ئەبووعوبەیدەى کوڕی جەراح (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عامیرى کوڕی عەبدولآى کوڕی جەراحى فەهریە، کونیەکەى ئەبووعوبەیدەیەو زیاتریش بەو کونیەیە ناسراوە. 
پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بکات، ئەبووعوبەیدە، ئیمانى هێنا.
ئەبووعوبەیدە، یەکێکە لە بەشداربوانى کۆچی حەبەشە، دواتر لەوێوە گەڕایەوە مەککەو لەوێوە کۆچی کرد بۆ مەدینە.
ئەبووعوبەیدە لە غەزاى بەدرو ئوحودو خەندەق و هەموو غەزاکانى دواتریشدا بەشدارى کرد. 
لە غەزاى بەدردا ئەبوعوبەیدە بەشدار بوو و بە بەرچاوانیەوە باوکی کە لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بوو کوژرا. 
ئەبووبەکرى صدیق دەڵێت: کە خەڵکی لە ئوحوددا لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان کردبوو، بینیم لە دوایەوە کەسێک هات دەتوت باڵندەیەو دەفڕێت، خێرا خۆی گەیاندە من، دەبینم ئەبووعوبەیدەیە، خێرا پێکەوە چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، تیرێک بەر تەوێڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و تیرێکیش بەر رومەتى کەوتبوو، ئەبووعوبەیدە وتى ئەی ئەبووبەکر سوێندت دەدەم بە خوا بهێڵە من لایبەرم، ئەوەبوو بە ددانەکانى هەردوو تیرەکەى لابرد. 
جارێک پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سریەیەکى ئامادە کرد کە ژمارەى جەنگاوەرەکانى زیاد لە سێ سەد کەس دەبوون، ئەبووعوبەیدەشی کرد بە ئەمیری سریەکە. 
ئەبووعوبەیدە چەند جارێک لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) وەک ئەمیری سریەکان دەستنیشان دەکرا و بە سەرکەوتوویى ئەرکى خۆی بەجێدەگەیاند و دەگەڕایەوە.
ئەبووعوبەیدە یەکێکە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت، هەروەها بە ئەمینداری ئوممەت وەسف کراوە.
ئەنەس دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (هەر ئوممەتێک ئەمینێکی هەیەو ئەمینی ئەم ئوممەتەش ئەبووعوبەیدەی کوڕی جەراحە). 
عەمرى کوڕی عاص دەڵێت پرسیار کرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لەپیاوان؟ فەرمووى ئەبووبەکر، وتیان دواتر، فەرمووى عومەر، وتیان دواتر، فەرمووى ئەبووعوبەیدەى کوڕی جەراح. 
لە خیلافەتى ئەبووبەکری صدیقدا، ئەبووعوبەیدە یەکێک بوو لە بەشداربوانى کۆکردنەوەى قورئانى پیرۆز. 
ئەبووبەکر ئەبووعوبەیدەى کردبوو بە بەرپرسی دارایی موسڵمانان، دواتریش سەرکردایەتی فەتحى شامى بە ئەبووعوبەیدە سپێردرا، ئەویش توانى فتووحاتێکی زۆر ئەنجام بدات و بە رێککەوتن فەتحى دیمەشقیش بکات.
عومەرى کوڕی خەططاب زۆر سەرسام بوو بە ئەبووعوبەیدە، دەیوت ئەگەر سەرەمەرگم هات و ئەبووعوبەیدە زیندوو بێت، دەیکەم بە جێنشینی خۆم،. 
جارێک عومەر لەگەڵ هەندێ لە هاوەلآنیدا بوو، وتى هەرکامتان هیوا و ئاواتى خۆتان بڵێن، هەرکەسەو هیواو ئاواتى خۆیوت، عومەریش وتى من خۆزگە دەخوازم پڕی ماڵێک پیاوى وەک ئەبووعوبەیدەى کوڕی جەراحم هەبێت. 
ئەبووعوبەیدە بەوە ناسرابوو کە رەوشتی زۆر جوان بووەو زۆر لەسەرخۆو نەرمونیان بووە، کەسێکی تەواو خاکى بووە، ماڵێکی وا هەژارانەى هەبووە، خەلیفە عومەرى کوڕی خەططابی گریاندووە، بەڵکو ئەبووعوبەیدە بەوپەڕی زوهدو دنیانەویستی ناوى دەرکردووە.
ئەبووعوبەیدە دواجار لە ساڵی هەژدەى کۆچی و لە تەمەنى پەنجاو هەشت ساڵی و لە شام، بە نەخۆشی تاعوون کۆچی دوایی کرد.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)