ناوى حوسەینى کوڕی عەلى کوڕی ئەبوو طالیبى هاشیمیە، لە پێنجى شەعبانى ساڵی چوارەمى کۆچی و ساڵێک و دە مانگ پاش لەدایکبوونى حەسەنى براى لەدایک بوو. کاتێک حوسەین لەدایک بوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هات و فەرمووى: (ئادەى کوڕەکەمم نیشان بدەن، بزانم ناوى چیتان لێ ناوە؟) عەلى کوڕی ئەبوو تالیبیش وتى: ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (بل هو حسين)، بەڵکو ناوى حوسەینە. پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستییەکى تایبەتى هەبوو بۆ حوسەین، لە باوەشى دەگرت، ماچی دەکرد، نزاى خێری بۆ دەکرد، لاى هاوەلآن خۆشەویستیى خۆى بۆ دەردەبڕیی. بەڕائی کوڕی عازب دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)لە حەسەن و حوسەین رادەما و دەیفەرموو (خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن، دەى تۆیش خۆشت بوێن). ئەبوو هورەیرە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (هەرکەس حەسەن و حوسەینی خۆش بوێت ئەوە منى خۆش ویستووە، هەرکەسیش رقی بێت لێیان ئەوە رقی لە منە). یەعلاى عامیری دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (حوسەین لە منەو منیش لە حوسەینم، خوا ئەوەى خۆش بوێت کە حوسەینی خۆش دەوێت). عەلى باوکی دەیوت: حەسەن لە سەر سنگەوە تا سەرى، زۆر لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوو، حوسەینیش لە سەر سنگەوە بەرەو خوار، زۆر لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوو. جارێک عومەرى کوڕی خەتتاب جلى بەخشی بە مندالآنى هاوەلآن، بەلآم لەناو جلەکاندا، جلی شیاو بە حەسەن و حوسەینی لێ نەبوو، بۆیە ناردى بۆ یەمەن لەوێ دوو جلی تایبەتیان هێنا بۆیان، ئینجا وتى: ئیتر ئێستا دڵم ئۆخەى کرد. لە کاتى گەمارۆدانى عوسمانى کوڕی عەففاندا، حوسەینى کوڕی عەلى، یەکێک بوو لەو هاوەڵە گەنجانەى بەرگرییان دەکرد لە خەلیفە، بەلآم خەلیفە داواى لێکردن نەجەنگن و بگەڕێنەوە ماڵەوە. حوسەین لە سەردەمى خیلافەتى باوکیدا لەگەڵ باوکى بوو و پشتیوان و سەرخەرێکی تەواوى بوو، بەڵکو لە جەنگى جەمەلدا سەرپەرشتى بەرەى چەپی سوپاکەى دەکرد. پاش رێککەوتنەکى حەسەن لەگەڵ موعاویە، حوسەین لە ساڵی چل و یەکى کۆچی لەگەڵ حەسەنى براى گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەوێ مایەوە، لەوێ ماوەى نۆزدە ساڵ و چەند مانگێک مایەوەو سەرقاڵ بوو بە حەجکردن و پەرستشەوە. خەڵکی کووفە هەر لە سەردەمى موعاویەوە نامەیان دەنووسی بۆ حوسەین و داوایان لێدەکرد بچێت بۆ لایان تا بەیعەتى پێبدەن، بەلآم حوسەین رازى نەدەبوو. بەلآم پاش مەرگى موعاویە و هاتنە سەر دەسەلآتى یەزید، حوسەین ئامادەیى ئەوەی نەبوو بەیعەتی پێ بدات، خەڵکی عێراقیش بەردەوام داوایان لێدەکرد بچێت بۆ لایان هەتا بەیعەتى پێ بدەن، دواجار داواکەى ئەوانى قبووڵکرد و رووەو عێراق کەوتەڕێ. هاوەلآنێکی زۆر تکایان لێکرد نەچێت و بە بەڵێنی عێراقییەکان لەخشتە نەچێت، بەلآم حوسەین بەو ەرازى نەبوو و رووەو عێراق کەوتەڕێ، دواجار لەگەڵ سوپاى ئومەوییەکان بەریەککەوتن روویدا و تیایدا لە رۆژی عاشوورای ساڵی شەست و یەکی کۆچیدا، حوسەین و هاوەڵەکانى شەهید بوون و ژن و منداڵەکانیشی دەستبەسەر کران و دواتر نێردرانەوە بۆ مەدینە. ئیبن تەیمیە دەڵێت: وەک چۆن کوژرانى عوثمان بوویە هۆیەکى گەورەى کەوتنەوەى ئاشووب، کوژرانى حوسەینیش ئاشووبی نێوان خەڵکی لێکەوتەوە. ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح
صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)
سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)
سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)
سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)
ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)
سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)
ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)
زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)
زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)
زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)