جابيرى كوڕى عەبدوڵا (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى جابیرى کوڕی عەبدوڵاى کوڕی عەمرە،  لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان، خۆیشی و عەبدوڵاى باوکیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون.  
جابیر لە بەیعەتى عەقەبەى دووەمدا لەگەڵ باوکیدا بەشدارى کرد،  لەناو ئەو حەفتا کەسەشدا لە رووى تەمەنەوە لە هەموویان بچووکتر بوو. 
جابیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى بیست و یەک غەزا بوو و منیش لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  بەشدارى نۆزدە غەزام کردووە. 
عەبدوڵاى باوکى جابیر لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى کرد و لەو غەزایەشدا شەهید بوو. 
خێرا جابیر پاش شەهیدبوونى باوکى رێی جیهادى گرتەبەر، کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى شکستى ئوحود ویستى سوپا کۆبکاتەوەو بچێت بەدواى بێباوەڕاندا، فەرمانى کرد تەنها ئەو کەسانە بێن کە لە جەنگى ئوحوددا بەشدار بون، جابیریش رێی پێ درا و بەشداریى کرد. 
جابیرى کوڕی عەبدوڵا لە دواى غەزاى ئوحودەوە لە هەموو غەزاکانى تردا بەشدار بوو، هەروەها یەکێک بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان. 
هەروەها جابیر لە حەجى ماڵئاواییشدا بەشداریى کرد و وردەکاریەکانى حەجەکەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) باسکردووە.  
دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جابیر لە مەدینە مایەوەو لە مزگەوتەکەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بازنەى وانەوتنەوەى هەبوو و خەڵکى زانستیان لێ وەردەگرت. 
جابیرى کوڕی عەبدوڵا مێزەرێکی سپی لەسەری دەبەست و لە پشتەوە مێزەرەکەى شۆڕدەکردەوە، هەروەها ئەو جلەى لەبەرى دەکرد نەدەگەیشتە لاى قولەپێی، ریشیشى خەنەیی دەکرد، جاریش هەبوو سەر و ریشی هەر بە سپێتى دەهێشتەوە. 
هەروەها جابیرى کوڕی عەبدوڵا موفتى مەدینە بوو. 
لە کۆتاییەکانى تەمەنیدا جابیرى کوڕی عەبدوڵا چوو بۆ مەککەو ماوەیەک لەوێ بو، ئینجا گەڕایەوە بۆ مەدینە. 
جابیرى کوڕی عەبدوڵا ماوەیەک پێش مردنى بینایی چاوەکانى لەدەست دا. 
ژمارەى ئەو فەرموودانەى بە سەنەد دەدرێنەوە پاڵ جابیری کوڕی عەبدوڵا، نزیکەى هەزار و پێنج سەد و چل فەرموودەن،  جار هەبوو بۆ وەرگرتنى فەرموودەیەک، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر سەفەرى دەکرد. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)