حوذەیفەى کوڕی یەمان (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى حوذەیفەى کوڕی حیسل عەبەسیە، زیاتر بە حوذەیفەى کوڕی یەمان ناسراوە،  یەکێکە لە گەورە هاوەڵە ناسراوو نزیکەکانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،  باوکیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و لە غەزاى ئوحوددا بە هەڵە لەلایەن موسڵمانانەوە کوژرا، دواتر حوذەیفە خوێن بایی باوکى وەرنەگرت و لە موسڵمانان خۆش بوو. 
حوذەیفە لە هەموو غەزاکاندا بەشدارى کرد جگە لە غەزاى بەدر، ئەویش لەبەرئەوەى کەمێک پێش غەزاى بەدر حوذەیفە و باوکى کەوتنە دەست قوڕەیشیەکان، ئەوانیش بەو مەرجە ئازادیان کردن بەڵێنیان پێبدەن لەدژیان بەشدار نەبن، بۆیە کە گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەکەیان بۆ باسکرد، ئەویش فەرمانى کرد بەڵێنەکەیان ببەنەسەر. 
حوذەیفە لە غەزاى ئوحود و خەندەقدا بەشدار بوو، لە خەندەقدا لەگەڵ چەند هاوەڵێکی تری پشتیواناندا لە بەشێکى خەندەقەکەدا سەرقاڵ بوون تا ئەوەى بەردێکی گەورەى سپییان هاتەڕێ و پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بانگکرد، ئەویش شکاندى. 
لە غەزاى خەندەقدا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەرێ کەسێک هەیە هەواڵی دوژمنم بۆ بهێنێت تا لە رۆژی دواییدا خوا لەگەڵ من بیهێڵێتەوە؟) رەشەبا و تاریکیەکی وابوو، هیچ کەس ئامادەیى دەرنەبڕیى، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئەی حوذەیفە هەستە بڕۆ هەواڵی دوژمنمان بۆ بهێنە، بەلآم مەیانورووژێنە لێم،  ئەویش رۆیشت و بە زانیاریی وردەوە گەڕایەوە.
حوذەیفە لە غەزاى تەبووکیشدا بەشدار بوو، جا کاتێک پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە تەبووکەوە بەرەو مەدینە دەگەڕایەوە، دەستەیەک لە دوورووان ویستیان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوبەرن و لە سەروو عەقەبەوە فڕێی دەنە خوارەوە، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ئەوەى زانیبوو، ئەوەبوو هاوەڵیى پێغەمبەری خواى کرد و ناوى دووڕووەکانى بۆ ئاشکرا بوو. 
حوذەیفە زۆر جار لە نزیک پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بوو، جار هەبوو دەبووە شایەتى پەیمانەکانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،  هەروەها لە میوانداری و کاتى نانخواردنیش جار هەبوو لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو. 
حوذەیفە چەندین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، نزیکەى دوانزە فەرموودەى لە هەردوو صەحیحەکەدا هاتووە. 
هەروەها حوذەیفە زۆر گوێی دەدا بە مەسەلەکانى فیتنەو مەترسیەکانى و بارو نارەحەتیەکانى رۆژی دوایی، ئەوەبوو هەمیشە لەو بارەوە پرسیارى دەکرد لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم). 
خۆى دەڵێت: خەڵکی هەمیشە سەبارەت بە خێر و چاکە پرسیاریان لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەکرد، بەلآم من سەبارەت بە فیتنە پرسیارم لێدەکرد لە ترسی ئەوەى نەبادا فیتنەم تووش بێت. 
حوذەیفە لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا والى مەدائین بوو، هاوکات سەرقاڵ دەبوو بە گەیاندنى ئەو زانستەی لە پێغەمبەرى خواى وەرگرتبوو.
لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانیشدا بەردەوام بوو لە گەیاندنى پەیامى خوا و وتنەوەى فەرموودەکانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، هەروەها دەچوویە خزمەتى عوثمانى کوڕی عەففان، بەشداریى فتووحاتیشى دەکرد. 
حوذەیفە ماوەیەکى کەم دواى شەهید بوونى عوثمان لە مەدائین کۆچی دوایی کرد، ئەمەش لە ساڵی سی و شەشی کۆچیدا بوو،  ئینجا لەو سەرەمەرگەیدا دەیوت: ئەمە کۆتا ساتى ژیانى دنیامە، خوایە تۆ دەزانیت من تۆم خۆش دەوێت، دەى بەرەکەت بخەرە ساتى گەیشتنەوەم بە تۆ. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)