عەمرى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عەمرى کوڕی عاصی کوڕی وائیلى سەهمیە، یەکێکە لە هاوەڵە دیارەکان و سەرکردەیەکى بەرچاوى ناو مێژووی ئیسلامى.
عەمر لە ناو قوڕەیشدا پێگەو ناوبانگى هەبوو، بەلآم ئەو توانایەى هەیبوو بۆ دژایەتى کردنى موسڵمانان بەکارى دەهێنا تا ئەو کاتەى موسڵمان بوو.
لە سەردەمی بێباوەڕیدا، هەوڵێکی زۆری دا بۆ گێڕانەوەى موسڵمانانى حەبەشە و تەنگەتاوکردنیان لە خاکى حەبەشەدا، چونکە دۆستى نەججاشی بوو، بەلآم هەوڵەکەى سەری نەگرت.
عەمر لە جەنگى ئوحوددا لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بەشدارى کرد و هاودەم بە خۆیشی ژنەکەشی برد. 
لە جەنگى خەندەقیشدا دووبارە بەشدارى کرد. 
لە دواى جەنگى خەندەق، عەمرى کوڕی عاص بڕیاری دا کۆچ بکات بۆ حەبەشە، نەبادا بکەوێتە ژێر دەسەلآتى موسڵمانانەوە، کەچی لەوێ لەلایەن نەججاشییەوە بانگهێشت کرا بۆ ئیسلام، ئەویش قەناعەتى کرد و گەڕایەوە، دواتر چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا و باوەڕی هێنا.
موسڵمانبوونى عەمرى کوڕی عاص هاودەم بوو بە موسڵمانبوونى خالیدی کوڕی وەلید، و عوثمانى کوڕی طهلحە، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) زۆر دڵخۆش بوو بە موسڵمانبوونیان. 
پاش موسڵمانبوونی، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليە وسلم) سەرکردایەتی چەند سەریەیەکی سپارد بە عەمرى کوڕی عاص، ئەویش لە هەموویاندا سەرکەوتوانە دەگەڕایەوە.
لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەکری صدیقیشدا بەشداریی فتووحاتى شامى کرد و رۆڵی کاراى بینی.
لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەططابيشدا، عەمرى کوڕی عاص لە جەنگى ئەجنادەیندا سەرکردایەتى سوپاى موسڵمانانى دەکرد و توانى سوپاى رۆمەکان تێکبشکێنێت. 
دواى ئەوە عەمر داواى ناردنى سوپاى پشتیوانى لە عومەرى کوڕی خەططاب کرد تا درێژە بە فتووحات بدات.  
پاش ئەوەى فەتحى شام تەواو بوو، عومەرى کوڕی خەططاب عەمری کوڕی عاصی نارد بۆ میصر تا فتووحاتى میصر بکات، عەمریش بە سەرکەوتوویی ئەرکەکەى بەجێگەیاند و لەوێ بە والیەتى میصر مایەوەو کاروبارى میصری بەدەستەوە بوو تا سەردەمى خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففانیش،  هەر لە ماوەى والیەتیدا فتووحاتى زۆر ناوچەی تری کرد. 
عەمرى کوڕی عاص لە خیلافەتى عوثمانى کوڕی عەففاندا دڵسۆزی خەلیفە بوو، خەلیفەش لە مەسەلەکاندا راوێژی پێدەکرد و راى وەردەگرت. 
لە ساڵی بیست و پێنجی کۆچیدا خەلیفە عوثمانى کوڕی عەففان عەمرى کوڕی عاصی لە والیەتى میصر لابرد و عەبدولآى کوڕی سەعدى لە شوێنەکەى دانا.  
پاش شەهیدکردنى عوثمانى کوڕی عەففان، عەمر هاودەم بە موعاویە هەڵوێستی تۆڵەسەندنەوەى بەرامبەر بە بکوژانى عوسمان هەڵبژارد و بەیعەتى نەدا بە خەلیفە عەلى کوڕی ئەبووطالیب. 
پاش جەنگى صفین، کە بڕیار درا، دوو کەس داوەریی نێوان موسڵمانان بکەن، عەمرى کوڕی عاص لە بەرەی موعاویە و ئەبوومووساى ئەشعەری، لە بەرەی عەلى کوڕى ئەبووتالیبەوە دەستنیشان کران، جا پڕوپاگەندەى زۆر و گێڕانەوەى نادروست دراوەتە پاڵ ئەو دوو هاوەڵە لە بەجێگەیاندنى ئەو ئەرکەیاندا.
سێ کەس لە خەواریجەکان پیلانیان دانا بۆ کوشتنی هەریەک لە عەلى و موعاویە و عەمر، ئەوەبوو لە شەهیدکردنى عەلیدا سەرکەوتوو بوون، بەلآم لەو دوانەکەى تردا، پیلانەکەیان ئامانجى خۆى نەپێکا.
دواجار عەمری کوڕی عاص لە ساڵی چل و سێی کۆچیدا وەفاتى کرد.  

............ 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح


بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)