زێدەڕەوی لە خواردندا چیە؟

زێدەڕەوی لە خواردندا چیە؟ پێدەچێت كەسانێ وابزانن زێدەڕۆیی ئەوەیە زیادە فڕێ نەدەیت، بەڵام زێدەڕەوی بریتیە لەوەی هەموو حەزێكت بەدی بهێنیت، واتە هەرچیەك حەزت پێكرد بیخۆیت، چونكە دەروونی مرۆڤ سنووری بۆ دانەنرێ، حەز بە زۆر شت دەكات، حەزەكانیشی لە سنووری چاك و خراپ و سوود و زیاندا ناوەستن، بەڵكو دەبێت سنوور بۆ حەزەكان دابنرێت. ئێستاش لای خۆمان جاری واهەیە لە درەنگانێكی شەودا كەسانێ دەبینیت دەچنە دەرەوە، نە لەبەر برسێتی زۆر و نە لەبەر ئیشێكی گرنگە، بەڵكو تەنها بۆ تام‌و حەزێك بەو درەنگانی شەوە سەروپێ یان خواردنێكی قورسی چەشنی سەروپێ دەخۆن، ئەگەر لێیان بپرسیت بۆچی دەیخۆن، وەڵامەكەیان ئەوەیە (حەزم لێیەتی)، جا سەروپێ خۆی زۆر كێشە دەنێتەوە، ئەو ریخۆڵە و گەدەی لەناو سەروپێدا هەیە هەرسكردنی زۆر زۆر سەختە، ئازارێكی زۆر بە گەدە و ریخۆڵەی مرۆڤ ئەگەیەنێ، ئەمە لە حاڵەتی ئاساییدا، چ جای ئەوەی لە درەنگانێكی شەودا بێت. ئەبووبەكری صدیق دەیوت: زۆر رقم لە ماڵێكە خەرجی چەند رۆژێك لە یەك رۆژدا بخوات، مرۆڤیش كە كۆتا پارووەكانی رزقی تەواو بوون ئیتر ئەبێت دنیا جێبهێڵێت، خواردنی زیادەش مرۆڤ تووشی جۆرەها نەخۆشی دەكات، شەكرە و زەبحەی دڵ و جەڵدە و چەندین جۆری تری نەخۆشی، زۆرجار هەندێ لەو نەخۆشیانە بڕێ خواردنت بە یەكجارەكی لێ قەدەغە دەكەن، بۆیە رێگە مەدە حەزێكی كاتی بەخششێكی بەردەوامت لێ قەدەغە بكات، لەبری ئەوەی بە رۆژێك خواردنی چەند رۆژێك بخۆیت و بە هۆیەوە تووشی نەخۆشی ببیت و خۆت لە دەیان ساڵ خواردنی چەند جۆرە خواردنێ بكەیت، سنوورێك بۆ حەزەكانت دابنێ و كەم بخۆ. موسڵمانان خاوەنی ئەم بنەڕەتە بەهێز و ئەو پاشخانە جوانەن لە بواری دەستگرتنەوە لە زێدەڕۆییدا، كەچی ئەمڕۆ هەژارانی ناو جیهانی ئیسلامی هێندە زۆرن لەباس نایەن، ملیۆنەها میسری لە گۆڕستانەكاندا دەخەون، ملیۆنەها موسڵمانی ئەفریقی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، چونكە ئەو پەیامە تەنها لە ناو كتێبەكانی موسڵماناندا ماوەتەوە و لە دڵ و دەرون و رەفتاریاندا ون بووە. دوو گەنجی میسری كە برسێتی خەڵكانێكی زۆریان بینی، بیریان لە رێگەچارەیەكی سەرەتایی كردەوە، دەچوون بۆ لای چێشتخانەكان و داوایان كرد مۆڵەتیان بدەن ئەو پاشماوەی خواردنەی ئەوان فڕێ ئەدەن، ئەمان هەڵیبگرن و بیبەن دابەشی بكەن بەسەر هەژاراندا، دواتر كە پڕۆژەكە خاڵی ئیجابی دا بە دەستەوە، بە دەیان و سەدان گەنجی تر لە دەوری پڕۆژەكە كۆبوونەوە، تەنها لە میسریشدا نەمایەوە، بەڵكو لە وڵاتانێكی تری ئیسلامیشدا بیری لێ كرایەوەو كەم‌و زۆر پەیڕەو دەكرێ، وەك چۆن ئێستا لە سعوودیەش گەنجانێ و چەند رێكخراوێك سەرقاڵن بەو پڕۆژەیەوە. كوردستانی ئێمەش پێویستی بەم پڕۆژەیە هەیە، تەنها خواردنی زیادەی چێشتخانەكان كۆبكرێتەوە، خواردنی هەزاران خوێندكاری ناو بەشە ناوخۆییەكان دابین دەكات، هەزاران ئاوارەی پێ تێر دەكرێت.


بابەتی پەیوەندار

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -7-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -6-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -5-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -4-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -3-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -2-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -1-

چ میوەیەك بخۆین و كەی بیخۆین؟

ئایا هەنگوین بدرێ بە منداڵ؟

هەنگوین و شێرپەنجە