حەسەنى کوڕی عەلى (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى حەسەنى کوڕی عەلى کوڕی ئەبوو طالیبى هاشیمیە،  کچەزا و رەیحانەى پێغەمبەرى خوا و گەورەى گەنجانى بەهەشتە.
حەسەنى کوڕی عەلى لە ساڵی سێیەمى کۆچی و لە ناوەڕاستى مانگى رەمەزاندا لەدایک بوو.  
کاتێک پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بیست فاطيمەى کچی منداڵی بووە خێرا چوو بۆ ماڵیان، فەرمووى (ئادەى کوڕەکەمم نیشان بدەن، بزانم ناوى چیتان لێ ناوە؟) عەلى کوڕی ئەبوو طالیبیش وتى: ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵکو با ناوى حەسەن بێت)، بەوە ناوى نرا حەسەن.  
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستییەکى کەموێنەى هەبوو بۆ حەسەنى کوڕی عەلی.
بەڕائی کوڕی عازب دەڵێت: پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە حەسەن و حوسەین رادەما و دەیفەرموو (خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن، دەى تۆیش خۆشت بوێن).  
ئەبووهورەیرە دەڵێت حەسەنى کوڕی عەلیم بینی لە ژوورەکەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و پەنجەکانى دەکرد بە ناو ریشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوایە من خۆشم دەوێت، دەى تۆیش خۆشت بوێت و ئەوەشت خۆش بوێت کە حەسەنى خۆش دەوێت). 
ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت هیچ کەس نەبوو هێندەى حەسەنى کوڕی عەلى لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بچێت. 
پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەسەنى لەگەڵ خۆى دەبرد بۆ مزگەوت و دەیفەرموو (ئەم کوڕەم رەیحانەى منە لە دنیادا، ئەم کوڕەم سەییدەو هیوام وایە خوا بیکاتە هۆی چاککردنى نێوانى دوو دەستەى موسڵمانان).  
حەسەنى کوڕی عەلى لە سەردەمى خەلیفە راشیدینەکاندا رێز و خۆشەویستى زۆری هەبوو.
چەند شەوێکی کەم بەسەر وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تێپەڕ بووبوو، ئەبووبەکر و عەلى دەرۆیشتن بە رێدا، ئەبووبەکر حەسەنى بینی کە لەگەڵ چەند منداڵێک یاری دەکرد، حەسەنى گرتە قەلادۆشکان و دەیوت: لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچێت نەک لە عەلى، عەلیش پێدەکەنى. 
عومەرى کوڕی خەططابیش رێزێکی زۆری دەنا لە بنەماڵەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم). 
کاتێک هێرش کرایە سەر ماڵەکەى عوثمانى کوڕی عەففان و ویستیان بیکوژن، حەسەنى کوڕی عەلى لەگەڵ چەند هاوەڵێکى تردا لە ماڵی عوثمانى کوڕی عەففاندا مایەوە و بەرگری دەکرد. 
کاتێک عوثمان شەهید کرا، حەسەنى کوڕی عەلی بەیعەتى دا بە عەلى باوکى و لەگەڵیدا مایەوەو پشتیوانییەکى باشی کرد.
سەرەتا فشارى سەربازەکانى، حەسەنیان ناچار کرد بە جەنگ لەگەڵ موعاویە، بەلام خێرا لە هەردوو لاوە ویستی رێککەوتن هەبوو، گەورەییەکەش وەک لە فەرموودەکەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتبوو، بۆ حەسەنی کوڕی عەلى بوو کە توانیى فیتنەى نێوان موسڵمانان دامرکێنێتەوە.
ئەوەبوو لە ساڵی چل و یەکى کۆچیدا حەسەنى کوڕی عەلى لەگەڵ موعاویە دانیشتنى کرد و گەیشتنە رێککەوتن، بەوپێیە حەسەن وازى لە خیلافەت هێنا بۆ موعاویە. 
دواجار لە لە ساڵی چل و نۆی کۆچی و لە مانگى رەبیعولئەوەل و لە تەمەنى چل و حەوت ساڵیدا کۆچی دوایی کرد  و لە گۆڕستانى بەقیعە ئەسپەردە کرا.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)