پاشماوەی خواردن

 

بابەتێكی دیكەی پێویست و پەیوەست بە بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە پێویستە قسەی لەسەر بكەین، بریتیە لە پاشماوەی خواردن، ئەو زیادەیەی لە خورادنی هەر كەسێكماندا دەمێنێتەوە، نەك تەنها زیادەی ئەوەی لە مەنجەڵێكدا ماوەتەوە، بەڵكو ئەو زیادەی لە دەفری بەردەم هەر تاكێكماندا دەمێنێتەوە، وردتر لەوەش هەر زیادەی بە سەری پەنجەكانمانەوە ماوەتەوە، لەوەش زیاتر ئەو خواردنەی لە بەینی ددانەكانماندا ماوەتەوە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەفەرموێت (إِذَا وَقَعَتْ لُقْمَةُ أَحَدِكُمْ فَلْيَأْخُذْهَا ، فَلْيُمِطْ مَا كَانَ بِهَا مِنْ أَذًى وَلْيَأْكُلْهَا، وَلاَ يَدَعْهَا لِلشَّيْطَانِ، وَلاَ يَمْسَحْ يَدَهُ بِالْمِنْدِيلِ حَتَّى يَلْعَقَ أَصَابِعَهُ، فَإِنَّهُ لاَ يَدْرِي فِي أَيِّ طَعَامِهِ الْبَرَكَةُ)،[1] (پارووی هەركامتان كەوتەخوارەوە، با هەڵیبگرێتەوەو هەرچی پیسیەكی پێوە نووساوە لایبەرێت و پارووەكە بخوات و جێی نەهێڵێت بۆ شەیتان، دەستیشی بە دەستەسڕ نەسڕێت هەتا پەنجەكانی دەلێسێتەوە، چونكە ئەو نازانێت بەرەكەتەكە لە كام بەشی خواردنەكەیدایە).

لە گێڕانەوەیەكی تردا ئەنەس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی پێكردین هەرچیەك لە دەفرەكانماندا ماوەتەوە بەدەست بیلێسینەوەو بیخۆین.[2]

هەڵگرتنەوەی خواردنێ كە دەكەوێتە زەوی و خواردنی بەشە پاكەكەی و لێسانەوەی خواردنی ناو قاپ بە دەست و خواردنی و دواتریش لێسانەوەی پەنجەكان، هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەدایە بەرەكەتی خواردنەكە دەست ئەو كەسە بكەوێت، واتە ڤیتامینی ناو خواردنەكە لەدەست نەچێت،

ئەمڕۆژە بە ناوی پاك وخاوێنیەوە كەمتەرخەمیەكی زۆر ئەنجام دەدرێت لە پاراستنی خۆراكدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە فەرموویەتی خواردنێ كەوتەخوارەوە هەڵیبگرنەوە، ئەمەی لەوپەڕی پاك و خاوێنیەوە فەرمووە، چونكە بەشێكی بەرچاوی رێنماییەكانی ئیسلام بریتیە لە پاك و خاوێنی و دەیان ئایەت و فەرموودە باسیان كردووە، نەوەك خواردن، بەڵكو پەرستشەكانیش بەبێ پاك و خاوێنی قبووڵ نین، كەچی ئەمڕۆ كە خواردنێ دەكەوێت هەموومان بێزی لێ دەكەینەوە.

كوردەواری ئەڵێت تیكە لە دەم داكەوت بۆ كۆش باشە، دەی مەهێڵە پاروویەك كە دەكەوێت بكەوێتە سەرزەوی و بە كۆشت بیگرەوە، ئەگەریش كەوتە سەر زەوی مەهێڵە بفەوتێ و بەشە پاكەكەی هەڵگرەوەو بیخۆ.

