عەبدولآى کوڕی عەبباس(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەبدولآى کوڕی عەبباسی کوڕی عەبدولموطه لیبی هاشمیە، کونیەکەى ئەبولعەبباسەو ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم)  و یەکێکە لە زانایانى ناو هاوەلآن.
عەبدولآى کوڕی عەبباس لە شیوی بەنی هاشم لە گەرمەى ئابڵووقەى قوڕەیشیەکان بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و موسڵمانان لەدایک بوو. 
ئیبن عەبباس لە مەککە، لە نزیک دایک و باوکیەوە گەورە بوو، هەر لەوێ مایەوە هەتا لە فەتحى مەککەدا چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و ماوەى (30) سی مانگ لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليە وسلم) بوو. 
ئیبن عەبباس دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) منى گوشی بە خۆیدا و فەرمووى(خوایە شارەزاى بکە لە قورئان). 
ئیبن عەبباس دەڵێت: جارێک لەگەڵ باوکم لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بووین، کابرایەک لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بوو کە پێکەوە قسەیان دەکرد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پشتی کردبوو لە باوکم، لەلاى چووینە دەرەوەو باوکم پێی وتم: کوڕی شیرینم، بینیت ئامۆزاکەت چۆن پشتی تێکردبووم؟ منیش وتم: باوکە گیان، ئەو کابرایەکى لابوو پێکەوە قسەیان دەکرد، ئەوەبوو گەڕاینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، باوکم وتى: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئاواو ئاوام وت بە عەبدولآ و ئەویش پێی وتم کە تۆ کەسێکت لا بووەو قسەی لەگەڵ کردویت، مەگەر تۆ کەست لابوو؟ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووىک ئەى عەبدولآ ئایا تۆ ئەوت بینی؟ وتم: بەڵێ، فەرمووى(دەى ئەوە جیبریل بوو، بەهۆی ئەوەوە ئاگادارى تۆ نەبووم). 
عومەرى کوڕی خەططاب لە ماوەى خیلافەتى خۆیدا ئیبن عەبباسی زۆر لە خۆی نزیک رادەگرت و زۆر راوێژی پێدەکرد و راى ئەوى زۆر لا گرنگ بوو، ئەوەبوو جارێک هەندێ لە کۆچەران گلەییان لێکرد کە بۆچی ئیبن عەبباس لەوان زیاتر لە خۆی نزیک دەکاتەوە. 
ئیبن عەبباس لە سەردەمى هەریەک لە عومەرى کوڕی خەططاب و عوثمانى کوڕی عەففانیشدا فەتواى دەدا بۆ خەڵک. 
لە ناو سوپاکەى عەبدولآى کوڕی سەعددا بەشدارى فتووحاتى ئەفریقیاى کرد. 
خەڵکی مەدینە داوایان کرد ئیبن عەبباس سەرپەرشتی حەجیان بکات، ئەویش چوو بۆ لاى خەلیفە عوثمانى کوڕی عەففان و خەلیفەش رایسپارد بۆ ئەو کارە، تا ئیبن عەبباس چوو حەجەکەى کرد و هاتەوە، دەبینێت خەلیفە کوژراوە. 
لە خیلافەتى عەلى کوڕی ئەبووتالیبدا، ئیبن عەبباس هەوادار و پاڵپشتی خەلیفە بوو.
هەروەها ئیبن عەبباس لە جەنگى خەواریجەکانیشدا بەشدارى کرد و پاڵپشتێکی گەورەى عەلى کوڕی ئەبووطالیب بوو. 
ئیبن عەبباس لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا رێز و خۆشەویستیەکى زۆرى هەبوو، جارێک موعاویە چوو بۆ حەج وئیبن عەبباسیشی لەگەڵ بوو، کە خەڵکەکە زانییان ئیبن عەبباسی لێیە، نیوەى جەماوەر لە کاروانى ئیبن عەبباسدا بوون و نیوەی تریان لە کاروانى موعاویەدا بوون، چونکە خەڵکەکە دەیانویست زانست لە ئیبن عەبباس وەربگرن. 
دواجار عەبدولآ لە ناوچەی طائیف و لە ساڵی شەست و حەوت یان شەست و هەشتی کۆچیدا وەفاتى کرد،  ئەوکاتیش تەمەنى حەفتاو دوو ساڵ دەبوو، ئیبنولحەنەفیەش نوێژی لەسەر کرد. 
ئیبن عەبباس کەسێکى بەخۆ و کەڵەگەت بوو، زۆر کەشخە بوو، خەنەى بەکاردەهێنا، جلى جوانى دەپۆشی و زۆر بۆنى خۆشی بەکاردەهێنا، رەنگى سپى بوو. 
عەبدولآى کوڕی عەبباس زۆر رێزی هاوەلآنى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليە وسلم) لابوو، ئەوانیش زۆر رێزیان لێدەگرت.
خۆى دەڵێت: جار هەبوو بۆ یەک بابەت پرسیارم لە (30) هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەکرد. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)