رۆژوو لە بەرژەوەنديتە

رۆژووگرتن هەوڵدان بە جەستەی موسڵمانە لەپێناو دوو دەستکەوتدا، دەستکەوتێکی دنیایی کە جەستەی مرۆڤ پێویستی بەو خۆگرتنەوەیە هەیە، دەستکەوتێکی قیامەتیش کە پاداشتەکەی هێندە زۆرە، تەنها خواى گەورە خۆی دەزانێت چەندێکە.
پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) ئاماژەی بەوە داوە کە چاکترین رۆژوو، رۆژووی پێغەمبەر داوودە کە رۆژ نارۆژێک بووە، رۆژووی خودی پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليە وسلم) نزیک دەبێتەوە لەو رێژەیە، بۆیە رۆژووگرتن تا ئەو رێژەیە دەستکەوت و سوودبینینە، کەمترین حاڵەتی رۆژووش کە پێویستە هەر مرۆڤێک لە ساڵێکدا هەیبێت، رۆژووگرتنى مانگێکی ساڵە، ئەم نزمترین حاڵەتە تەنها بۆ ئەو کەسانە هەڵگیراوە کە جەستەیان لە حاڵەتی ئاساییدا نیە، ئایا کەسانی نەخۆش و ناساغ بن، یان ئافرەتانى دووگیان و شیردەر، یان کەسانێک کە لە سەفەرن، هەرکام لەوانەش کە جەستەیان چوویەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی، پێویستە رۆژووەکەیان بگرن، واتە رۆژووگرتن واجب کراوە لەسەر هەر خاوەن جەستەو عەقڵێکی ساغ و دەرگاى پێشڕەوی زیاتر لەو بوارەشدا بە رووی ئەو جۆرە کەسانەدا والآ کراوە و دەیان جۆر رۆژووی سوننەتیان بۆ دانراوە.
لە جەستەى مرۆڤدا دوو سەنتەری دژ بە یەک هەن، (صلى الله عليە وسلم)، سەنتەرێک کە هەمیشە داواى خواردن و خواردنەوە دەکات، ئەوی دیکەشیان بە پێچەوانەوە، رێگریی لەو زیادە داواکاریە دەکات، هاوسەنگ راگرتنى داواکاری هەردوو سەنتەرەکە، تەندروستی مرۆڤ بە سەلامەتى دەهێڵێتەوە، زۆرجار مرۆڤەکان لەگەڵ حەزى یەکەمیاندا هەنگاو دەنێن و خوو دەدەنە زێدەڕۆیی، بۆ راگرتنى ئەم حاڵەتەش، ئیسلام رۆژووی داناوە، بە پاڵنەرێکی دینی، زێدەڕۆیی مرۆڤ لە خواردن و خواردنەوەدا دەوەستێنێت و تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤەکە دەگێڕێتەوە.
لە حاڵەتی دەرەوەی رۆژووشدا، ئیسلام هەوڵیداوە سنوور بۆ ئەو زێدەڕۆییە دابنێت، بۆ ئەمەش دوو قۆناغی داناوە و قۆناغی سێیەمی بە قۆناغى مەترسی هەژمار کردووە، وەک لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەفەرموێت (ما ملأ آدمي وعاء شرا من بطن بحسب ابن آدم أكلات يقمن صلبه، فإن كان لا محالة فثلث لطعامه وثلث لشرابه وثلث لنفسه)،  (ئادەمیزاد هیچ بۆشایی و قاپێکی پڕنەکردووە هێندەی پڕکردنی سکی خراپ بێت، ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەک بخوات تا پشتی راست راگرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و ویستی زیاتر بخوات ئەوا با سێ یەکی بۆ خواردنی و سێ یەکی بۆ خواردنەوەی و سێ یەکیشی بۆ نەفسی بێت)
واتە ئەم سێ حاڵەتە هەیە:
حاڵەتی ئاسایی: خواردنی چەند پاروویەکی بچووک.
حاڵەتی خۆنەگرتن (نەوسنی): تێرکردنی سێ یەکی گەدە بە خواردن.
حاڵەتی مەترسی: خواردن بە ئارەزووى کەسەکە و تێرکردنی گەدەی.
رۆژووگرتنیش بەو چەشنەی ئیسلام دایناوە، بۆ جەستەیەکی ئاسایی، هیچ جۆرە زیانێکی نابێت، ئەگەرچی هەندێک کەس گومانى ئەوە دەخەنەڕوو کە جەستە نابێت تا ئەو ئاستە برسی بکرێت و زیان بە جەستە دەگەیەنێت، بەلآم جەستەیەکی ئاسایی لە حاڵەتی ئاساییدا، گلایکۆجینی ناو جگەری هێندە هەیە بەشی شەو و رۆژێک برسێتی کەسەکە بکات و بێ ئەوەی هیچ شتێک بخوات، بتوانێت پێویستی خۆراکیى لەشی کەسەکە دابین بکات.