لەوانەیە خەڵكێ بڵێن چۆن ئەمە بۆ كەسێكی رۆشنبیر گونجاوە؟! هەر زەوق و سەلیقە وا ناخوازێ، بەلآم راستیەكەی ئەوەیە ئێمە زەوق و سەلیقەیەكی ناتەندروستمان سازاندووە، ئەگەرنا راستی و دروستیەكە ئەوەبووە بگەڕێیت بە دوای بەرەكەت و ڤیتامینی ناو خواردندا و نەهێڵیت خۆراك بە زایە بچێت، ئەگەرنا چ ئەو دەفرەی نانی تێدا دەخۆیت، پێویستە پێشتر شۆرابێت و پاك و خاوێن بێت، چ دەستەكانیشت پێش خواردن دەبێت شۆرابن و دەست و پەنجەی خۆتەو بۆ خۆتی بەكاردێنیت نەوەك كەسێكی تر پەنجەی كەسێكی دی بلێسێتەوە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر لەمەشمان فێر دەكات، نەوەك تەنها خواردنێ بكەوێ نەفەوتێ، یان خواردنی ناو دەفر و پاشماوەی سەر پەنجەكانمان، بەڵكو سەرنجمان رادەكێشێ بۆ ئەو تۆزە خواردنەی لە بەینی دانەكانماندا گیری خواردووە، فێرمان دەكات بەرامبەر بەمەش چی بكەین (من أكل فليتخلل، فما تخلل فليلفظه، وما لاك بلسانه فليبتلع[3] (هەركەس خواردنێكی خوارد با نێوانی ددانەكانی پاك بكاتەوە، ئەگەر بە دار و هەر شتێكی تر پاكی كردەوە با بیتفێتەوە، هەر خواردنێكی نێوان ددانەكانیشی بە زمانی دەرهێنا، ئەوە با قووتی بدات).

تا ئێستا چ ولآتێكی جیهان هێندە گرنگی داوە بە پاراستنی خۆراك؟! ئەمەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فێری موسڵمانانی كردووە، ئەوپەڕی گونجاندنی پاك و خاوێنی و پاراستنی خۆراكە، نە مرۆڤ لە بازنەی پاك و خاوێنی دەردەكات، نە دەرفەت بە مرۆڤ دەدات كەمترین خواردن بفەوتێنێت.

بەلآم بە داخەوە ئەمڕۆ ئێمەی موسڵمان كە خواردن بانگ ئەكەینن پاڵی لێ ئەدەینەوەو خواردنێكی زۆر داوا ئەكەین، هیچ گرنگیەك نادەین بە تەندروستی خۆمان و دەست ناگرینەوە لە زێدەخۆری، بگرە بووە بە عەیبە ئەگەر سفرە و خوانێ خواردنی زیادەی لەسەر نەمێنێتەوە، پێویستە ئەو رۆشنبیریە لەنێوماندا بلآو ببێتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فێری كردوین و تا ئێستا گوێمان پێ نەداوە، لەمەودوا دەبێت لە چێشتخانەكاندا هێندە داوا بكەین كە دەیخۆین، بگرە زۆرخۆری لە خواردنگەكاندا سنووردار بكرایە.

 جارێك لەگەڵ هەندێ هاوڕێماندا گەشتێكمان كرد بۆ ولآتی یابان، لە خواردنگەیەك داوای خواردنێكمان كرد، خواردنەكە زۆر خۆش بوو، زۆرمان داوا كرد و بەشێكی زۆری خواردنەكەمان لێ مایەوەو بەجێمان هێشت، رۆیشتین و رۆژێكی دی هاتینەوە بۆ هەمان خواردنگە، كەسێك هات بە دەممانەوەو پێی وتین بۆچی هاتوونەتەوە؟ وتمان حەزمان بە خواردنەكەتانە، كابرا وتی وا نیە، ئەگەر وا بوایە خواردنەكەی ئێمەتان لێ نەدەمایەوەو جێتان نەدەهێشت، ئێمەش وتمان خواردنەكە زۆر بوو بۆیە جێمان هێشت، كابرا وتی جا بۆچی زۆرتان داوا كرد؟ ئەگەر لەمەودوا پابەند دەبن بە رێنماییەكانی خواردنگەكەوە و بەشی پێویستی خۆتان داوا دەكەن باشە، ئەگەرنا جارێكی تر سەرمان لێ نەدەنەوە.

كابرا باكی بەوە نەبوو زیان بە خۆی بگەیەنێت و چەند كڕیارێ لە خۆی بكات كە پارەیەكی زیاتر لە خەڵك سەرف دەكەن، بەلآم ئەوەی لا گرنگ بوو ئەو خواردنەی ئامادە دەكرێت نەفەوتێت، لە بنەڕەتدا ئەم رۆشنبیریە هی ئێمەی موسڵمانان بوو نەوەك هی ئەوان، بەلآم ئێمە دەستمان لێ بەردا و ئەوان جێبەجێی دەكەن.



[1] - صحيح مسلم، الرقم 3886، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 14339.

[2] - رواه الترمذي وقال حسن صحيح، ورواه أحمد و صححه شعيب الأرناؤوط، ورواه أبوداود و صححه الألباني.

[3] - رواه الدارمي، الرقم 2057 بإسناد حسن.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123