ئەنەسی کوڕی مالیک(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى ئەنەسی کوڕی مالیکى کوڕی نەضرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان.  خزمەتکارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەوەش ناسرابوو و خۆیشی شانازى پێوە دەکرد. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ مەدینە، ئەوکات تەمەنى ئەنەس دە سالآن بوو، ئومموسولەیمى دایکى، ئەنەسی برد و چوو بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  و وتى: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە ئەنەسە، با خزمەتت بکات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو. 
لە جەنگى بەدردا، ئەنەس خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەکرد، بەلآم بەشدارى جەنگەکەى نەکرد. 
ئەنەس لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) لە هەریەک لە حودەیبیەو خەیبەر و عومرەى قەضاء و فەتحى مەککەو غەزاى حونەین و طائیف و غەزاکانى دواتریشدا بەشدارى کرد. 
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نزایەکیدا بۆ ئەنەس، فەرمووى (خوایە سامان و منداڵی زۆر بکەو بەرەکەت بخەرە ئەوەوە بۆی، کە پێی دەبەخشیت).
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر ئەنەسی خۆشدەویست و زۆرجاریش قسەى خۆش و بزەبەخشی هەبوو بۆی، زۆرجار بە کوڕی شیرینم بانگى دەکرد
ئەنەس دەڵێت دە ساڵ خزمەتى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) کرد، چی کارێکى بەسەردا دابم، کردبێتم یان نا، سەرکۆنەى نەکردوم، ئەگەریش کەسێک سەرکۆنەى بکردمایە دەیفەرموو وازى لێ بهێنن. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کۆچی دوایی کرد تەمەنى ئەنەس بیست سالان بوو. 
دواى کۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەنەس لە مەدینە نیشتەجێ بوو، دواتر لە فتووحاتى ئیسلامیدا بەشدارى کرد، دواجار چوو بۆ بەصرەو لەوێ نیشتەجێ بوو،  هەر لەوێیش کۆچی دوایی کرد. 
زۆر جار ئەنەسی کوڕی مالیک خەوى دەبینی بە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، تەنانەت دەیوت چی شەو هەیە خەو دەبینم بە خۆشەویستمەوە، پاشان دەستى دەکرد بە گریان. 
ئەبووهورەیرە دەڵێت کەسم نەدیوە هێندەى کوڕی ئومموسەلەمە –واتە ئەنەس- نوێژی لە نوێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت. 
ئەنەس سەدو سێ ساڵ ژیا و لە ساڵی نەوەدو سێی کۆچی وەفاتى کرد. 
کاتێک وەفاتى کرد، نزیکەى سەد منداڵ و نەوەى خۆی دیبوو،  چونکە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ کردبوو،  ئەنەس خۆی دەڵێت بە جوانى شوێنەوارى نزاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سامان و منداڵمدا بەدیدەکەم.  
کاتێک ئەسپەردە کرا، موویەکى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لابوو لەژێر زمانیدا بوو، چونکە خۆی داواى کردبوو کە مرد ئەو مووە بخەنە ژێر زمانى و لەگەڵیدا ئەسپەردەى بکەن.  
هەروەها گاڵۆکێکی بچووکى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لابوو، داواى کردبوو لەگەڵیدا ئەو گاڵۆکەش بخەنە کفنەکەیەوە، وەسیەتەکەشى جێبەجێ کرا. 
نزیکەى دوو هەزار و دوو سەد و هەشتاو شەش فەرموودەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لێوە گێردراوەتەوە،  زیاد لە دوو سەد و هەشتاو پێنج هاوەڵ و  تابعی فەرموودەیان لە ئەنەسەوە گێڕاوەتەوە.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)