ناوى عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفى قوڕەیشی زوهریە، کونیەکەى ئەبووموحەممەدە. یەکێکە لە دە موژدەپێدراوانى بەهەشت و یەکێکیشە لە شەش هاوەڵی شووراى سەردەمى عومەرى کوڕی خەططاب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا وەفاتى کرد لێی رازى بوو. عەبدوڕەحمان سەرەتا ناوى عەبدعەمر یان عەبدولکەعبە بوو، بەلآم کە موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا عەبدوڕەحمان. پێش ئەوەى بانگەوازى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەمى کوڕی ئەرقەم، عەبدوڕەحمان موسڵمان بوو. عەبدوڕەحمان لە هەردوو کۆچی حەبەشەدا بەشداریی کرد، دواتر گەڕایەوە بۆ مەککەو لەوێوە کۆچی کرد بۆ مەدینە. عەبدوڕەحمان کە سەرەتا هاتە مەدینە، کەسێکی هەژار و نەدار بوو، هیچی نەبوو، سەعدى کوڕی رەبیعیش کەسێکی دەوڵەمەند بوو، دەستبارى عەبدوڕەحمان بوو هەتا شارەزاى بازاڕ بێت و دواجار بوو بە کەسێکی دەوڵەمەند. عەبدوڕەحمان بەشداریی غەزاى بەدر و غەزاکانى دواتریشی کرد، لە غەزاى بەدردا نزیکەی بیست جار بریندار بوو، لە رێککەوتنى حودەیبیەشدا بەشدارى کرد و یەکێک بوو لە شاهیدەکانى رێککەوتنەکە. پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دواى عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفەوە نوێژی کرد، ئەو فەزڵەش خوا تەنها بە ئەبووبەکری صدیق و عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفی بەخشی. جارێک عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوف نیوەى سامانى خۆی هێنا بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە نیوەی سامانەکەمەو هێناومە بۆت و نیوەکەى تریم هێشتوەتەوە بۆ ماڵ و مناڵم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوا بەرەکەت بخاتە ئەوەى بەخشیوتەو ئەوەشی هێشتووتەتەوە). پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوف یارمەتى زۆری خێزانەکانى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) دەدا و پارەیەکی زۆری دابەش دەکرد بەسەریاندا. ئەبووبەکری صدیق دژبە هەڵگەڕاوەکان جەنگى راگەیاند، بۆ ئەوەش مەترسی لەسەر مەدینە دروست دەبوو، بۆیە پاسەوانى شەوانەى بە دەورى مەدینەدا دانا و بڕێک کەسی کرد بە ئەمیری دەستە دەستەی ئەو پاسەوانانە، لەوانەش عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوف. عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوف لە سەردەمى هەریەک لە ئەبووبەکرى صدیق و عومەرى کوڕی خەططابدا فەتواى دەدا. عومەرى کوڕی خەططاب پاش ئەوەى پێکرا، شەش کەسی راسپارد تا لەنێو خۆیاندا کەسێک دیارى بکەن بۆ خیلافەت، یەکێک لەوانە بریتی بوو لە عەبدوڕەحمانى كوڕى عەوف. دواجار لە ساڵی سی و دووى کۆچی و لە تەمەنى حەفتا و پێنج ساڵیدا لە مەدینە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە کرا. ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح
صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)
سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)
سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)
سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)
ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)
سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)
ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)
زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)
زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)
زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)