پێویستە لەمەودوا فێر ببین چۆن و چەندە بخۆین، لەوانەیە ئەم قسەیە لای هەندێ كەس قورس بێت و بڵێت تازە بە تازە بچمەوە سەر ئەو خاڵە سەرەتاییەی كە چۆن نان بخۆم؟! بەلآم راستیەكەی ئەوەیە ئێمە هەڵە فێری خواردن بووین و لەسەر هەمان هەڵەش بەردەوام بوین، هەرچەندە پەندێكی پێشنینانی كوردەواری هەیە زۆر جوان وتوویەتی (ئەوەی بە گەورەیی فێری پلآو خواردن بێت، دەست بۆ لووتی ئەبات)، بەلآم ناچارین هەرچۆنێك بێت دواجار خۆمان فێر بكەین.
پێویستە لەمەودوا فێر ببین خواردن تەنها لەبەر تام و خۆشیەكەی نەخۆین، بەڵكو بیرمان لای گرنگی و سوودەكەشی بێت، خواردن نەكەینە ئامانجی ژیان، بەڵكو وەك هۆكارێك بۆ مانەوەو ژیان سەیری بكەین، وەك چۆن پەندە فەڕەنسیەكە دەڵێت (مرۆڤ ئەخوات بۆ ئەوەی بژی، ناژی بۆ ئەوەی بخوات)، پێشتریش ئاماژەمان پێدا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەك بخوات تا پشتی راست راگرێت)، واتە ئامانج لە خواردن رێك راوەستان و لەسەر پێ وەستانی مرۆڤە هەتا بتوانێت بژی نەوەك لەپێناو خواردندا بژی.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (من تصبح بسبع تمرات عجوة، لم يضره ذلك اليوم سم ولا سحر)،[1] (هەر كەس بە حەوت دەنكە خورمای عەجوە بەیانی بكاتەوە، ئەو رۆژە ژەهر و جادوو زیانی پێ ناگەیەنێت).
لەم فەرموودەی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) هەم كاتی خواردن، هەم جۆری خواردنەكە، هەم كوالیتی خواردنەكە، هەم رێژەی خواردنەكە، هەم سوودی خواردنەكە و ماوەی كاریگەری و مانەوەی سوودەكەشی بە وردی باسكراوە، كاتەكەی بەیانییانە، جۆرەكەشی بە خورما دیاری كردووە، كوالیتیەكەی بە خورمای عەجوە دیاری كردووە كە زانایان رایان وایە خورمای دیكەش بەو باشیە هەمان حوكمی هەیە، رێژەی خواردنەكەشی بە حەوت دەنكە خورما دیاری كردووە، سوودەكەشی باسكردووە كە لە ژەهر و جادوو دەتپارێزێت، ماوەی كارایی و مانەوەی سوودەكەشی دیاریكردووە كە یەك رۆژە.
حەوت دەنك خورما (800) كالۆری تێدایە، واتە خواردنی یەك ژەم، واتە كارمەندێك پێش چوونی بۆ دەوام، تەنها حەوت خورما بخوات، دەتوانێت بێ هیچ كێشەیەك هەتا دەمەو عەسر ئیشەكانی بەڕێ بكات و وزەی پێویستی هەبێت، بە گشتی ئیسلام زیاتر جەختی لەو خواردنانە كردۆتەوە كە وزەیەكی زۆر دەبەخشن و ماددەی كاربۆهیدراتین، ئەمە دەبێتە قەرەبوو بۆ چەوری و بەشەكانی پڕۆتین و ڤیتامینەكاتی تر، خواردنێ گەدەت ئازار نادات، خواردنی ئاسنە، وزەیەكی زۆرت پێ دەبەخشێت، سیستمی بەرگری لەشیشت بەهێز دەكات.
