رۆژوو و نەخۆشييەكانى گەدە

ئەو نەخۆشانەی تووشی كێشەی گەدە بوون، وەك ئەو كەسانەی قورحە یان هەیە، ئەگەر قورحەكەیان سەخت و قورس بوو، بە چەشنێ ئازارەكەیان بگاتە ئاستێ لە خەو بێداریان بكاتەوە، یان قورحەكەیان بە شەنێ بێت كە نەتوانن بێ حەب بمێننەوە، یان ئەگەری خوێنبەربوون بێتە رێیان و ترسی ئەوەیان هەبێت تووشی حاڵەتی وا بن، لەم حاڵەتانەدا ئەم نەخۆشانە ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن، بەڵام هەركت حاڵەتیان ئاسایی بوویەوە، باشتر وایە بەڕۆژوو بن، چونكە رۆژوو چارەسەرێكی باشە بۆ گەدە.

ئەو كەسانەی حاڵەتی قورسی هەرسكردنیان هەیە، ئەمە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە بە ئاسانی خواردنیان بۆ هەرس ناكرێت، یان هەست بە قورسیەكی زۆر دەكەن لەسەر ریخۆڵەیان، بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە یان دەرمانێكی بۆ دیاری دەكرێت كە یارمەتی بدات لە خێراكردنی هەرسكردندا، یان چارەسەرەكە بریتیە لە كەمكردنەوەی ژەمی خواردنەكان كە ئەمەش هەمان ئەو شتەیە لە رۆژوودا هەیە.

بۆیە ئەوانەی قورسی هەرسكردن یان كۆڵۆن و غازاتیان هەیە، باشترین چارەسەر بۆیان رۆژووگرتنە.

ئەو كەسانەی فتقی گەدەیان هەیە، یەكێك لە باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشیەكەیان بریتیە لە رۆژووگرتن، چونكە ئەم حاڵەتە لە كاتێكدا دروست دەبێت كە مرۆڤەكان زۆر دەخۆن، بەو هۆیەوە فشاری گەدە دەچێتە سەر سوورێنچك و زۆر جار بەشێكی گەدە دەچێتە ناو سیەكانەوە، جا باشترین چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە بریتیە لە كەمخواردن كە ئەمەش بە جوانی لە رۆژووگرتندا رەنگ  دەداتەوە.

ئەو كەسانەی حاڵەتی بڕینەوەی گەدەیان هەیە، ئەم كەسانە پێویست دەكات ژەمی زۆر و خواردنی كەم بخۆن، واتە زوو زوو خواردن بخۆن، ئەم جۆرە حاڵەتانە بۆیان هەیە ئەگەر زۆریان بۆ هات رۆژووەكەیان بشكێنن، بەڵام ئەگەر زۆریان بۆ نەیەت، باشترین پارێز بۆ خۆلاوازكردنیان بریتیە لە رۆژووگرتن.

ئەو كەسانەی تووشی سكچوون دەبن، ئەو كەسانەی تووشی سكچوونێكی توند دەبن و لە رێی كۆمەوە یان لە رێی رشانەوەوە شلەمەنی و خوێیەكی زۆر لەدەست دەدەن و تووشی وشك بوونەوە دەبن، بە ناچاری دەبن رۆژووەكەیان بشكێنن و نابێت بەرۆژوو بن، مەگەر ئەو كەسانەی سكچوونەكەیان سووك بێت، ئەمانە دەتوانن بەڕۆژوو بن، بەڵام ئەگەر سكچوونەكەیان زیاد بكات باشتر وایە رۆژووەكەیان بشكێنن.

 


بابەتی پەیوەندار

رۆژوو لە بەرژەوەنديتە

رۆژوو و نەخۆشييەكان

رۆژوو و نەخۆشيى گورچيلە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى گەدە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى دڵ

رۆژوو و نەخۆشيى شەكرە

رۆژوو و سكپڕيى و شيردان

1