بابەتێكی تر كە لە بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) پێویستە باس بكرێت، بریتیە لەو نانەی كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) خواردوویەتی، چونكە ئەمڕۆ لە كوردستاندا گرنگیەكی زۆر دەدرێت بە نانخواردن و زۆربەی زۆرمان لەگەڵ هەر خواردنێكدا نانی پێوە دەخۆین.
ئەبووحازم دەڵێت: پرسیارم كرد لە سەهلی كوڕی سەعد كە هاوەڵێكی پێغەمبەری خوایە، وتم ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نانی ئاردی سپی خواردووە؟ -واتە ئاردێ وەك ئاردی سفری ئەمڕۆ و لەو چەشنە- سەهلیش وتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو كاتەوەی بوو بە پێغەمبەر هەتا ئەو رۆژەی وەفاتی كرد ئاردی سپی نەبینی، بەڵكو كە جۆكەمان دەهاڕی، فوومان پێدا دەكرد –مەبەستی ئەوەیە- دەدرایە بەر با- ئیتر ئەوەی باكە دەیبرد دەرۆیشت و ئەوەی دەمایەوە دەمانشێلا و –دەكرایە نان- و دەمانخوارد.[1]
پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كە ئاردی سپی بەكارنەهێناوە، ئەمە بێ هۆكار نیە، بەڵكو وەك پێشتر وتمان ئاردی سفر وەك زەهری سپی وایە، زیانی زۆرە، گرنگە ئاردی بۆر بەكاربهێنرێت، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا وەفاتی كرد تەنها نانی جۆی خواردووە، هەرچەندە تا ماوەیەك لەمەوبەریش وا باو بوو كە تەنها كەسە هەژارەكان نانی جۆ دەخۆن، بەلآم ئەمڕۆژە زانستی پزیشكی گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی دەبێت گرنگی بە نانی جۆ بدرێت.
پێكهاتەی گوڵی گەنم یان جۆ بەمجۆرەیە: دەنكی گەنمەكە یان جۆكە كە لە ناویدا كۆرپەلەی گەنم یان جۆ هەیە و جارێكی تر گەنم یان جۆیەكی تر دروست دەكاتەوە، بە دەوری ئەمانەدا توێكڵێك هەیە، ئەگەر ئەمانە پێكەوە هاڕدران، ئاردێكی بۆر بەدەست دەكەوێت، ئەگەریش توێكڵەكەت لابرد و بە تەنیا دەنكە گەنمەكەت كرد بە ئارد، ئەوە ئاردێكی سپیت بەردەست دەكەوێت.
ئەمڕۆژە بە هەڵە خەڵكی بەشە بەسوودەكە دەدەن بە ئاژەڵەكان و ئەوەی وەك ژەهری لێهاتووەو بوونی بە تەنها زیانبەخش دەبێت، ئەو بەشە دەخۆن، بەلآم گرنگە هەموو پێكهاتەی گەنمەكە یان جۆكە پێكەوە بهاردرێت و ئاردێكی بۆری لێ بەرهەم بێت و لەو ئاردە بۆرە نان دروست بكرێت بۆ ئەوەی نانێكی بەسوود و تەندروستمان دەست بكەوێت، چونكە ئەو بەرگ و توێكڵەی گەنم یان جۆ ماددەی دژەئۆكسیدی تێدایە كە دژە شێرپەنجە و دژە كۆلیستڕۆڵە و پڕە لە ماددەی فایبەر و زینك و ئاسنی تێدایە، هەر بۆیە رێژەی كەمخوێنی لە كۆمەڵگەماندا زۆرە.
سوودی بەكارهێنانی ئاردی بۆر تەنها لەوانەدا بەرتەسك نابێتەوە، بەڵكو ئەم سوودانەی تریشی هەیە:
نەرمی و پاراوی پێست ئەپارێزێت.
رێگری دەكات لە دروستبوونی بەردی زراو.
بەرگری لەش زیاد دەكات.
رێگری دەكات لە تووشبوون بە صەوەفان.
پووكانەوەی ئێسكەكان كەم دەكاتەوە.
رێژەی چەوری و كۆلیستڕۆڵ دائەبەزێنێت.
رێگری دەكات لە تووشبوون بە كۆڵۆن و هۆكاری دووركەوتنەوەیە لە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆڵۆن و گەدە بە شێوەیەكی تەندروست دەهێڵێتەوە.
ئەگەری تووشبوون بە شەكرە كەم دەكاتەوە و رێژەی شەكر لە لەشدا دائەبەزێنێت.
هۆكارە بۆ رێگری لە تووشبوون بە هەندێ نەخۆشی دڵ.
هۆكارە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە شێرپەنجەی مەمك.
هۆكارە بۆ رێگریكردن لە دەركەوتنی نیشانەكانی پیری مرۆڤ.
هۆكارێكی سەرەكی تووشبوونمان بە نەخۆشیە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و چەوری خوێن و پەستانی خوێن و ..هتد، زۆر گرنگیدانە بە ئاردی سپی، سووچی تاوانەكەش لە خۆمانەوەیە كە وەك چۆن رێنمایی پەرستشەكانمان وەرگرتووە، نەمانتوانیوە ئاواش رێنمایی شێوەو بەرنامەی خۆراك لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) وەربگرین.
