ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى سەعدى کوڕی مالیکی کوڕی سینانە، لە پشتیوانانە لە خودریەکان، یەکێکە لە هاوەڵە ناسراوەکان کە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليە وسلم) گێڕاوەتەوە، زیاتر بە کونیەکەى ناسراوە کە ئەبووسەعیدی خودریە. 
ئەبووسەعید ویستى لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى بکات، بەلآم لەبەر بچووکیەکەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) نەیهێشت تیایدا بەشدارى بکات، بەلآم باوکى تیایدا بەشدار بوو و شەهید بوو. 
ئەبووسەعید دەڵێت: جارێک نەبوونیى زۆری بۆ هێناین و دایکم منى نارد تا بچم لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) داواى شتی لێ بکەم، کە گەیشتمە خزمەتى فەرمووى (هەرکەس خۆی لە دەستى خەڵک بێباک بکات (چاوى لە دەستى خەڵک نەبێت) خوا دەوڵەمەندى دەکات، هەرکەس خۆی پاک راگرێت خوا پاک و دوور لە دەستى خەڵک رایدەگرێت، هەرکەس هەوڵ بدات بەوە رازى بێت کە هەیەتى، خوا بەشی پێویستی پێ دەدات، هەرکەس بەهاى ئۆقیەیەکى هەبێت و داوا بکات ئەوە زۆر لەسەر داواکردن چووە)، منیش کە ئەوەم بیست، وتم: خۆ وشترەکەم زۆر باشترە لە ئۆقیەیەک، بۆیە گەڕامەوەو داواى هیچم لێ نەکرد. 
یەکەم غەزا کە ئەبووسەعید تیایدا بەشدار بوو، غەزاى خەندەق بوو، ئیتر دواى ئەوە بەشدارى غەزاکانى ترى کرد، بە گشتی بەشدارى دوانزە غەزاى کرد. 
ئەبووسەعید لە بەیعەتى ريضوانیشدا بەشداربوو.  
ئەبووسەعید باسی نەخۆشی سەرەمەرگى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەکات و دەڵێت: چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە زۆر نەخۆش بوو، تایەکی زۆری هەبوو، بەسەر لێفەکەوە دەستم خستە سەری، کەچی هەستم بە گەرمایەک کرد، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) حاڵت زۆر سەختە؟ فەرموى (ئێمە ئاوا نارەحەتیمان بۆ چەند بەرامبەر دەکرێت و پاداشتیشمان بۆ چەند بەرامبەر دەکرێت)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) چ خەڵکێ زۆرترین نارەحەتى دەچەژن؟ فەرمووى پێغەمبەران، وتم ئەی دواتر؟ فەرمووى (پاشان پیاوچاکان، تا ئەوەى کەسى وایان هەیە تووشی هەژاریەکى وا دەبێت تەنها عەبایەک شک دەبات بۆ خۆداپۆشینی، ئەگەرچی هەرکامیان بە نارەحەتى دڵخۆش دەبێت وەک چۆن یەکێک لە ئێوە بە خۆشگوزەرانى دڵخۆش دەبێت).  
سەبارەت بە وەفاتى ئەم هاوەڵە خۆشەویستە، چەند رایەکى جیاواز هاتووە، وەک ساڵەکانى  شەست و سێی کۆچی و حەفتا و چوارى کۆچی  و شەست و چوارى کۆچی و شەست و پێنجى کۆچی. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)