پاشان، لە رۆژوودا رەچاوى پێویستی لەشی مرۆڤ کراوە بۆ خواردن و خواردنەوە، بۆیە رێنمایى موسڵمانان کراوە پارشێو بکەن، درەنگیش پارشێو بکەن و بیخەنە پێش بانگى بەیانی، بۆ بەربانگکردنەوەش، لەگەڵ ئەوەى کاتى هات، دواى نەخەن و خێرا بەربانگ بکەنەوە، هەتا بتوانن بە خورما و ئاو بەربانگ بکەنەوە، هەموو ئەم وردەکاریانە، لەپێناو پاراستنی تەندروستی کەسی رۆژووگردایە، بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی تەندروستی وەربگرێت لە رۆژووەکەى.
یەکێک لە سوودەکانى رۆژووگرتن، بریتیە لە گەنجبوونەوەى جەستەی مرۆڤ، چونکە بە سروشتی حاڵ، خواردن و زۆرخۆری، شکڵ و شێوەی مرۆڤ والێدەکات گەورەو بەتەمەن بنوێنێت، بە سنووردارکردنی ئەو حاڵەتە، جۆرێک لە حاڵەتی گەنجێتی بۆ مرۆڤەکە دەگەڕێتەوە.
کەسی رۆژووگر، بەو خۆبرسی کردن و تینووکردنەی، بەشێکی زۆری ژەهری ناو جەستەی لەناودەبات، خانە زیانبەخشەکانیش لاواز و بێهێز دەکات و رێگریی دەکات لە بەهێزبوون و زاڵبوونیان بەسەر خانە سوودبەخشەکانى جەستەدا.
هەروەها رۆژووگر، بە رۆژووگرتنەکەى، چەوری کەڵەکەبووی ناو جەستەى دەتوێنێتەوەو لەبری ئەوەی ئەو چەوریە زیانى پێ بگەیەنێت، وەک وزەیەک بۆ جەستە بەکاردێت.
کاتێک جۆرەکانى ڤیتامین لە جەستەدا زۆر دەبن، کەڵەکە دەبن و کۆن دەبن و لە جەستەدا دەمێننەوە، ئەو ڤیتامینە تازانەش کە دەخورێن، دەمێننەوە هەتا ئەو کۆنانە سەرف دەبن، بۆیە ئەگەر زوو ڤیتامینەکان سەرف نەبن، هەمیشە بە کۆنیی دەمێننەوە، کەسی رۆژووگر، خێرا ئەو ڤیتامینانەی لەش سەرف دەکات و هەر ڤیتامینێک کە دەیخوات، بە تازەیی سوودی لێ وەردەگرێت.
هەروەها رۆژووگرتن، هێزی بەرگری لەش کارا دەکات، لە کاتى برسێتی و تینوێتی مرۆڤدا، هەرچی کەڵەکەبووی ناو خانەکانى لەش هەیە، دەگەڕێتەوە ناو خوێن ودواتر لە رێی دەرکردەکانى وەک عەرەق و میزەوە لە جەستە دەردەکرێت.
بۆیە، رۆژووگرتنی سالآنە، وەک پاککردنەوەیەکی سالآنەى جەستە وایە لە چەوری و ماددە زیانبەخشەکانى ناو لەش و رێگریکردن لە مانەوەو زۆربوونی کەڵەکەبووە زیانبەخشەکان کە زۆرجار دوای چەندان ساڵ، گورزی کوشندە لە جەستەی مرۆڤەکە دەوەشێنن، بە دەربازبوون لەو کەڵەکەبوانە، مرۆڤ دەرباز دەبێت لە زۆرێک لە نەخۆشیەکانى دڵ و کۆئەندامى هەرس و پێست و .. هتد.
لەوانەیە ئەو پرسیارە لاى زۆر موسڵمان دروست ببێت، بۆچی کەسە شارەزا ناموسڵمانەکان رۆژوو ناگرن لەکاتێکدا ئەم هەموو سوودەی هەیە؟ لە وەلآمدا دەڵێین: برسیکردنی تاوەتاوەی جەستەیەکى ساغى مرۆڤ، لەلایەن زانا ناموسڵمانەکانیشەوە گرنگیەکی زۆری پێدراوە، بەلآم ئەو کاتەى ناوى لێدەنرێت رۆژوو و موسڵمان پەیڕەوی بکات و چاوەڕێی پاداشتی قیامەت بێت لەسەری، ئەوکات چاو لە هەموو سوودەکانى دادەخرێت و لەسەر بنەماى رق و دژایەتی، هەوڵ دەدرێت بە مۆدێلێکی زیانبەخشی خۆبرسیکردن نیشان بدرێت.



بابەتی پەیوەندار

رۆژوو لە بەرژەوەنديتە

رۆژوو و نەخۆشييەكان

رۆژوو و نەخۆشيى گورچيلە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى گەدە

رۆژوو و نەخۆشييەكانى دڵ

رۆژوو و نەخۆشيى شەكرە

رۆژوو و سكپڕيى و شيردان

1