وردەكاری بەم شێوازە لە خواردندا لە چ شوێنێك هەبووە؟! ئەمە ئەگەر رێنماییەكی خودایی نەبێت و پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها وەك مرۆڤێكی ئاسایی بڕیاری لەبارەوە بدایە،چۆن خەیاڵی دەچو وبۆ وردەكاری لەو چەشنە؟
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بەیانییان یان هەندێ جار عەسران هەنگوینی خواردووە، نەهاتووە پەرداخێك یان چەند كەوچكێك هەنگوین بخوات، بەڵكو كەوچكێك هەنگوینی كردۆتە ناو پەرداخێك ئاوی ساردەوەو زۆر بە چاكی كەوچكی تێ راداوە هەتا هەنگوینەكە لە ئاوەكەدا تواوەتەوە، ئینجا خواردوویەتیەوە،[2] ئاویش سروشتی وایە كە ماددەیەكت لەگەڵ تێكەڵ كرد، تایبەتمەندی ماددەكە وەردەگرێت، بەم چەشنە پەرداخە ئاوەكە سیفەتی كەوچكە هەنگوینەكە وەردەگرێت و وەك ئەوە وایە پەرداخێك هەنگوینت خواردبێت، بێ ئەوەی گەدەت پێی ماندوو ببێت، جگە لەوەی تێچوویەكی زۆر كەمتریشی تێدەچێت، لە كوێ پەرداخێ هەنگوین رۆژانە سەرف بكەیت و لە كوێ كەوچكێ هەنگوین لە بری پەرداخێ هەنگوین.
ئەگەر تێبینی بكەین كاتی خواردنەكان نزیكن لە كاتەكانی نوێژەوە، خوای گەورەش رۆیشتن بۆ نوێژەكان و خواردنی لە پاڵ یەكدا باسكردووە، (يَا بَنِي آدَمَ خُذُواْ زِينَتَكُمْ عِندَ كُلِّ مَسْجِدٍ وكُلُواْ وَاشْرَبُواْ وَلاَ تُسْرِفُواْ إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ) (الأعراف: ٣١) بۆیە باشترین ژەمەكانی خواردن ئەو كاتانەن كە نزیكن لە نوێژەكانەوە، كە لە نوێژ هاتنەوە دەست بكەن بە خواردن.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (إِذَا وُضِعَ الْعَشَاءُ، وَأُقِيمَتِ الصَّلاَةُ ، فَابْدَؤُوا بِالْعَشَاءِ)،[3] (ئەگەر خوانی شێوان دانرا و نوێیش بەرپا كرا، سەرەتا بە خوانەكە دەست پێ بكەن) واتە ئەگەر نان دانرا و كاتی نوێژیش هات، نەكەی پەلەپڕووزە نوێژەكەت لەكۆڵ بكەیتەوە بۆ ئەوەی فریای نانەكە بكەویت، نانەكەت بخۆ و هیچ خەیاڵت لای خوانەكە نەمێنێت، ئینجا بە جوانی نوێژەكەت بكە، چونكە مرۆڤ كە بۆنی خواردنی كرد، هەموو لیكەڕژێنەكانی ئەجووڵێن، گەدەی ترشەڵۆك دەرئەدات، پەنكریاس رژێنی پەنكریاس دەرئەدا، هەموو بەشەكان ئامادەكاری ئەكەن بۆ خواردن و كەسەكە خەیاڵی لای خواردن ئەبێت، بۆیە باشترین شت ئەوەیە نانەكەی بخوات، ئینجا نوێژەكەی بكات، ئەگەر خواردنەكەی پێ نەدەیت و دواتر نان بخۆیت، كرداری هەرس تێك دەچێت، زۆرێك لە خەڵك تووشی خراپی هەرسكردن بوون بەهۆی ئەوەی كاتێ حەزی خواردنیان هەبووە و لەبەردەستیاندا بووە نەیانخواردووەو دوایانخستووە، بەلآم خەڵكانێ هەن كاتی خواردنیان دیاریكراوە، هەركات لەو كاتە لابدەن، خێرا هەست بە برسێتی دەكەن.
لە رەمەزانان یان لە هەركاتێكی تری بەڕۆژوو بووندا باشتر وایە بۆ بەربانگ كردنەوە سێ دەنك خورما بخۆین، ئینجا بچین بۆ نوێژەكەمان، پاش نوێژەكە ژەمی شێوانمان بخۆین.
[1] - صحيح البخاري، الرقم 5450، صحيح مسلم، الرقم 3907.
[2] - ابن قيم الجوزية: زاد المعادفي هدي خير العباد، الطبعة السابعة و العشرون، مؤسسة الرسالة، (بيروت - 1994) ، ج4، ص 205.
[3] - صحيح البخاري، الرقم 651 واللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 898، سنن الترمذي، الرقم 330، سنن ابن ماجة، الرقم 929.