عەممارى کوڕی یاسر (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەممارى کوڕی یاسری کوڕی عەنەسیە، کونیەکەی ئەبولیەقظانە. 
یاسری باوکی، هاودەم بە مالیک و حارثى براى، لە یەمەنەوە هات بۆ مەککەو لەوێ بە دواى برایەکیاندا دەگەڕان، دوو براکەى گەڕانەوە، بەلآم یاسر لەوێ مایەوەو لاى ئەبووحوذەیفە مایەوە، ئەویش کەنیزەکێکی هەبوو بە ناوى سومەییەو ئەو کەنیزەکەى لێ مارە کرد، منداڵێکیان بوو بە ناوى عەممار، ئیتر ئەبووحوذەیفە ئازادى کرد، دواتر ئەبووحوذەیفە وەفاتى کرد، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) پەیامى خواى بۆ هات، عەممار هاودەم بە دایک و باوکى و عەبدولآى برایشی موسڵمان بوو. 
هەریەک لە سومەییە و یاسری هاوسەرى و عەمماری کوڕی لە یەکەمین موسڵمان بووەکان بوون. 
سومەییەى دایکى ئافرەتێکى پیری بە تەمەنى لاواز بوو،  کاتێک سومەییە موسڵمان بوو، ئەبووجەهل لەسەر موسڵمانبوونەکەى زۆر ئازارى دەدا، جلى ئاسنینی دەکردە بەرى و لەبەر گەرماى مەککەدا سزاى دەدا، دواجاریش  شەهیدى کرد. 
لە جەنگى بەدردا کە ئەبووجەهل کوژرا، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە عەممارى فەرموو (خوا بکوژەکەى دایکتى کوشت). 
عەممارى کوڕی یاسر یەکێک بوو لەو حەوت کەسە یەکەمەى کە لە مەککە ئیمانى خۆیان ئاشکراکرد، ئەوانیش بریتی بوون لە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و ئەبووبەکر و بیلال و صوهەیب و خەبباب و عەممار و سومەییە. 
کاتێک عەممار و دایک و باوکى سزا دەدران، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دەیفەرموو (خۆڕاگر بن ئەى خێزانى یاسر، وادەتان بەهەشتە).
بێباوەڕان هێندە سزاى عەمماریان دا تا ناچاریان کرد قسە بڵێت بە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، ئینجا وازیان لێهێنا، دواتر کە عەممار چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، وتى: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) وازم لێنەهێنرا تا قسەم بە تۆ وت و بە چاکە باسی خواوەندەکانى ئەوانم کرد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (دڵت چۆن بوو؟) وتى: تەواو دڵنیایە بەئیمان، فەرمووى (ئەگەر هەمدى ناچاریان کردیت، وا بکەرەوە)
عەممار دواتر کۆچی کرد بۆ مەدینەو لە هەریەک لە غەزاکانى بەدر و ئوحود و خەندەق و بەیعەتى ريضوانیشدا بەشدارى کرد. 
عەممار یەکەم کەس بوو لە ئیسلامدا مزگەوتى دروست کرد، کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە رێی کۆچدا بوو، عەممار وتى: دەبێت شوێنێک هەبێت بۆ سێبەر و نوێژکردنى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، بۆیە بە بەرد مزگەوتى قوبائی دروست کرد. 
لە کاتى هەڵکەندنى خەندەقدا، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) سەری عەممارى دەتەکاند و دەیفەرموو (دەستەیەکی یاخیبوو دەتکوژن). 
هەروەها پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دەیفەرموو (هەرکەس دژایەتى عەممار بکات خوا دژایەتى دەکات).  
عەلى کوڕی ئەبووطالیب دەڵێت جارێک لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) دانیشتبووین کە عەممار هات و داواى مۆڵەتى کرد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (مۆڵەتى بدەن، مەرحەبا لە پاکى پاکى پێبەخشراو). 
عائیشەی دایکی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دەیفەرموو (عەممار هەر کات دوو پرسی بۆ بخرێتە روو، ئەوە دروستترینیان هەڵدەبژێرێت). 
بە دڵنیاییشەوە لە سەردەمى خیلافەتى عەلى کوڕی ئەبووطالیبدا عەممار رێی راستی هەڵبژارد و کەوتە شوێن ئیجتیهادەکەى عەلى و تا شەهیدبوونى دەستبەردا نەبوو لێی و پشتیوانى بوو.
شەهیدکردنەکەشی لە ساڵی سی و حەوتى کۆچیدا بوو، لە جلەکانى خۆیدا کفن کرا، کاتێک عەممار شەهید کرا، تەمەنى لە نەوەد ساڵ زیاتر دەبوو. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)