خەدیجەى کچى خوەیلید (رضي الله عنها)

ناوى خەدیجەى کچی خوەیلیدی کوڕى عەبدولعوززاى قوڕەیشی ئەسەدیە،  خێزانى یەکەمى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و یەکەم ئافرەتى موسڵمان بووە. 
خەدیجە سەرەتا هاوسەری ئەبى هالەى کوڕی زورارە بوو، دواى ئەو شووی کرد بە پیاوێکى تر کە ناوى عەتیقى کوڕی عابید بوو، ئەو پیاوەى مرد، ئینجا هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کرد. 
خەدیجە لەناو هۆزەکەیدا زۆر ناسراو بوو، چونکە هەم لە خێزانێکی ناسراو بوو، هەم سامانێکی زۆر زۆری هەبوو و هەموان حەزیان دەکرد ئەو ئافرەتە بخوازن،  هێندە بە پاکداوێن ناسرابوو کە لەناو هۆزەکەیدا بە ئافرەتە پاکەکە ناوى دەرچووبوو. 
خەدیجە سامانێکى زۆری هەبوو، بۆیە داواى لە پیاوانێکى شارەزا دەکرد کارى بازرگانى بۆ بکەن، بەرامبەر بەوە بڕێک قازانجى دەدا پێیان، جا کاتێک راستگۆیی و دەستپاکى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست، بڕیاریدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مامەڵە بکات،  ئەوەبوو سەرسامى رەوشتبەرزیى و تایبەتمەندیى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و پێشنیازى خۆی کرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا ببێتە هاوسەری. 
ماوەى پێکەوە ژیانی پێغەمبەرى خوا و خەدیجە، نزیکەى بیست و پێنج ساڵ بوو.
خەدیجە لە ماوەى ژیانى لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، زۆر رێزى لێ دەگرت و بە گەورە تەماشاى دەکرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر چی بفەرموایە ئەو بڕواى پێدەکرد. 
خەدیجە یەکەم کەس بوو باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەمەش کۆدەنگى هەموو موسڵمانانى لەسەرە. 
کاتێک پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سروشی بۆ دابەزى جۆرێک لە دڵەخورپێ دایگرت و گەڕایەوە ماڵەوە بۆ لاى خەدیجەى کچی خوەیلیدی خێزانى، فەرمووى:  (دامپۆشن، دامپۆشن)، دایانپۆشی تا حاڵی ئاسایی بوویەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بارەکەى گێڕایەوە بۆ خەدیجەو فەرمووى: (لقد خشیت على نفسی)، (بەراستی لە حاڵی خۆم دەترسم)، خەدیجەش پێی وت: نەبەخوا هەرگیز خوا سەرشۆڕ و شکت خواردەت ناکات، چونکە تۆ پەیوەندى خزمایەتی دەگەیەنیت و ئەرکی قورس و هاوکارى لەئەستۆ دەگریت و دەستگرۆیی هەژار و مایەپووچان دەکەیت و رێزى میوان دەگریت و خزمەتى دەکەیت و پاڵپشت و دڵدەرەوەى بارشێواوانیت، ئینجا پاش ئەو دڵدانەوەیە، خەدیجە پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) برد بۆ لاى وەرەقەى کوڕی نەوفەل کە کابرایەکى نەصرانى بوو و نووسینی عیبرانیشی دەزانى، کابرایەکى پیری نابینا بوو، خەدیجە پێی وت ئامۆزاکەم گوێ لە برازاکەت بگرە، وەرەقە بە وردى گوێی گرت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواجار پێی وت کە ئەو بووە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). 
خەدیجە پشتیوانێکى گەورە بوو بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵکو هەرکات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەرەوە بە دەست بێباوەڕانەوە قسەی ناخۆشی بەرامبەر بکرایە، کە دەگەڕایەوە ماڵەوە، خەدیجە دڵی هێور دەکردەوەو خەفەتى سەر شانى لادەبرد. 
خەدیجە دایکی هەموو منداڵەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو جگە لە ئیبراهیم کە لە ماریە بوو، ئەم مندالآنەى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو:(قاسم کە کوڕە گەورەى بوو،  عەبدولآ ناسراو بە طهیب و طاهیر، روقییە کە کچە گەورەى بوو، زەینەب، ئومموكلثوم، فاتیمە)،  هەموو کوڕەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەدیجەوە پێش دابەزینی سروش وەفاتیان کرد، بەلآم کچەکانى مانەوە تا ئیسلام هات و باوەڕیان هێنا بە ئیسلام و کۆچیان کرد بۆ مەدینە. 
خەدیجە زۆر خواناس بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موژدەى پێدابوو کە لە بەهەشتدا خانوویەکى هەیە. 
دواجار خەدیجە، سێ ساڵ پێش کۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە، کۆچی دوایی کرد. 
خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەدیجە، بە مەرگى خەدیجە کۆتایی پێ نەهات، بەڵکو زۆرجار بە چاکە باسی دەکرد، تەنانەت رێزی هاوڕێکانى خەدیجەى دەگرت.
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)