عوثمانى کوڕی مەظعوون (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى عوثمانى کوڕی مەظعوونى کوڕی حەبیبی جومەحیە،  عوثمان یەکێک بوو لەو کەسانەى کە لە سەردەمى نەفامیشدا مەى خواردنەوەى لەسەر خۆی قەدەغە کردبوو. 
موسڵمانبوونى عوثمانى کوڕی مەظعوون، هاوکات بوو لەگەڵ موسڵمانبوونى ئەبوعوبەیدەو عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفدا، ئەمەش پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بکات.
عوثمان هاودەم بەو هاوەلآنەى چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) باسی ئیسلامى کرد بۆیان و وردەکاریەکانى ئیسلامى خستەڕوو بۆیان، ئەوانیش موسڵمان بوون. 
عوثمانى کوڕی مەظعوون چواردەهەم کەس بوو لە مەککە موسڵمان بوو، دواتر بەشدارى کرد لە کۆچی حەبەشەدا و هاودەم بە خۆیشی سائیبی کوڕیشی بەشدارى کرد، دواتر کە هەواڵی وا گەیشت گوایە قوڕەیش موسڵمان بون، گەڕایەوە بۆ مەککەو لە پەناى وەلیدی کوڕی موغیرەدا بوو،  دواتر کە بینی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و هاوەلان لە چ بارێکدان، وتى: بەخوا ئەم پەنایەم ناوێت و بارەکەى ئەوان هەڵدەبژێرم، بۆیە چوو بۆ لاى وەلید و پەناکەى بۆ گێڕایەوە، وەلید هاودەم بە عوثمان چوو بۆ لاى کەعبەو بە هەموانى وت: وا عوثمان خۆی پەناکەى بۆ گێڕامەوە، عوثمانيش وتى: راست دەکات، ئەو کەسێکی بە وەفا و بەخشندە بوو، ئێستا حەز دەکەم تەنها پەناى خوام هەبێت و وا پەناکەم گێڕایەوە بۆ وەلید، پاشان عوثمان چوویە کۆڕی قوڕەیشیەکانەوەو لەبیدی کوڕی رەبیعەى قەیسیش لەوێ بوو، شیعرێکی وت کە کوفری تێدا بوو، عوثمان وتى: درۆ دەکەیت، خەڵکەکە داوایان کرد لەبید دووبارەى بکاتەوەو عوثمانيش هەمدى وتى: درۆت کرد، لەبید وتى: بەخوا ئەمە لە کۆڕی ئێوە ناچێت ئەی قوڕەیشیەکان، خێرا گەمژەیەکی قوڕەیشی هەستاو بۆگزێکی دا لە چاوى عوثمان، خەڵکەکە وتیان ئەی عوثمان پێشتر لە پەنایەکى چاکدا بوویت و چاوت کێشەی نەبوو، عوثمان وتى پەناى خوا دڵنیاتر و چاکترە و چاویشم کێشەی نیە و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و شوێنکەوتوانى پێشەنگى منن، وەلید وتی: دەتەوێت پەنات بدەم؟ وتى: نا تەنها پەناى خوام دەوێت. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) برایەتى خستە نێوان کۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عوثمانى کوڕی مەظعوون و عبباسی کوڕی عوبادەوە. 
عوثمانى کوڕی مەظعوون لە غەزاى بەدردا بەشدارى کرد، پاش غەزاى بەدر لە ساڵی دووەمى کۆچیدا وەفاتى کرد. 
کاتێک روقییەى کچى پێغەمبەر وەفاتى کرد، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (پەیوەست بە بە پێشینمان عوثمانى کوڕی مەظعوون)، پێشتر کە عوثمانى کوڕی مەظعوون وەفاتى کردبوو، ژنەکەى وتى بەهەشتت لێ پیرۆز بێت، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە توورەییەوە تەماشای کرد و فەرمووى تۆ چووزانیت؟ ئەویش وتى: ئەو سوارچاک و هاوەڵی تۆ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (سوێند بەخوا نازانم چی پێ دەکرێت)، ئیتر هاوەلآن ئەوەیان زۆر لەسەر سەخت بوو کە چۆن بۆ عوثمانى هاوەڵی هەرە چاک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) واى فەرموو، بەلآم کاتێک روقییە مرد و پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەوەى فەرموو ئیتر هاوەلآن تێگەیشتن مەبەستى شکاندنى عوسمان نەبووە. 

............. 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح


بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)