زوبەیرى کوڕی عەووام (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى زوبەیری کوڕی عەووامى کوڕی خوەیلیدە، کونیەکەى ئەبووعەبدولآیەو پووارزاى پێغەمبەر و بە حەوارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناسراوە،  یەکێکە لەو هاوەلآنەى شایەتى بەهەشتی بۆ دراوە. 
زوبەیر منداڵ بوو کە باوکى کۆچی دوایی کرد، هەندێ جار صەفییەى دایکی لێیدەدا، مامیشی دەیوت وا توند لێی مەدە، ئەڵێیت لە دوژمن دەدەیت و رقتە لێی، صەفییەش پێی دەوت: من لە رقەوە لێی نادەم، بەڵکو بۆ تەمبێ کردن وا لێی دەدەم بۆ ئەوەى بەرگە بگرێت و کەسێکی خاوەن کەسێتی لێ دروست بێت.
زوبەیر لە دەوروبەری تەمەنى دە ساڵی و لەسەر دەستی ئەبووبەکری صدیق موسڵمان بوو، چوارەم یان پێنجەم کەس بوو موسڵمان بوو. 
زوبەیر لەپێناو ئیسلامدا نارەحەتى زۆری چەشت، مامى زۆر ئازاری دەدا، لەسەر حەسیرێک رایدەکێشا و دواتر دووکەڵی بەسەردا دەکرد. 
زوبەیر یەکەم کەس بوو لەپێناو خوادا شمشێری هەڵکرد. 
زوبەیر لە هەردوو کۆچی حەبەشەدا بەشدارى کرد،  بەلآم لەوێ زۆر نەمایەوەو گەڕایەوە،  ئینجا کۆچی کرد بۆ مەدینە.
زوبەیر لە غەزاى بەدر و سەرجەم غەزاکانى تریشدا بەشدارى کرد، لە رۆژی بەدردا فریشتەکان لەسەر شێوەى زوبەیر دابەزین و مێزەرێکى زەردیان لەسەر بەستبوو. 
لە غەزای خەندەقدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (کێ هەواڵی دوژمنمان بۆ دێنێت؟)، زوبەیر وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سێ جاری هەمان شتی دووبارە کردەوە، زوبەیر دەیوت: من، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (هەر پێغەمبەرێک حەوارى هەبووە، حەواریەکەى منیش زوبەیرە). 
دواى وەفاتى پێغەمبەریش، زوبەیر لە جەنگەکاندا بەشداریی دەکرد، لەوانەش، بەشداریکردنی بوو لە جەنگى یەرمووکدا.
عومەرى کوڕی خەططاب پاش ئەوەى پێکرا، شەش کەسی راسپارد تا لەنێو خۆیاندا کەسێک دیارى بکەن بۆ خیلافەت، یەکێک لەوانە بریتی بوو لە زوبەیری کوڕی عەووام.
لە خیلافەتى عەلى کوڕی ئەبووتالیبدا، زوبەیرى کوڕی عەوام، هاودەم بە عائیشەی دایکی باوەڕداران و تەلحەى کوڕی زوبەیر، هەوڵیاندا تۆڵەی خوێنی عوسمانى کوڕی عەففان بکەنەوە، بەلآم هەوڵەکەیان بەلاڕێدا برا و فیتنەیەکى گەورەی لێکەوتەوەو بەهۆیەوە جەنگی جەمەل روویدا و تیایدا هەریەک لە زوبەیر و تەلحە شەهيد بوون.
کوژرانى زوبەیری کوڕی عەووام لە جومادیلئوولاى ساڵی سی و شەش بوو، ئەو کەسەش کە کوشتى ناوى عەمری کوڕی جرمووز بوو و لە شوێنێک بە ناوى وادی سباع بە ناپاکى کوشتى.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح


بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)