گرنگی شیر

 

ئیسلام بۆ هەموو بوارێكی ژیان پەیام و بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، خواردنی مرۆڤەكان و سیستمی ژیانیان دەبێت جیاواز بێت، نەك وەك كەسانێك كە وێنەی ئاژەڵ ژیان تەنها لە خواردن و خواردنەوەدا دەبیننەوە (وَالَّذِينَ كَفَرُوا يَتَمَتَّعُونَ وَيَأْكُلُونَ كَمَا تَأْكُلُ الْأَنْعَامُ وَالنَّارُ مَثْوىً لَهُمْ) (محمد: ١٢)، بەڵكو دەبێت ئامانجی خواردن و چۆنێتی و چەندێتیەكەشی بە بەرنامە بێت، هەركەس پابەندی بێت سوودی بۆ دنیا و قیامەتی خۆی دەبێت، هەركەسیش پابەند نەبێت پێوەی، ئەوە زیان بە دنیا و ئاخیرەتی خۆی دەگەیەنێت.

 شیر ئەو خواردن و خواردنەوەشە كە بۆ یەكەمجار مرۆڤ لەگەڵ هاتنەدنیای پێی ئاشنا دەبێت و سوودی لێ وەردەگرێت، بەڵكو ماوەیەكی زۆر جگە لە شیر هیچ خواردنێكی دی ناتوانێت دەست و پەنجە لەگەڵ مرۆڤدا نەرم بكات، چونكە شیر شتێك نیە مرۆڤ بتوانێت لێی بێباك بێت، كەچی لە نەزانیەوە زۆرێكمان هێندەی بێباكی خۆمان نیشانداوە بەرامبەر بەم شیرە سپیە، نیو هێندە خۆمان ناگرین بەرامبەر چوار بەرهەمە سپیەكەی تر كە هۆكاری زۆرێك لە نەخۆشیەكانی ئەمڕۆن (شەكر، خوێ، ئاردی سفر، برنج)، بریا لەبری زۆر بەرهەمی دی گرنگی بە شیر دەدرا، دەكرا شیر وەك بەرهەمێكی ناوخۆیی سوودی زۆری لێ ببینرێت، هەم دەستمایەی ئابووری و هەم دەستكەوتی تەندروستی زۆری دەبوو بۆمان و لە چەندین نەخۆشی رزگارمان دەبوو.

شیر بەشێكی باش لە (ڤیتامین A، ڤیتامین B، ڤیتامین D، كالیسیۆم، فۆسفەیت، مەنگەنیز، پڕۆتین، زینك، ئەمۆنیۆ ئەسید، چەوری سوود بەخش) ی تێدایە، شیر كاریگەری دەبێت لەسەر هەموو بەشەكانی جەستە، تەنانەت كاریگەری لەسەر ئێسك و ددانەكانیش دادەنێت، شیر پڕە لەو ماددانەی كە مرۆڤ سوودیان لێ وەردەگرێ، هەندێ ماددەی سوودبەخش هەن لە شیردا نەبێت، زۆر سەختە لە هیچ خواردنێكی تردا بە ئاسانی دەستت بكەون، بۆ نموونە لە شیردا نەبێت مرۆڤ لە كوێ دەستی دەگات بە لیسیۆم و باریۆم و مەنگەنیز و ئەلەمنیۆم كە زۆر گرنگن بۆ جەستەی مرۆڤ؟ تەنانەت پشكنینەكەشیان نازانرێت چ جای ئەوەی بزانن لە كوێ دەست دەكەون؟ دەی هەركەس گرنگی بە شیر بدات و زۆر بیخواتەوە، لەدەست نەقصی هەموو ئەوانە رزگاری دەبێت.

دوو منداڵ كە پێكەوە یاری ئەكەن، هەردووكیان شەق هەڵئەدەنە تۆپێك، بەلآم بە هەڵە شەقەكە بەر قاچیان دەكەوێت، لێدانێ بەیەك زەبر و لەیەك كاتدا، یەكێكیان قاچی ئەشكێ، ئەویتریان قاچی بەسەلامەتی دەرئەچێ، ئەوەی قاچی دەشكێ شیر ناخوات، قاچیشی درەنگ چاك ئەبێتەوە، ئەوەشیان قاچی ناشكێ شیر دەخوات، ئەگەریش زیانێ بەر قاچی بگات زووتر چاك دەبێتەوە.

زۆرێك لەو نەخۆشانەی دێنە لامان، كاتێك سەیری ئەو چارەسەرانە دەكەین كە پزیشكانی دی لە ناوخۆ و دەرەوەی ولآت بۆیان نووسیون، ئەوانەن كە دەكرێت بە خواردنەوەی شیر هەموو ئەو چارەسەرانە دەست بكەون، بەڵكو بەشێكیان هەر لە شیرەوە وەرگیراون و لێرەش نەخۆش بە سەرسامی و گرنگیەوە هەڵمەتی بۆ دەبات، بەلآم كاتێك پێشنیاری شیری خۆماڵی بۆ دەكەیت، مەسەلەكە بە گاڵتە دەگرێت و عەقڵی نایگرێت، جا هەرچەندە لە شیرخواردنەوە دووربگرین، زیاتر باجەكەی دەدەین، شیرێكی تازەو هەرزان و بەتام كە بە ئاسانی دەگاتە دەستمان، ئەگەر سوودی لێ وەرنەگرین ناچار دەبین بە سەختی و بە تێچوویەكی زۆرتر و لە دوورە دەستیەوە بەدەستی بخەین، شیرخواردن چارەسەرێكی گرنگە بۆ كەمخوێنی و ئازاری جومگەكان و سەرئێشە و قەڵەوی و بەدخۆراكی منداڵ.

كەسە بە تەمەنەكان زیاتر لە هەموان پێویستیان بە شیرە، وەك چۆن بە منداڵی ئیشیان بە شیر خواردنەوە دەڕۆیشت، لە پیریشدا بەبێ شیر ئیشیان ناڕوات، دەبێت گرنگیەكی زۆری پێ بدەن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی بەمە داوەو رێنمایی كەسە بە تەمەنەكانی كردووە گرنگی بدەن بە رۆژانە شیرخواردنەوە.

ئیسلام شیری لە بەرامبەر مەی و عەرەقدا داناوە، هەموو دنیا شایەتی باشی شیر و خراپی عەرەق دەدات، كەچی هێشتا تانە لە ئیسلام دەدرێت، جا ئەگەر ئیسلام عەرەق و گۆشتی مردارەوەبوو و جگەرەی لە بەرامبەر شیر و گۆشتی فرێش و میوەكان حەلآڵ بكردایە، دەبوو ئەو كەسانەی ئەمڕۆ تانە لە ئیسلام دەدەن، ئەوكات چییان بوتایە؟!

بەپێی توێژینەوەكان، ئەو مانگایەی تووشی نەخۆشیەك دەبێت، جەستەی هێزی بەرگری دژ بە ڤایرۆسی ئەو نەخۆشیە بەرهەم دێنێ، ئەو بەرگریەش لەناو شیرەكەیدایە، كاتێك كەسێك شیری ئەو مانگایە دەخوات، وەك ئەوە وایە كوترانی دژ بەو ڤایرۆسەی وەرگرتبێت، ئەمەش یەكێكە لە بەخششەكانی خوا كە لەرێی شیر خواردنەوە دەستمان دەكەوێت.

جا لەوە دڵنیا بن دووركەوتنەوەمان لە خواردنە سروشتیەكان، رێمان ئەخاتە دەرمانخانە و چارەسەرە كیمیاییەكان.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123