەر سفرە ناتوانێت خواردنی زۆر بخوات، لە كاتێكدا پێشتر وای داناوە زۆر زۆر بخوات، بەلآم خورماكە بەشی پێویست تێری كردووە، هەم تێرت دەكات، هەم لە چەند لایەنەوە سوودت پێ دەگەیەنێت.
یەكێك لەو ماددانەی لەناو خورمادا هەیە بریتیە لە (فایبەر)، دەستەی ئەمەریكی بۆ شێرپەنجە لە پەیامێكیدا دەڵێت: پێویستە هەموو كەسێك رۆژانە بیست تا سی و پێنج گرام فایبەر بخوات، ئەمەش لە خورمادا زۆر بە ئاسانی دەست دەكەوێت و هەركەس خورما بخوات ئەمەی دەستكەوتووە.
هەروەها خورما سوودێكی زۆری هەیە بۆ تەندروستی چاو، زانایان رێنمایی خەڵكیان كردووە لە رۆژێكدا یەك دەنك خورما بخۆن بۆ پاراستنی چاویان.
ئافرەتی سكپڕیش دەتوانێت سوودێكی زۆر وەربگرێت لە خورما، چونكە ئافرەتی سكپڕ بە گشتی بڕێك حاڵەت و هەندێ كێشەی دێتەڕێ، وەك (غازات، فشاری خوێن، كەمخوێنی، ئەوەی لە كاتی منداڵبووندا لەدەستی ئەدات، خوێنبەربوون، شیردان بە منداڵ)، چەندین ئافرەت هەن دوای مندالً بوون تووشی قەبزی دەبن، یان توشی قڵیشی كۆم بوون، هەیانە رووی نەبووە بچێتە لای پزیشكێك و راوێژی پێ بكات، ئافرەتان ئەگەر لە كاتی سكپڕیدا گرنگی بدەن بە خورما، لەو كێشانە رزگاریان دەبێت، وەك چۆن خوای گەورە رێنمایی مەریەمی كرد خورما بخوات (وَهُزِّي إِلَيْكِ بِجِذْعِ النَّخْلَةِ تُسَاقِطْ عَلَيْكِ رُطَبًا جَنِيًّا) (مریم: ٢٥)، بە خورادنی خورما ئەو ئافرەتە هەم ریخۆڵەی پاك دەبێتەوە و لە قەبزی دەرباز ئەبێت، هەم سۆدیۆمی پێ دەبەخشێ كە بۆ هەموو كردارەكانی جەستە پێویستە، هەم پۆتاسیۆمی پێ دەبخشێ كە فشاری خوێنی كەسەكە نزم دەكاتەوەو بۆریەكانی خوێنی فراوان دەكات بۆ ئەوەی خوێن بچێت بۆ هەموو بەشەكان و تووشی خوێنبەربوون نەبێت، هەروەها وا لە رەحم ئەكات زوو بچێتەوە یەك و خوێنبەربوونەكەی بگیرسێتەوە، هەروەها ماددەی ئۆكسیتۆسینی تێدایە كە وا لە مەمك دەكات شیر دەربدات، هەروەها ماددەی ئاسن و فۆلید ئەسیدی تێدایە كە بە هۆی خورماوە لە كەمخوێنی رزگاری دەكات.
هەروەها خورما ماددەی كالیسیۆمی تێدایە، ئافرەتێ كە منداڵی دەبێت، بەهۆی سكپڕی و منداڵبوونەكەی رێژەیەكی زۆری كالیسیۆم لەدەست دەدات، بەهۆی خورماوە قەرەبووەكە وەردەگرێتەوە.
هەروەها زۆرجار ئافرەت لە ماوەی سكپڕی و منداڵبووندا باری دەروونی ناجێگیر دەبێت، خورما ماددەی هێوركەرەوەی تێدایە كە چارەسەرە بۆ ئەو حاڵەتەش.
بۆیە جاران لە كوردەواریدا كە ئافرەتێ منداڵی بووە خورمای لە دەور دانراوە هەتا بیخوات، لەو كاتەشدا وەك ئێستا ئاسان خورما دەست نەكەوتووە، بەلآم هێندە پابەندی سوننەتەكە بون بە هەر حاڵێك بووبێت پەیدایان كردووە.
پێویستە لەمەودوا گرنگیەكی زۆر بدەین بە خورما، دەكرێت لەگەڵ خواردنەكانی تریشدا بیخۆین، هێندەی خۆمان ماندوو دەكەیەن بە ئامادەكردنی زەلآتەیەك، دەكرێت خورما بخۆین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورمای بە ترۆزیەوە خواردووە، چونكە خورما گەرمی هەیە و ترۆزیش ساردی هەیە، گەرمی خورماكە بە ساردی خورما رێك دەكرێتەوە، ئەمە زانیاریەكە كە هێشتا زانستی نوێ پێی نەگەیشتووە، دەكرێت ئێمەش خورما لەگەڵ هەندێ میوەو سەوزەواتی تردا بخۆین، یان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورمای لەگەڵ كەرێدا خواردووە، ئەوەش لە كوردەواری خۆماندا هەیە كە پێی دەوترێت خورما و رۆن، ئەمەش لە سوننەتەوە وەرگیراوە، واتە پێشینانمان لەسەر سوننەت ژیاون، ئەمڕۆش هەر نزیكین لە سوننەتەوە، بەلآم بڕێكی كەم چەكوشكاریمان دەوێت.
هەروەها كاتی خۆی حەڵوا دراوە بە ئافرەت، بەلآم ئەو حەڵوایە نا كە ئەمڕۆ دروست دەكرێت، بەڵكو خورما و شیر تێكەڵ كراون و شێلراوەو دواتر خوراوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەڵوا و هەنگوینیشی خواردووە.