سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی هاوەڵی نزیکی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و نەوەى فارسەکان بوو، هاوەڵێکی زۆر ناسراو و دڵسۆز بە ئیسلام بوو.
سەبارەت بە ناوە سەرەکیەکەى سەلمان چەند ناوێک هاتووە(ماهەوەیه، مایە، بیهبوود)،  سەبارەت بە شوێنی لەدایکبوون و گەورەبونى، لە زۆربەى گێڕانەوەکاندا ناوى گوندێکی سەر بە ئەصفەهان هاتووە.
سەلمان لەپێناو گەیشتن بە ئایینى راستیدا، تووشى ناڕەحەتى و سەختییەکى زۆر بوو، بەسەرهاتەکەى بە دوورودرێژیى باسکراوەو زۆر کاریگەرە، پوختەکەى ئەوەیە کە لەپێناو دۆزینەوەى ئایینى حەقدا، ولآتى خۆى جێهێشت و بەناو عێراق و شام و حیجازدا گەڕا، دواجار کرا بە کۆیلە، تەنها بۆ ئەوەى بگات بە کۆتاى پێغەمبەران، ئاواتەکەشى هاتەدى.
سەلمان پاش ئەوەى موسڵمان بوو، کۆیلەى کابرایەکى جوولەکە بوو، هەر بە کۆیلەیی مایەوەو نەیتوانى بەشدارى غەزاى بەدر و ئوحود بێت،  پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) یارمەتیدا هەتا خۆى لە کۆیلایەتى رزگار بکات و خۆی بکڕێتەوە.
سەلمان لە غەزاى خەندەقدا بەشدار بوو، کاتێک بێباوەڕان هاتن بەرەو مەدینە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) راوێژەکەى سەلمانى فارسی وەرگرت کە پێشنیارى کرد بە دەورى مەدینەدا خەندەقێک لێبدرێت، ئەو جۆرە کارە پێشتر لەناو عەرەبدا باوى نەبوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) راکەى وەرگرت و بۆ هەر دەستەیەک بڕێکی دانا تا هەڵیبکەنن، خودى پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) بەشدارى هەڵکەندنەکە بوو. 
سەلمان دەڵێت لە لایەکەوە خەریکی خەندەق هەڵکەندنەکە بووم کە تاشەبەردێکی گەورە هاتە ڕێم، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لێمەوە نزیک بوو و منى بینی و زانى ئەو بەردە زۆر ماندووکەرە، هات و زەنگنەکەى لە دەستم وەرگرت، یەکجار لێیدا و بزیسکەیەکى کرد، جاری دووەم وسێیەمیش هەروا بزیشکەی کرد، منیش وتم بە دایک و باوکمەوە بە قوربانت بم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، ئەو بزیسکانە چی بوون؟ فەرمووى ئەی سەلمان تۆ ئەوانەت بینی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (یەکەمیان خواى گەورە دەرگاى یەمەنى بەسەردا کردمەوە، دووەمیان خوا دەرگاى شام و مەغریبی بەسەردا کردمەوە، سێیەمیشیان بەوە خواى گەورە دەرگاى رۆژهەلآتى بەروودا کردمەوە. 
سەلمان لە غەزاى طائیفیشدا بەشدار بوو، لەو غەزایەدا راوێژی دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) تا مەنجەنیق بەکار بهێنن، سەلمان خۆیشی مەنجەنیقەکەى بەکارهێنا. 
ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێک لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دانیشتبووین، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەستی خستە سەر سەلمان و فەرمووى: (ئەگەر ئیمان لە سورەییاش بێت، بە دڵنیاییەوە کەسێک یان کەسانێک لەمانە دەستی خۆیانى پێدەگەیەنن).  
جارێک ئەبووسوفیان داى بەلاى سەلمانى فارسی و بیلال و صوهەیب و چەند کەسێکی تردا، ئەوانیش تانەیان لێدا، ئەبووبەکر وتى: ئەوە پیاوماقوڵی قوڕەیشە، واى پێ دەڵێن؟! دواتر ئەبووبەکر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و بەسەرهاتەکەى بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (ئەی ئەبووبەکر لەوانەیە تووڕەت کردبن، ئەگەر ئەوانت تووڕە کردبێت ئەوە پەروەردگارتت تووڕە کردووە)، خێرا ئەبووبەکر چوویەوە بۆ لایان و دڵى ئەو هاوەلآنەى هێنایەوە. 
پاش وەفاتى پێغەمبەرىخ وایش، سەلمانى فارسی لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەططابدا بەشدارى فتووحاتى کرد. 
سەبارەت بە کاتى مردنى سەلمانى فارسی راى جیاواز هەیە، سەبارەت بە تەمەنەکەشی شتى دەگمەن دەوترێت، کە سەرجەمیان دوورن لە راستیەوە. 
سەلمانى فارسی زانستێکی زۆری هەبوو، تەنانەت خۆی دەیوت ئەگەر هەموو ئەوەى دەیزانم بیڵێم، خەڵکی دەیانوت رەحمەت لەوەى سەلمان دەکوژێت. 
سەلمان دەیوت: لە دنیادا خاکى بە، چونکە هەر کەس خاکى بێت خواى گەورە رۆژی دوایی پلەى بەرز دەکاتەوە، هەر کەسیش لە دنیادا خۆی بە گەورە بزانێت، خوا لە رۆژی دواییدا پلەى نزم دەکاتەوە. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)