سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى سەعدى کوڕی عوبادەى کوڕی دولەیمە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان. 
سەعد یەکێکە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و یەکێکە لە دوانزە نەقیبەکە. 
جارێک سەعد چوو بۆ مەککەو لەوێ خەڵکی مەککە سەعدیان گرت و زۆریان لێدا، هێندەیان لێدا جەستەی تەواو خوێناوى بوو، کابرایەک هات و وتى ماڵوێران کەس ناناسیت لە مەککە پەنات بدات؟ ئەویش وتى نا، بەلآم جاران عاصی کوڕی وائیل دەهاتە مەدینە و ئێمەش رێزمان لێدەگرت، یەکێک لەوێ بوو کە عەددى کوڕی قەیس بوو، وتى باسی ئامۆزاکەى منى کردووە، بەخوا یەک کەس نابێت نزیکی بێتەوە، بۆیە وازیان لێهێنا. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هاتە مەدینە، سەعد هەموو رۆژێک بڕێک گۆشت و تریتی بۆ دەنارد، ئیتر پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بچوایە بۆ ماڵى هەر هاوسەرێک، سەعد ئەو قاپەى دەنارد بۆ ئەوێ. 
سەعد یەکێکە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.
تەنها ساڵێک بەسەر هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بۆ مەدینە تێپەڕ بووبوو کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە دەرچوونێک دەرچوو و سەعدى وەک بەرپرسی مەدینە جێهێشت. 
کاتێک دایکی سەعد وەفاتى کرد، سەعد لەوێ نەبوو، دواتر هاتەوە زانى وەفاتى کردووە، چوویە خزمەتی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دایکم مردووەو من لێرە نەبوم، ئایا ئەگەر خێری بۆ بکەم سوودى پێ دەگەیەنێت؟ فەرمووى (بەڵێ)، سەعد وتى دەى تۆ بەشایەت دەگرم ئەو باخەم دەکەم بە خێر بۆی. 
سەعد بەرامبەر بە ئەهلى صوففە زۆر چاکەکار بوو و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەوانى دەبردەوە بۆ ماڵەوە تا لەوێ نان بخۆن. 
جارێک سەعدى کوڕی عوبادە نەخۆش بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هاودەم بە عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوف و سەعدى کوڕی ئەبی وەقاص و عەبدولآى کوڕی مەسعوود هات بۆ لاى تا سەردانى بکات، بینی لە کەنارێکەوەیە، فەرمووى تەواو بووە؟ وتیان: نا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) گریا، کە خەڵکەکە بینییان پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) گریا ئەوانیش گریان، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (نابیستن کە خواى گەورە لەسەر فرمێسکی چاو و خەفەتى دڵ سزاى کەس نادات، بەلآم لەسەر ئەمە سزاى خەڵکی دەدات یان رەحم بە خەڵکى دەکات، ئینجا ئاماژەی کرد بە زمانى، مردوو بە گریانى کەسوکارى لەسەری ئازار دەچێژێت).  
بڕێک گێرانەوە هاتون سەبارەت بەوەى سەعدى کوڕی عوبادە ئامادە نەبوە بەیعەت بدات بە ئەبووبەکر و هەوڵی داوە پشتیوانان پێشبخات و تا دواساتى ژیانى بەیعەتى نەداوە، ئەمە لە راستیەوە دوورەو تەنها بۆ شێواندنى مێژووى ئیسلامیە، ئەگەرنا چ رابردووى سەعد و چ دەقە صەحیحەکان ئەوە دەسەلمێنن مەسەلەکە وا نەبووە.
سەعد دواتر چوو لە دیمەشق نیشتەجێ بوو و دواجار لە حوران کۆچی دوایی کرد، سەبارەت بە ساڵی وەفاتى دەوترێت لە ساڵی چواردەى کۆچیدا لە حوران وەفاتى کردووە، رایەکی تر دەڵێت لە ساڵی شانزى کۆچیدا وەفاتى کردووە. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)