ئوسەیدى کوڕی حوضەیر (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى ئوسەیدی کوڕی حوضەیری کوڕی سەمماکە، لە هاوەڵە پشتیوانەکانە لە ئەوسیەکان.  
ئوسەید زۆر زوو موسڵمان بوو، موسڵمان بوونیشی لەسەر دەستى موصعەبی کوڕی عومەیر بوو. 
ئەم هاوەڵە لە بەیعەتى عەقەبەدا بەشدار بوو و یەکێک بوو لە نەقیبەکان. 
ئەبووهورەیرە دەگێڕێتەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئوسەیدی کوڕی حوضەیر پیاوێکی باشە). 
لە جەنگى ئوحوددا، ئوسەید بەشدارى کرد و لەو جەنگەدا حەوت جار بریندار کرا،  دواتریش بەشدارى غەزاى خەندەق و هەموو غەزاکانى تری کرد. 
لە غەزاى طائيفدا کاتێ یەکێک لە  کۆیلەکان بە ناوى ئیبراهیمی کوڕی جابر موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سپاردیە دەست ئوسەید و رایسپارد تا هاوکاری ماددى بکات و پێویستیەکانى بۆ دابین بکات و زانست و زانیاریشی فێر بکات.   
ئوسەید زۆرجار لە خزمەتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو و گوێبیستى فەرموودەکانى بوو و فەرموودەشی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە. 
شەوێک ئوسەید لە ماڵەوە بوو قورئانى دەخوێند، سەرقاڵ بوو بە خوێندنى سوورەتى بەقەرەوە، ئەسپەکەشی لەنزیکیەوە بەسترابوویەوە، کاتێ قورئانى دەخوێند ئەسپەکەى حیلاندى و بەرز بوویەوە، ئوسەید دەڵێت منیش لە قورئان خوێندنەکە وەستام، ئەویش بێدەنگ بوو، دووبارە ئوسەید دەستى کردەوە بە قورئان خوێندنەکەى و ئەسپەکەش هەمدى حیلاندى و بەرز بوویەوە، هەمدى ئوسەید بێدەنگ بوو و ئەسپەکەش دامرکایەوەو بێدەنگ بوو، بۆ جارى سێیەم کە قورئانى خوێند ئەسپەکە هەمدى حیلاندى و بەرز بوویەوەو بڕێ جووڵا، یەحیاى کوڕی لە نزیک ئەسپەکەوە بوو، ئوسەید ترسا ئەسپەکە یەحیا بشێلێ، کاتێ ئەسپەکەى هێورکردەوە، سەری بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە و شتێکی بینی، بۆ بەیانى چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و باس وخواسەکەى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (بتخوێندایە ئەی ئیبن حوضەیر،  بتخوێندایە ئەی ئیبن حوضەیر)، ئوسەید وتى ئەى پێغەمبەرى خوا ترسام یەحیا بشێلێ، چونکە یەحیا نزیک بوو لە ئەسپەکەوە، کاتێ سەرم بەرز کردەوەو چووم بۆ لاى، سەرم بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە دەبینم وەک بڵێی سێبەرێ هەبێ شتانێ وەک چراخان دیاربوون، منیش چوومەدەر تا نەیبینم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەشتزانى ئەوە چیە؟)، ئوسەید وتى نا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەوانە فریشتەکان بوون نزیک بووبوونەوە بۆ بیستنى دەنگى تۆ، ئەگەر لە قورئان خوێندنەکەت بەردەوام بوویتایە بەیانیت دەکردەوەو خەڵکى سەیری فریشتەکەیان دەکردو لەبەرچاویان ون نەدەبوون). 
ئوسەید لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى کوڕی خەططابدا بەشدار بوو لە فەتحى بەیتولموقەددەسدا. 
دواجار لە ساڵی بیستى کۆچیدا وەفاتى کرد، عومەرى کوڕی خەتتاب خۆى نوێژی لەسەر کرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە کرا.  
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)