زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی کچی جەحشەو لە ئەسەدیەکانە، سەرەتا ناوى بەڕرە بوو، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ناوى نا زەینەب،  هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و دایکی باوەڕدارانە. 
زەینەب زۆر زوو موسڵمان بوو و یەکێکیشە لە کۆچەران، هاوسەری زەیدی کوڕی حارثه بوو، بەلآم دواتر زەید تەلآقی دا و پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەوی بەهاوسەر گرتەوە. 
زەینەب کە هاوسەرەکانى تری پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليە وسلم) دەبینی، نازى دەکرد و دەیوت: ئێوە کەسوکارتان مارەیان کردون لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، بەلآم من خواى گەورە مارەى کردم لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم). 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) زەینەبی بەهاوسەر گرت، خەڵکی بانگ کرد بۆ نانخواردن، خەڵکیش هاتن و پاش نانخواردنەکە کەوتنە دەمەتەقێ، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) هەستایەوە وەک ئەوەى پێیان بڵێت برۆن، کەچی خەڵکەکە نەچوون، ئەوەبوو ئایەتى دابەزاند و هۆشیاریى دا بە موسڵمانان، زۆر لە ماڵی پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) بمێننەوە.
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە دەستکەوتەکانى غەزاى خەیبەر سەد کۆڵ خورماى بڕیەوە بۆ زەینەبی کچی جەحش. 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پێش وەفاتى لە ماڵی زەینەب بوو، رۆژی چوارشەممە بوو، نۆزدەى مانگى صەفەرى ساڵی یانزەى کۆچی بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە ماڵی زەینەب بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) تووشی ئازارێکی زۆر بوو، ئەوەبوو هەموو هاوسەرەکانى تری پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هاتن بۆ ئەوێ و لەلاى کۆبوونەوە. 
دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و لە خیلافەتى عومەرى کوڕى خەتتابدا، جارێک عومەر مووچەکەى زەینەبی نارد بۆی، ئەویش وتى خوا لە عومەر خۆش بێت، کەسی تر هەیە لە من شیاوترە بەم هەمووە، پێیان وت ئەوە هەمووى بۆ تۆیە، وتى:سوبحانەلآ، ئینجا بە پارچە قوماشێک دایپۆشی و وتى: دایپۆشن و جلێکی پێدا بدەن، ئینجا کەوتە دابەشکردنى بەسەر خزمانى خۆی و هەتیواندا، دواتر دەستەکانى بەرز کردەوەو وتى خوایە دواى ئەمساڵ جارێکی تر مووچەی عومەرم بۆ نەیەت. 
زەینەب کە نەخۆش کەوت و سەرەمەرگى هات، بەوانەى دەوروبەرى وت: من کفنی خۆمم ئامادە کردووە، جا ئەگەر عومەر کفنى بۆ ناردم، یەکێکیان بکەن بەخێر، یان ئەوەى خۆم یان ئەوەی عومەر. 
زەینەب لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى کوڕی خەططاب و لە سالێ بیستى کۆچیدا وەفاتى کرد،  بەوەش یەکەم هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کۆچی دوایی کرد. 
عومەرى کوڕی خەتتاب نوێژی لەسەر تەرمەکەى کرد، ئینجا برا بۆ گۆڕستانى بەقیع و لەوێ ئەسپەردە کرا. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)