ئەبوو مووساى ئەشعەرى (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی قەیسى کوڕی سولەیمەو کونیەکەى ئەبوومووساى ئەشعەریەو زیاتر بە کونیەکەى ناسراوە.  
ئەبوومووساى ئەشعەرى هاودەم بە براکانى و ژمارەیەک لە ئەشعەریەکان هاتە مەککەو لەوێ لەگەڵ ئەبووئوحەیحە هاوپەیمانى بەست، دواتر لەوێ موسڵمان بوو و کۆچی کرد بۆ حەبەشە، رایەکیش دەڵێت بەڵکو نەچوو بۆ حەبەشەو گەڕایەوە بۆ ناوچەی خۆی و دواتر هاودەم بە براکانى کە هات بەرەو مەدینە، لە رێدا گەیشت بەو کۆچەریانەى لە حەبەشەوە دەگەڕانەوەو دەهاتن بۆ مەدینە. 
ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت کاتێک بڕیار بوو ئەشعەریەکان بێن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (سبەینێ خەڵکانێ دێن بۆ لاتان کە دڵیان بۆ ئیسلام لە ئێوە زۆر ناسکترە)، ئەوەبو ئەشعەریەکان هاتن و ئەبوو مووساى ئەشعەریش لەناویاندا بوو، کە گەیشتنە مەدینە تەوقەیان دەست پێکرد، ئەوان یەکەم کەس بوون تەوقەیان داهێنا. 
ئەبوو مووسا دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو بۆ قورئان خوێندن، جارێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) گوێی لێ بوو ئەبوو مووسا قورئانى دەخوێند، فەرمووى(بەڕاستی ئەمە ئاوازێکی ئالى داوودى پێدراوە). 
عومەرى کوڕی خەططاب زۆر جار دەیوت ئەی ئەبوومووسا، وەرەو یادى پەروەردگارمان بخەرەوە، ئەویش بە دەنگى خۆش لە کۆڕەکەدا قورئانى دەخوێند. 
لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) چوار کەس لە مزگەوتى پێغەمبەردا (صلى الله عليە وسلم) فەتوایان دەدا کە بریتی بوون لە عومەرى کوڕی خەططاب و عەلى کوڕی ئەبوو طالیب و موعاذى کوڕی جەبەل وئەبوو مووساى ئەشعەرى. 
ئەبوو مووسا دەڵێت  جارێک لەگەڵ دوو کەس لە ئەشعەریەکان چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەو دوانە داواى پۆستیان کرد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى(ئەی ئەبوو مووسا)، وتم سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە نەیانوتووە چ نیازێکیان هەیە و ئاگادار نەبوم بۆ داواى پۆست هاتون، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرموى(ئێمە کەسێک ناکەین بە بەرپرسی کارێکمان کە خۆی بیەوێت، بەلآم تۆ ئەی ئەبوو مووسا بڕۆ بۆ یەمەن) دواى ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) موعاذی کوڕی جەبەلیشی نارد بۆ یەمەن. 
ئەبوو مووسا لە سەردەمى خیلافەتى عومەڕی کوڕی خەططابدا والى بەصرە بوو، ئەمەش لە ساڵی حەڤدەى کۆچی و دواى لابردنى موغیرە، ئینجا عومەرى کوڕی خەططاب نامەى بۆ نووسی بڕۆ بەرەو ئەهواز، ئەویش چوو بەرەو ئەهواز و فەتحى کرد، هەروەها لە ساڵی بیست و سێی کۆچیدا ئەصبەهانى فەتح کرد. 
لە ساڵی هەژدەى کۆچیدا ئەبوو مووساى ئەشعەری ناوچەی روها و سومەیساطى فەتح کرد. 
کاتێک عوثمانى کوڕی عەففان بوو بە خەلیفە، عوثمان ئەبوو مووساى لە پۆستەکەى هێشتەوە، دواتر لایبرد و ئیبن عامیری لە شوێنیدا دانا، ئەبوو مووسایش لە بەصرەوە چوو بۆ کووفەو لەوێ مایەوە، کە عەلى کوڕی ئەبوو تالیب بوو بە خەلیفە ئەبوو مووساى لە والیەتى کووفە لابرد. 
کاتێک عەلى کوڕی ئەبووطالیب و موعاویەی کوڕی ئەبووسوفیان رێککەوتن لەسەر دانانى دوو دادوەر بۆ چارەسەری کێشەی نێوانیان و پێدانى دەسەلآتى تەواو پێیان تا بڕیاری کۆتایی بدەن، موعاویەی کوڕی ئەبووسوفیان عەمرى کوڕی عاصی راسپارد، عەلى کوڕی ئەبووطالیبیش ئەبوو مووساى ئەشعەرى راسپارد. 
لەو بارەیەوە بڕێک گێڕانەوە باسکراون کە زیاتر دەمارگیری توندى مەزهەبیی پێوە دیارەو زۆر دووبارەبوونەوەشی لە سەرچاوەکاندا تەنها لەم بنەڕەتەوەیە.
ئەبوو موساى ئەشعەرى کەسێکى زۆر بەشەرم بوو، ئەوەتا خۆی دەڵێت لەتاو شەرمم لە خوا لە شوێنی تاریکدا خۆم دەشۆم و لەکاتى خۆشۆردنیشدا خۆم دەچەمێنمەوە. 
ئەبوو مووساى ئەشعەری یەکێکە لەو هاوەلآنەى کە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليە وسلم) گێڕاوەتەوە.

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)