عوثمانى کوڕى عەففان (رەزاى خواى لێ بێت)

هاوەڵى خۆشەویستی پێغەمبەرى خوا و لە دەستەى یەکەمى موسڵمانبووەکانى مەککە و بەشداربووی هەردوو هیجرەتى حەبەشە و مەدینەیە، دووجار زاواى پێغەمبەرى خوا و بەخشندەیەکى ناسراوى رێى خوا و موژدەپێدراوى بەهەشت و سێیەم خەلیفەی پێغەمبەرى خوایە.
ناوى عوثمانى کوڕی عەففانى کوڕی ئەبیلعاصی کوڕی ئومەییەی قوڕەیشی ئومەویە
پێی دەوترا ذیننورەین واتە خاوەن دوو رووناکیەکە، لەبەرئەوەى دووو کچی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بەهاوسەر گرتبوو.
شەش ساڵ پاش ساڵی فیل لەدایک بوو، واتە تەمەنى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کەمتر بوو.
سەرەتا روقییەى کچی پێغەمبەرى خواى بەهاوسەر گرت و لەگەڵیدا خۆشی و ناخۆشیەکانى بەشکرد، پێکەوە کۆچیان کرد بۆ حەبەشەو پێکەوە گەڕانەوەو کۆچیان کرد بۆ مەدینەو لە مەدینەش تا وەفاتى روقییە لە  سەروبەندى غەزاى بەدردا پێکەوە بوون.
دواتر کچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئومموكلثومى لێ مارە کرد، بەلآم ئەمیش لە ساڵی نۆى کۆچیدا وەفاتى کرد.
عوثمانى کوڕی عەففان لە رێی ئەبووبەکری صدیقەوە موسڵمان بوو.
حەکەم کە مامى بوو، عوثمانى گرت و بە گوریس بەستیەوەو وتى سوێند بەخوا تا نەگەڕێیتەوە سەر ئایینی باوباپرانت ناتکەمەوە، عوثمانيش وتى سوێند بەخوا هەرگیز وازى لێ ناهێنم، کاتێک حەکەم بینی عوثمان زۆر سوورە لەسەر ئایینەکەى وازى لێهێنا و بەریدا.
عوثمان لە زۆربەى غەزاکاندا بەشدارى کرد، لە رێککەوتنى حودەیبیەشدا نوێنەرى پێغەمبەرى خوا بوو بۆ لاى قوڕەیش، دواتر دەنگۆ وا بلآوبوویەوە کوژراوە، بۆیە پێغەمبەرى خوا بۆ تۆڵەسەندنەوەى خوێنی عوثمان، بەیعەتى ریزاونى لە هاوەلآن وەرگرت.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە ویستی غەزاى تەبووک بکات، داواى کرد خەڵکێک کۆمەکى ماددى پێشکەش بکەن تا پێداویستیەکانى جەنگ ئامادە بکرێن بۆ موسڵمانان، ئەوەبوو عوثمانى کوڕی عەففان لە هەموو کەسێک زیاترى بەخشی، ئینجا پێغەمبەرى خوا فەرمووى (دواى ئەمە عوثمان هەرچی بکات لەسەری نیە).
عائیشە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە عوثمانى فەرموو (ئەى عوثمان، لەوانەیە خواى گەورە جلێکت بەبەردا بکات، جا ئەگەر دووڕوەکان ویستیان لایبەرن لایمەبە تا دەگەیتەوە پێم، سێ جار ئەوەى پێ فەرموو).
زەید دەڵێت جارێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد و فەرمووى (بڕۆ تا دەچیتە بازاڕ و دەگەیت بە عوثمان کە تیایدا کڕین و فرۆش دەکات، پێی بڵێ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامت لێ دەکات و دەفەرمویت موژدەى بەهەشتت لێ بێت پاش نارەحەتیەکى سەخت.
عوثمانى کوڕی عەففان لە سەردەمى ئەبووبەکردا کەسی نزیکی خەلیفە بوو، کاتێک خەلیفە چوو پێشەنگى حەجى بکات بۆ موسڵمانان، عوثمانى وەک بەرپرسی مەدینە دانا تا خۆی دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەططابیشدا عوثمان کەسی نزیکی خەلیفە بوو و خەلیفە لە پرسە گرنگەکاندا راوێژی پێ دەکرد وەک چۆن لە فتووحاتى عێراقدا راوێژی پێکرد.
پاش شەهیدبوونى عومەرى کوڕی خەتتاب، بە شوورا عوپمان وەک خەلیفە هەڵبژێردرا و خەڵکى بەیعەتیان پێدا.
لە دیارترین دەستکەوتەکانى خیلافەتەکەى بریتی بوون لە:
کۆکردنەوەى قورئان و یەکخستنى شێوە خوێندنەوەکان کە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێی هەستا.
گرنگیدان بە فەرموودە لە خودى خەلیفەوە بۆ خوارەوە.
ئاوەدانکردنەوەو بیناسازى (بیرلێدان، فراوانکردنى مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و مەسجیدلوحەرام، دروستکردنى مزگەوت لە ناوچەکانى دیکە، رێڕەوە ئاویەکان).
دامرکاندنەوەى هەڵگەڕانەوەکان و لەناوبردنی مەترسیە هەنووکەییەکانى سەر هێزە ئیسلامیەکان کە بریتی بوون لە کۆکراوەى هەردوو هێزی ساسانى و بیزەنتى لە هەردوو بەرەی رۆژهەلآت و رۆژئاواوە.
پەلهاویشتن بۆ ناوچەکانى دەرەوەى سنووری دەسەلآتى ئیسلامى بۆ بنەبڕکردنی سەرچاوەکانى هێرشبردنە سەر موسڵمانان و گرتنەبەری سیاسەتى پێشڕەوی لەبری بەرگری و پاشەکشە، لەوانەش فەتحى (مەرو، ئەرمینیا، تەرابلوسی شام، دوورگەى قوبرص، فتوحاتى باکوورى ئەفریقی، فەتحى نۆبە، فەتحى ئەندەلوس).
بلآوکردنەوەى ئیسلام لە ناوچە فەتحکراوەکان بە چەشنێک بەرەبەرە ببن بە بەشێک لە جەستەی ئوممەتی ئیسلامى و لەبری هەڵگەڕانەوەو دروستکردنى سەرئێشە، ببنە هێزی پاڵنەری بانگەوازى ئیسلامى و پەلهاویشتن بەرەو دەوروبەر.
پەیڕەوکردنی شێوازێکی نوێی هێزی سەربازى لەنێو سوپاى ئیسلامیدا کە ئەویش بریتی بوو لە کەشتیگەلى ئیسلامى.
لە سەردەمى عوثماندا، دەستەى سەبەئیەکان بە سەرکردایەتی عەبدولآى کوڕی سەبەئی جوولەکە کەوتنە دژایەتى کردنى خەلیفە و ئاشووبگێڕی لە ناوچەکاندا و دەیان بیانوویان دۆزیەوە بۆ رەواکردنى کوشتنی خەلیفە و دواجار ماوەى چل رۆژ گەمارۆى ماڵیان دا، لە مانگى زیلحیججەدا هێرشیان بردە سەر خەلیفە و شەهیدیان کرد.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح


بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)