فاطيمه ى زەهرا ء (رضي الله عنها)

ناوى فاطيمه ى کچی موحەممەدى کوڕی عەبدولآیە، باوکى سەردارى مرۆڤایەتى و ئازیزی ئیماندارانە، موحەممەدى نێردراوى خوایە. 
دایکی ناوى خەدیجەی کچی خوەیلیدە، دایکی باوەڕداران و موژدەپێدراوى بەهەشت و یەکەم و خۆشەویستترین هاوسەری پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليە وسلم).
مێردەکەى فاطيمه، ناوى عەلى کوڕی ئەبووطالیبە، ئامۆزاو زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت و مەولاى موسڵمانان و خەلیفەى چوارەمى باوەڕدارانە.
فاطيمه دایکى حەسەن و حوسەینى رەیحانەکانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و گەورەى گەنجانى بەهەشتە.
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لەگەڵ ئاشکراکردنى بانگەوازەکەدا، دەیفەرموو (ئەى فاطيمهى چی موحەممەد چەندە لە سامانى منت دەوێت داواى بکە، بەلآم لاى خوا هیچم پێ ناکرێت بۆت). 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کۆچی کرد بۆ مەدینە، پاش ماوەیەک زەید و ئەبوورافیعی بە دوو وشترەوە نارد بۆ مەککە هەتا فاتیمەو ئومموكلثوم و سەودە و ئومموئەیمەن و ئوسامەى کوڕی زەید بهێنن بۆ مەدینە. 
هاوسەرگیری عەلى کوڕی ئەبووطالیب و فاطيمه ى کچی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، لە مانگى ذیلقەعدە یان کەمێک پێش مانگى ذیلقەعدەى ساڵی دووەمى کۆچیدا بوو، واتە لە پاش جەنگى بەدر،  مارەییەکەشی قەڵغانێک بوو.
کاتێک عەلى ویستی هاوسەرگیری لەگەڵ فاتیمە بکات، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى هیچت هەیە؟ عەلى وتى هیچم نیە، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى ئەی قەڵغانە قورسەکەت کوا؟ وتى: لاى خۆمە، ئەوەبوو ئەو قەڵغانەى دا بە فاتیمە. 
گواستنەوەى فاطيمه لە دواى غەزاى ئوحود بوو،  ئەوکات تەمەنى نزیکەی پانزە ساڵ و پێنج مانگ بوو. 
لە غەزاى ئوحوددا کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بریندار بوو، فاطيمهى کچی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و عەلى کوڕی ئەبووطالیب، برینەکەى پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليە وسلم) دەشۆرد، عەلى ئاوى دەکرد بە دەستی فاطيمهدا و فاطيمهش برینەکەى دەشۆرد. 
جارێک فاطيمه لاى باوکى سکالآى کرد کە لەدەست کار و هەویر شێلان چی بە دەستەکانى هاتووە، بۆیە چوو بۆ لاى باوکى هەتا داواى خزمەتکارێک بکات، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لەوێ نەبوو، کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) هاتەوە، عائیشە پێی وت فاطيمه بۆ شتێکی لەو جۆرە هاتووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) چوو بۆ ماڵەوەو عەلى و فاطيمهش لە جێگەدا بوون، ویستیان هەستن، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى لە شوێنی خۆتاندا بن، ئینجا هات و لەلایان دانیشت، فەرمووى (ئایا شتێکی باشتر لەوەتان پێ نیشان نەدەم کە داواتان کردبوون، کە چوونە ناو جێگەکەتان سی و سێ جار سوبحانەلآ و سی و سێ جار الحمد لله و سی و چوار جار الله أکبر بکەن، ئەوە زۆر بۆتان باشترە لە خزمەتکارێک).  
عائیشە باسى کاتى سەرەمەرگى پێغەمبەرى خواى دەکرد و دەیوت: فاطيمه هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، کە دەچوو بەڕێدا دەتوت هەمان رێکردنى پێغەمبەرە(صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى مەرحەبا لە کچەکەم، ئینجا لاى خۆیەوە داینیشاند، دواتر چپەیەکی بۆ کرد و فاطيمه گریا، وتم بۆچی دەگریت؟ دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) چپەیەکی تری بۆ کرد و فاطيمه دەستی کرد بە پێکەنین، منیش وتم تا ئێستا نەمدیوە خەم و خۆشی ئاوا لەیەک نزیک بن، وتم چۆن بوو واگریایت و دواتر پێکەنیت؟ فاتیمەش وتى نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئاشکرا ناکەم، دواتر کە پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) وەفاتى کرد، چووم هەمان پرسیارم کردەوە لە فاطيمه، ئەویش وتى چپاندى بە گوێمدا (جیبریل هەموو ساڵێک یەک جار قورئانى لەگەڵ دەور دەکردمەوە، ئەمساڵ دوو جار لەگەڵم دەورى کردەوە، وادەزانم ئەمە ئاماژەی مەرگمە، تۆیش یەکەم کەسیت بە من دەگەیتەوە)، منیش دەستم کرد بە گریان، دواتر فەرمووى (ئایا رازى نابیت تۆ گەورەى ژنانى بەهەشت –یان گەورەی ژنانى باوەڕداران- بیت؟) منیش بەوە پێکەنیم. 
پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و بەیعەتدان بە ئەبووبەکری صدیق، فاطيمه ى کچی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و عەبباسی مامى پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) چوون بۆ لاى ئەبووبەکرو داواى میراتییان کرد، ئەبووبەکریش پێی راگەیاندن کە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) فەرموویەتى دواى خۆی میراتى جێناهێڵێت و هەرچی جێهێشت ئەوە صەدەقەیە. 
کاتێک فاطيمه نەخۆش بوو، ئەبووبەکر چوو بۆ لاى و داواى مۆڵەتى کرد تا فاتیمە ببینێت، عەلى وتى ئەی فاطيمه ئەوە ئەبووبەکرە هاتووە بۆ لات و داواى مۆڵەت دەکات، ئەویش وتى حەز دەکەیت مۆڵەتى بدەم؟ عەلى وتى بەڵێ، فاطيمهش مۆڵەتى پێدا، ئەبووبەکر هاتە ژوورەوەو هەوڵی دەدا دڵی فاطيمه بهێنێتەوەو وتى سوێند بەخوا چی سامان و کەسوکار و عەشیرەتم وەلاناوە تەنها لەبەر رەزامەندى خواو پێغەمبەرەکەى و رەزامەندى ئێوەى ئالوبەیت بووە، ئیتر دڵی فاطيمهى دەهێنایەوە هەتا فاطيمه رازى بوو. 
فاطيمه شەش مانگ دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ژیاو لە تەمەنێکی کەمدا کۆچی دوایی کرد، لە تەمەنى بیست و چوار ساڵیدا کۆچى دوایی کرد. 
عائیشەی دایکی باوەڕداران دەڵێت: هیچ کەسم نەدیوە هێندەى فاطيمه هەڵسوکەوت و قسەکردنى لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بچێت، هەرکات فاطيمه دەچوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) لەبەرى هەڵدەسا و ماچی دەکرد و بەخێرهاتنى دەکرد و دەستی دەگرت و لە پاڵ خۆیدا دایدەنیشاند، هەرکاتیش پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بچوایە بۆ لاى فاطيمه، فاطيمه لەبەرى هەڵدەسا و ماچی دەکرد و دەستی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليە وسلم) دەگرت و ماچی دەکرد. 

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)