سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى سەعدى کوڕی موعاذى کوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەکان و گەورەى ئەوسیەکانە. 
سەعد لەسەر دەستى موصعەبى کوڕی عومەیر موسڵمان بوو، کە موسڵمان بوو، بە هۆزەکەى خۆى وت: منتان لا چۆنە؟ وتیان گەورەو شارەاز و بەڕێزترینى ئێمەیت، ئەویش وتى دەى دەنگم لە ژن و پیاوتان هەڵدەگرم تا کاتێ باوەر دێنن بە خوا و پێغەمبەرەکەى، بەوە هەرهەموو بەنى عەبدولئەشهەل موسڵمان بوون جگە لە چەند کەسێ، پاشان ئەسعەد موصعەبى بردەوە بۆ ماڵی خۆیان. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) برایەتى خستە نێوان کۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعدى کوڕی ئەبی وەقاص و سەعدى کوڕی موعاذەوە. 
سەعدى کوڕی موعاذ یەکێکە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لەو غەزایەدا ئالآى ئەوسیەکان بەدەست ئەوەوە بوو. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەرچوو بۆ بەدر، پێش غەزاکە راى خەڵکی وەرگرت و فەرمووى راتان چیە؟ پاش ئەوەى چەند هاوەڵێک قسەى خۆیان کرد، سەعدى کوڕی موعاذيش وتەیەکى مێژوویى پێشکەش کرد و وتى: (من لە بری هەموو پشتیوانان قسە دەکەم، سوێند بەخوا ئەگەر فەرمان بکەیت تاو بدەینە ناو ئەو دەریایە ئەوە لەگەڵت دێین، ئێمە وەک ئەو بەنوئیسرائیلیانە نین کە بە مووسایان وت (خۆت و خواکەت بڕۆن بجەنگن، ئێمە لێرە دانیشتوین)، بەڵکو دەڵێین بڕۆ خۆت و پەروەردگارت بجەنگن و ئێمەش لەگەڵتاندا شوێنت دەکەوین، لەوانەیە تۆ بۆ شتێک دەرچووبیت و خواش شتێکی تری هێنابێتە ڕێت، بزانە ئەوەى خوا بۆی داناویت کامەیە ئەوە بگرەبەر، لەگەڵ کێ دەتەوێت ئاشتی بکەو دژایەتى کێت دەوێت بیکە، چەندەت دەوێت لە سامانمان بیبە)، ئەوەبوو خواى گەورە سەبارەت بەو هەڵوێستەى سەعد ئایەتى دابەزاندە خوارەوە. 
هەروەها سەعد یەکێکە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، کاتێک خەڵکی لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) تەکینەوە سەعد یەکێک بوو لەوانەى لە دەورى مایەوە. 
دواى غەزاى خەندەق، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) سەعدى هاودەم بە سەعدى کوڕی عوبادە نارد تا هەواڵی جوولەکەکانى بەنى قورەيظەى بۆ وەربگرن، ئەوانیش هەواڵیان هێنایەوە کە ناپاکییان نواندووە. 
 لەو غەزایەدا لەکاتى هێرش بۆ سەر جوولەکەکان تیرێکی بەرکەوت و پاش ماوەیەک بەو هۆیەوە مرد. 
ئەو تیرەی بەر سەعد کەوت بەر دەمارێکی باڵی کەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) خۆی بە سەرەتیرێک دەمارەکەى بۆ داخکرد، بەلآم هەمدى خوێنی لێ چوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) جارێکی تر داخکردنى دەمارى بۆ بەکارهێنا،  سەعد وتى: خوایە گیانم دەرمەکە تا دەروونم بە بەنو قورەيضەش ئارام دەگرێت، ئەوەبوو خوێنەکەى وەستا تا ئەوەى جوولەکەکان رازى بوون بە بڕیارى سەعد و ئەویش بڕیارى خۆی دا لەسەریان، بڕیارەکەش ئەوەبوو کە جەنگاوەرەکانیان بکوژرێن، دواى ئەوە جارێکی دى دەمارى خوێنی تەقى تا بەو هۆیەوە مرد. 
کاتێک سەعد وەفاتى کرد، دایکی دەستی کرد بە گریان و قیژە، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پێی فەرموو:(ئەرێ ئیتر بۆچی فرمێسکت ناوەستێنیت و خەفەتت لانابەیت، خۆ کوڕەکەت یەکەم کەسە خوا بۆی پێکەنى و عەرشی خوا بۆى لەریەوە). 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)