ثابتى كوڕى قەيس (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى ثابتى کوڕی قەیسی کوڕی شەمماسە، هاوەڵی دیارى ناو پشتیوانان و وتاربێژیان بوو، هەروەک وتاربێژی خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو. 
ثابت لە غەزاى ئوحود و غەزاکانى دواتریشدا بەشدارى کرد و تا دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا. 
هەروەها ثابتى کوڕی قەیس نووسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو. 
کاتێک وەفدى تەمیم هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، کەسێکیان هەستا و وتارێکی بەهێزیى پێشکەش کرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە ثابیتى کوڕی قەیسی فەرموو: هەستەو وەڵامى بدەرەوە، ئەویش هەستا و وەڵامێکى بەهێزیى دایەوە. 
جارێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ثابتى کوڕی قەیسی پرسی و فەرمووى (کێ هەواڵیم بۆ وەردەگرێت)، پیاوێک وتى: من ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی وەردەگرم بۆت، ئەوەبوو چوویە ماڵی ثابت سەیری کرد ثابت بە بێتاقەتى و کزۆڵی لە ماڵەوە دانیشتووە، وتى ئەوە چیتە بۆ وایت؟ ثابت وتى: من لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەنگم بەسەر دەنگى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەرز دەکردەوە، هەرکەسیش وابکات کارە چاکەکانى پووچەڵ دەبنەوەو شوێنی دۆزەخە، کابرا گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەکەى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کابراى ناردەوە بۆ لاى ثابت و فەرمووى: بڕۆ بۆ لاى و پێی بڵێ (تۆ لە ئەهلى دۆزەخیەکان نیت، بەڵکو لە ئەهلى بەهەشتیەکانیت). 
ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: دەمانبیبی ثابتى کوڕی قەیس لەنێوماندا دەهات و دەچوو و ئێمەش دەمانزانى لە ئەهلى بەهەشتە. 
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو  (ثابتى کوڕی قەیس پیاوێکی باشە). 
کاتێک موسەیلەمە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەرجى ئەوەى دانا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى خۆی پێغەمبەرایەتى بدات بە موسەیلەمەو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رازى نەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەوە ثابتە لە برى من وەڵامت دەداتەوە). 
ثابت لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەکرى صدیقدا لە جەنگى یەمامەدا دژ بە هەڵگەڕاوەکان بەشدارى کردو تیایدا شەهید بوو. 
بەسەرهاتێک سەبارەت بە رووداوى دواى کوژرانى هاتووە کە دەڵێت کاتێک ثابتى کوڕی قەیسی کوڕی شەمماس کوژرا قەڵغانێکی گرانبەهاى لەبەر بوو، کەسێک لە موسڵمانان هات و بردى بۆ خۆی، دواتر ثابت چووە خەوى موسڵمانێک و پێی وت وەسیەتێکت بۆ دەکەم تکام وایە نەڵێیت خەوەو پشتگوێیی بخەیت، من کە دوێنێ کوژرام کەسێک لە موسڵمانان هات و قەڵغانەکەى بردم و ماڵیشى لەوپەڕی شارەوەیە و لەوێ بەوجۆرە شاردوویەتیەوە، بڕۆ بۆ لاى خالید و داواى لێ بکە تا کەسێک بنێرێت ئەو قەڵغانەم وەربگرێتەوە، کە چوویتەوە مەدینە بیبە بۆ لاى خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێی بڵێ: من فلآنە قەرز و فلآنە قەرزم لەسەرە و فلآنە کۆیلەشم با ئازاد بێت، ئەوەبوو کابرا چوو و وایکرد و خەلیفەش وەسیەتەکەى بەجێگەیاند، ئەوەش تاکە وەسیەتى پاش مەرگە کە جێبەجێ کرابێت. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)