ئەمڕۆژە لە ئەوروپادا گرنگیەكی زۆر دەدرێت بە نانی جۆ، كەسانێ كە لەوێوە دێنەوە لێرە زۆر گرنگی دەدەن بە ئاردی جۆ و زۆری لێ دەكڕن، ئەگەر بپرسیت هۆكارەكەی چیە؟ راستەوخۆ پێت دەڵێت كە لەوێ ئارد و نانی جۆ گرانە، چونكە لەوێ ئەو ئاردە بەكاردێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەوان چاك دەزانن چ سوودێكی تەندروستی هەیە، بۆیە هێندە گرنگی پێ دەدەن.
تكامان وایە نانەوا و صەمونخانەكان لەمەودوا گرنگیەكی زۆر بدەن بە نانی جۆ، ئەویش جۆیەك كە هەمووی پێكەوە هاردرابێت نەوەك تەنها ناوەكەی، بەڵكو توێكڵەكەشی لەگەڵێدا بهاڕین،
ئەگەر لە دەرمانخانەیەك داوای دەرمانێ بكەیت كە فایبەری تێدا بێت، كاتێك دەرمانەكەت پێ دەدات، تەماشای پاكەتەكەی بكەیت، وێنە یان ناوی پێكهاتەكەی رەسمی گوڵەجۆی تێدایە، ئەو توێكڵەی كە فڕێ ئەدرێت، لەوێ هاڕدراوەو كراوە بە كەپسوول و وەك چارەسەر دەدرێت بە نەخۆش، واتە ئەوەی لەبەردەستمانەو فڕێی دەدەین، دەبێت بە چەند بەرامبەر تێچووی زیاتر بیكڕینەوەو بە شێوەی كەپسوول بیخۆین، ئەمجار بۆ سوودەكەی نا، بەڵكو بۆ چارەسەری نەخۆشی.
ئومموئەیمەن دەگێڕێتەوە كە بڕێ ئاردی جۆی بێژاوەتەوەو گونكی پێ دروست كردووە تا بیكات بە نان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، فەرمووی ئەمە چیە؟ ئومموئەیمەنیش وتی ئەمە خواردنێكە ئێمە لە ناوچەی خۆمان ئاوا دروستمان دەكرد، حەزم كرد نانێكی لێ دروست بكەم بۆت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ردیە فیە، ثم اعجنیە)،[2] (بێژراوەكە بكەرەوە ناوی ئینجا هەویرەكە بشێلە).
ئەم رێنماییە وردە ئەگەر موعجیزە نەبێت، چۆن پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پەی پێ ئەبات؟! خۆ وەك ئەمڕۆ زانستی پزیشكی هێندە بەهێز نەبووە هەتا سوودەكانی ئاشكرا بكرێن، مەسەلەكە تەنها ئەوەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن پەروەردگارەوە رێنموونی كراوە.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ جار بە تەنها نانی خواردووە، بەلآم زۆربەی كات بە خواردنێكی ترەوە خواردوویەتی، بۆ نموونە بە سركەوە خواردوویەتی، جار هەبووە بە گۆشتەوە خواردوویەتی، بە خورماوە خواردوویەتی، بەلآم ئەمڕۆ ئێمە بە هەڵە نان بە برنجەوە دەخۆین كە هەردووكیان كاربۆهیدراتیان زۆرە، هیوام وایە ئەم نەریتە لەناوماندا نەمێنێ و بزانین نان بە چیەوە بخۆین و بە چیەوە نەیخۆین.
جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵی ئومموهانیئی كچی ئەبووتالیب كە ئامۆزای بوو، فەرمووی (هیچ خواردنێكت لا هەیە بیخۆم؟) چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برسی بوو، ئومموهانیئی ئامۆزای دەڵێت منیش وتم پارچەیەك نانەڕەقەم لا هەیە بەلآم شەرم دەكەم بیهێنمە بەردەمت، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە وتی تەنها بڕێ نانەوشكە و سركەمان هەیە، ئەویش فەرمووی (بیهێنە)، منیش نانەكەم پارچەپارچە كرد و خوێم كرد بە سەریدا، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەی هیچ پێ خۆرێ هەیە؟) منیش وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها كەمێ سركەم لا هەیە، فەرمووی بیهێنە، منیش كە بۆم برد سركەكەی كرد بەسەر خواردنەكەدا و لێی خوارد و دواتر سوپاسی خوای كرد، ئینجا فەرمووی (ئەی ئومموهانی سركە پێخۆرێكی زۆر باشە، ماڵێ سركەی تێدا بێت هەژار ناكەوێ)[3] لە ریوایەتێكی تردا هاتووە فەرمووی(قربيه، فما أقفر بيت من أدم فيه خل)[4] (دەی نزیكی بكەرەوە –بیهێنە- ماڵێك بێ پێخۆر نابێت كە سركەی تێدا بێت).
مەحوی شاعیر دەڵێت:
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوهدی دونیا ی تەماشاكە
كە یەك لەت نانی جۆ بوو قوتی، یا خورما دوو سێ دانە
[1] - رواه البخاري وابن ماجة و غيرهما.
[2] - سنن ابن ماجة، الرقم 3333، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 21109، صححه الألباني و حسنه شعيب الأرناؤوط.
[3] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6941.
[4] - سنن الترمذي، الرقم 1811 و قال حسن غريب من هذا الوجه.