ئەبووذەرى غيفارى (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى جوندوبی کوڕی جونادەى کوڕی سوفیانى غیفارییە، کونیەکەى ئەبووذەری غیفاریە  و زیاتر بەوەش ناسراوە، لە دەستەى یەکەمی موسڵمان بوانەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەندین وەسفى کردووە.
ئەبووذەر لە سەردەمى نەفامیشدا بڕواى بە بتەکان نەبوو و باسی بوونى خوایەکى تاک و تەنهاى دەکرد. 
ئونەیس لەگەڵ ئەبووذەرى براى و دایکیدا پێکەوە دەژیان، دواتر نەبوونى و وشکە ساڵی ناچاری کردن شوێنی خۆیان جێ بهێڵن و بچن بۆ لاى خاڵوانیان لە نەجد، دواتریش ئەوێیان جێهێشت بەرەو مەککە، ئەبووذەر چوویە مەککەو هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست و دواتر چوویە خزمەتى و موسڵمان بوو، دواتر گەڕایەوە بۆ لاى ئونەیسی براى و دایکی وبانگهێشتی کردن بۆ ئیسلام، ئەوانیش موسڵمان بوون و گەڕانەوە بۆ لاى هۆزەکەیان تا پەیامى ئیسلام بگەیەنن بەهۆزەکەشیان، لەوەشا سەرکەوتوو بوون. 
ئەبووزەر لە رێى عەلى کوڕی ئەبووتالیبەوە موسڵمان بوو، خێرا موسڵمانبوونەکەى خۆیشى ئاشکرا کرد، ئەمەش بێباوەڕانى قوڕەیشى تووڕە کرد و کەوتنە ئازاردانى، هەتا عەبباسى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فریاى کەوت و بە قوڕەیشیەکانى وت: ئێوە بازرگانن و رێگەکەشتان بەناو غیفاریەکاندایە، ناترسن رێتان پێ ببڕن و بەرتان پێ بگرن؟ ئەوانیش بلآوەیان لێکرد. 
ئەبووذەر لەناو هۆزەکەیدا مایەوەو لە ماوەى جەنگى بەدرو ئوحود و خەندەقیشدا هەر لەناو هۆزەکەیدا بوو و دواى ئەوە هات بۆ مەدینە،  ئیتر لەوێ مایەوە تا وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە بوو و لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەکریشدا لە مەدینە بوو، بەلآم دواى وەفاتى ئەبووبەکر چوو بۆ شام و لەوێ مایەوە تا سەردەمى خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففان، ئیتر لە سەردەمى عوثماندا خەلیفە داواى لێکرد بێت بۆ مەدینە و ئەویش هاتە مەدینەو دواتر لە ناوچەی رەبذە مایەوەو لەوێ کۆچی دوایی کرد.  
پێغەمبەرى خوا ئامۆژگارى ئەبووزەرى دەکرد و دەیفەرموو (ئەى ئەبووذەر، من تۆ بە لاوازى دەبینم، ئەوەشی بۆ خۆم خۆشم دەوێت بۆ تۆیش حەزم پێیە، دەى بەرپرسیارێتی دوو کەسیش مەگرە ئەستۆ و ماڵ و سامانى هەتیویش مەگرە ئەستۆ).  
یەکێک لەو مەسەلانەى کە کراوە بە رەخنە لەسەر عوثمانى کوڕی عەففان و تانەدان لە خیلافەتەکەى، مەسەلەى چوونى ئەبووذەر بوو بۆ ناوچەى رەبذە، چونکە ئەو تۆمەتەى ئاڕاستە کراوە کە ئەو بە زۆر و بە فەرمان ئەبووذەری دوورخستوەتەوە بۆ ناوچەى رەبذە، بەلآم ئەمە راست نیە، بەڵکو ئەبووزەر خۆى ئەوەى پێ باش بوو و عوسمانیش رێگریى لێنەکرد، بەلآم رێنمایى کرد زوو زوو سەردانى مەدینە بکاتەوەو پێ لە مەدینە نەبڕێت.
ئیبن خەلدوون دەڵێت: ئەبووذەر داواى مۆڵەتى کرد لە عوثمان تا لە مەدینە بچێتە دەرەوە، عوثمانیش مۆڵەتى دا و ئەبووذەریش چوو لە رەبذە دابەزى و لەوێ مزگەوتێکی بنیاد نا و عوثمانیش وشتری پێدا و دوو خزمەتکارى بۆ دانا و مووچەشی بۆ بڕیەوە، هەروەها پەیامى نارد بۆ ئەبووذەر و پێی وت: جارجارە سەردانى مەدینە بکە هەتا نەریتی دەشتەکیەکان وەرنەگریت، ئەویش وایدەکرد. 
دواجار لە ساڵی سی و دووى کۆچی لە ناوچەى رەبزە وەفاتى کرد و ئیبن مەسعوودیش نوێژی مردووى لەسەر کرد، چونکە ئەوکات ئیبن مەسعوود لە مەدینەوە بەرەو کووفە دەچوو. 
ئەبووذەر یەکێک بوو لەو کەسانەى کە زۆر فەرمانى دەکرد بە چاکەو رێگری دەکرد لە خراپە، لەبەر رەزامەندى خوا گوێی نەدەدا بە لۆمەى هیچ کەسێک. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)