رۆژوو و نەخۆشييەكان

ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە

ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، ئیتر لە هەر بەشێكی جەستەیاندا بێت، ئەوانەیان پێویستیان بە چارەسەری كیمیاوی یان چارەسەری تیشكە، ئەمڕۆ توێژینەوە زانستیەكان ئەوەیان نیشانداوە كە چاكترین شت بۆ كوشتن و لاوازكردنی خانە شێرپەنجەییەكان كەمخۆریە، واتە رۆژووگرتن نەوەك زیانی نیە بۆیان، بەڵكو سوود بەو نەخۆشانە دەگەیەنێت، تەنانەت ئەوانەش كە چارەسەر وەردەگرن، دەتوانن بەڕۆژوو بن و هیچ زیانێكی نیە بۆیان.

ئەوانەی نەخۆشی سنگیان هەیە

ئەو كەسانەی تووشی ئیلتیهابی سنگ دەبن و بە شێوەیەكی كتوپڕ تووشی بەڵخەم و كۆكە و تا و لەرز و بیتاقەتی ئەبن، پاش راوێژكردن بە دكتۆری پسپۆڕ و شارەزا، ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن.

ئەوانەی نەخۆشی سيليان هەیە

ئەو كەسانەی تووشی سیلی درێژخایەن دەبن، ئەگەر حاڵەتەكەیان كتوپڕ نەبێت و باری تەندروستییان سەخت نەبێت و جەستەیان لاواز و بێهێز نەبووبێت، ئەم جۆرە نەخۆشانە ئەتوانن بە رۆژوو بن و كێشەیان بۆ دروست نابێت بە مەرجێك نەخۆشەكە بەدخۆراكی نەبێت، بەڵام ئەگەر بەدخۆراك بوو، نابێت بە رۆژوو بێت، هەروەها ئەگەر بەكارهێنانی چارەسەرەكانی وای خواست بە رۆژیش بیانخوات، دەتوانێت بە رۆژوو نەبێت.

ئەوانەی نەخۆشی رەبۆیان هەیە

ئەو كەسانەی نەخۆشی رەبۆیان هەیە، رۆژووگرتن بۆیان نەوەك كێشەیان بۆ دروست ناكات، بەڵكو چارەسەرە بۆیان، دەشتوانن لە پارشێو و بەربانگدا چارەسەرەكانیان بخۆن، ئەو بەخاخەش كە بە رۆژ بەكاری دێنن، پاش راوێژ بە مامۆستایانی شارەزا، فەتوایان داوە كە رۆژووی پێ ناشكێت و ئەتوانن بەكاری بهێنن، ئەگەر بەوە چارەسەر نەبوو و ئازار و تەنگەنەفەسییان زۆر بوو و پێویستی كرد رۆژووەكەیان بشكێنن، ئاسایی دەتوانن بەرۆژوو نەبن.

ئەوانەی نەخۆشی غوددەیان هەیە

نەخۆشی غوددە بەو چەشنەی لە وڵاتی خۆماندا باوە دوو جۆرە: هەندێكیان غوددەی سامە، ئەوانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە، ئەگەر چارەسەری پێشوەختیان بۆ نەكرابێت، زۆربەی كات ئەم كەسانە برسی ئەبن و دڵیان پەلەپەل لێ ئەدات و بێتاقەت ئەبن، ئەگەر برسێتی زۆری بۆ هێنان، یان تەواو بێهێز بوون، یان ئیلتیهابی غوددەكەیان زۆر بوو، ئەتوانن رۆژووەكەیان بشكێنن.

بەڵام ئەوانەی بە شێوەیەكی ئاسایی چارەسەرەكانیان بەكاردێنن و حەبی خاوكردنەوەی دڵیشیان هەیە، ئەمانە ئەتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی رۆژووەكەیان بگرن و هەركات لە حاڵەتی ئاسایی دەرچوو ئینجا پەنا ببەنە بەر رۆژوو شكاندن.

ئەو كەسانەش كە سستی غوددەیان هەیە، حەبی تایبەت بەكاردێنن و هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نابێت و وەك كەسێكی ئاسایی دەتوانن بەڕۆژوو بن.

ئەوانەی نەخۆشی زەختیان هەیە

یەكێك لەو كێشانەی مرۆڤ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا تووشی دەبێت، بریتیە لە نەخۆشی زەخت كە بەهۆی رەقبوونی بۆریەكانی خوێنەوە یان بەهۆی فشار لەسەر بۆریەكانی خوێنەوە روودەدات و كەسەكە زەختی بەرز دەبێتەوە، مرۆڤیش كە بەڕۆژوو بوو هەم ئاو كەم دەخواتەوەو هەم خوێ كەم دەخوات، هەم زەختیش لەسەر بۆریەكانی خوێن كەم دەبێتەوە، هەروەها لێدانی دڵی رۆژووەوان خاو دەبێتەوە بۆ شەست، ئەمەش ئەركێكی زۆر لە كۆڵی دڵ ئەكاتەوە، بۆیە بۆ كەسانێ بەهۆی رەقبوون و چەوریەوە بۆریەكانی خوێنیان تووشی زەخت بوون، باشترین چارەسەر بۆیان بریتیە لە بەڕۆژووبوون.

ئەو كەسانەی حەبیان هەیە، حەبەكەیان یەك دانە یان دوو دانەیە، دەتوانن لە پارشێوان و كاتی بەربانگ كردنەوەدا حەبەكەیان بخۆن و رۆژووەكەیان بگرن.

بەڵام ئەگەر كەسێك زەختەكەی ناجێگر بوو و بەرز و نزمی دەكرد، ئەوكات ئەتوانێت رۆژووەكەی بشكێنێت.

ئەو كەسانەی تووشی هەوكردنی جگەر دەبن

ئەو كەسانەی تووشی هەوكردنی جگەر دەبن و حاڵەتەكە لەسەریان توندە، ئەتوانن رۆژووەكەیان بشكێنن، هەروەها ئەوانەی تووشی فەشەلی جگەر دەبن و ئاو لە لەشیاندا كۆدەبێتەوە، ئەم كەسانەش دەتوانن رۆژووەكەیان بشكێنن، جگە لەم حاڵەتانە چاكترین شت بۆ جگەر بریتیە لە رۆژووگرتن، چونكە حەسانەوەیەكی زۆر دەدات بە جگەر.

 


بابەتی پەیوەندار

رۆژوو لە بەرژەوەنديتە

رۆژوو و نەخۆشييەكان

رۆژوو و نەخۆشيى گورچيلە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى گەدە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى دڵ

رۆژوو و نەخۆشيى شەكرە

رۆژوو و سكپڕيى و شيردان

1